کوردەکان، کەوتنی عەفرین و پرسیارە بێ وەڵامەکان!

کوردەکان دەبێ ئەو ڕاستییەیان لە بیر بێت کە ئەمریکا بە دوای وەدی هێنانی خەون و ئامانجی کوردەکانەوە نییە، بەڵکوو تەنیا بە دوای بەهرە وەرگرتن لە کوردەکان بۆ قەیراننانەوە لە دژی دەوڵەتانی ناوچەیە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – مەسعوود ئەسەدوڵڵاهی: بلیمەتانی کورد لایان وایە جگە لە ئەمریکا، هەموو لایەک دەستیان لە کەوتنی عەفریندا بووە. بەڵام ئایا ئەمریکا و ترامپ دەستیان لەو کەوتنەدا نەبووە؟! مەگەر ئەمریکا و کوردەکان لە سووریا و لە رۆژهەڵاتی فوراتدا هاوپەیمان نەبوون؟! ئایا لە بە بڕوای ئەمریکا، کوردەکانی رۆژهەڵاتی فورات جیاوازن لە گەڵ کوردەکانی رۆژئاوای فورات؟

کوردەکان دەبێ ئەو ڕاستییەیان لە بیر بێت کە ئەمریکا بە دوای وەدی هێنانی خەون و ئامانجی کوردەکانەوە نییە، بەڵکوو تەنیا بە دوای بەهرە وەرگرتن لە کوردەکان بۆ قەیراننانەوە لە دژی دەوڵەتانی ناوچەیە و هەرکات دەکەوێتە سەر دووڕێیانی بەرژەوەندیی خۆی، هەر وەک چۆن لە بری پاڵپشتی لە بارزانی پاڵپشتیی لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق کرد، لە شەڕی سووریاشدا لە بری پاڵپشتی لە کوردەکان هەوڵی تۆکمەکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا داوە.

ڕەوشی ئەمریکا سەبارەت بە پاڵپشتیی کوردەکان لە گەڵ ڕوانگەی کوردەکان بە نیسبەتی هاوپەیمانی لە گەڵ ئەمریکا جیاوازە. ئەگەر کوردەکان چاوپۆشی لەو ڕاستییە بکەین، بەردەوام تووشی ڕاچڵەکان دێن، هەر وەک چۆن مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی ١٩٧٥، مەسعوود بارزانی لە ساڵی ٢٠١٧ و کوردەکانی سووریاش لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕاچڵەکان و پاڵپشتیی چاوەروان کراویان لە ئەمریکا نەبینی و پشتیان بەردرا.

لە گۆشەنیگای کوردەکانەوە، دەوڵەتی فیدراڵی کوردەکان یەکێک لە فاکتەرەکانی ئاسایشی پاوەجێی رۆژهەڵاتی ناڤین دەبێت! بەڵام لە ڕوانگەی ئەمریکاوە تۆکمەکردنی کوردەکان تەنیا لە بەستێنی قەیراننانەوە لە وڵاتانی ناوچەدا ئەنجام دەدرێت.   

درێژەی مانەوە و هەیمەنەی ئەمریکا بە سەر رۆژهەڵاتی ناڤیندا بە قەیراننانەوە و ناسەقامگیرکردنی ناوچە مومکینە نەک بە ئاسایشی پاوەجێ، چونکە ئەگەر ئاسایشی سەقامگیر و پاوەجێ بە سەر ناوچەدا زاڵ بێت، ئیتر پێویست بە بوونی ئەمریکا و کڕینی چەک لەو وڵاتە ناکات.

ئەگەر ئەمریکاییەکان لایان وایە کە دەوڵەتی فیدراڵی کورد دەبێتە هۆی پاوەجێی و سەقامگیریی ناوچە، ئەی بۆ هەرکات کوردەکان لە خەونەکەیان نزیک دەبنەوە، ئەمریکا خەیانتیان پێ دەکات و پشتیان لێ دەکات و لای نەیارانیان دەگرێت؟ سەیر ئەوەیە کە رێبەران و بەلیمەتانی کورد بۆ وەدی هێنانی خەون و ئامانجەکانیان دەستەوداوێنی ئەمریکا دەبن و بەردەوام تووشی ئەو هەڵە ستراتژیکە دێن.

لە پێنج ساڵی یەکەمی قەیرانی سووریا، دەوڵەتی ئەو وڵاتە دەسەڵات و سەروەریی زیاتر لە سەدا ٧٥ی وڵاتەکەی لە دەست دابوو، بەڵام لە ماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردوودا توانی لە سەدا ٦٥ی خاکی وڵاتەکەی بهێنێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی. بەڵام کوردەکان کە لە سەرەتای قەیرانەکانەوە بە سەر تەواوەتی ناوچەی عەفریندا زاڵ بوون، ئیستادا بە تەواوەتی دەسەڵاتی ئەو ناوچەیان دۆراندووە. کەواتە دۆڕاوی سەرەکیی شەڕی عەفرین کوردەکانن، نەک دەوڵەتی سووریا، چونکا ئەو دەوڵەتە ناوچەیەکی لە دەست داوە کە ٧ ساڵ لەوە پێش دۆراندبووی. بەڵام کوردەکان ناوچەیەکیان لە دەست دا کە ٧ ساڵ لە ژێر کۆنتڕۆڵیاندا بوو.    

بە ئاوردانەوە لە لێدوانەکانی ئەردۆغان، تورکیا پاش عەفرین هەوڵی داگیرکردنی کۆبانی و مەنبەجیش دەدا و بە پێی ڕێککەوتنێک کە لە ئەمریکاییەکان بوویەتی، کوردەکان لە رۆژئاوای فورات وەدەر دەنێت و تێکرایان دەنێرێتە رۆژهەڵاتی فورات. سەیر ئەوەیە کە ئەردۆغان قسە لە پاککردنەوەی رۆژهەڵاتی فورات تا سەر سنووری عێراقیش دەکات.

ئەگەر کوردەکان پاش شکستی عەفرین و لە دەستدانی ئەو ناوچەیە، بگەڕێنەوە بۆ باوەشی ئەمریکا، دەردەکەوێت کە رێبەرانی ئەوان هیچ فامست و ئاگادارییەکیان لەوەی بە سەر کوردەکانی سووریادا هاتووە، نییە و لە چاڵەوە دەکەونە چاڵاوەوە.

ئەوەی بۆ وێرانیی سووریا کرا، دۆخێکە کە لە عێراق، یەمەن، لیبیا و ئەفغانستانیشدا کرا، بەڵام نواندنەوەی ئەو دۆخە لە میدیاکاندا زۆر جیاوازە لە گەڵ واقیعی ڕووداوەکان.

شەڕی جۆرج بووش لە عێراق و ئەفغانستان، ڕێخۆشکەر بوو بۆ سەرهەڵدان و دەسەڵاتی گرووپگەلی تەکفیری و لە سەرووی هەموویانەوە داعش لە ناوچەدا کە لە گەڵ خۆی شەپۆلێکی وێرانی و جەنایەتی دژە مرۆیانەی بە دواوە بوو، بەڵام ئامانجی سەرەکی لە شەڕی سووریا کە ڕووخاندنی حکوومەتی ئەو وڵاتە بوو، نە تەنیا وەدی نەهات، بەڵکوو هەمدیسان سەروەریی دەوڵەتی سووریا بە سەر بەشێکی گەورە لە خاکی ئەو وڵاتە بووژایەوە.

شایەدی ئەو ئاستە لە وێرانیش لە عێراقێکدا بووین کە سوپای ئەمریکای لێیە. کەواتە دڵبەستن بە ئەمریکا لە لایەن رێبەران و بلیمەتانی کورد، دڵبەستن بە تراویلکەیەکە. ئەمریکا ئەگەر دەیەویست یان دەیتوانی هاوپەیمانێکی وەک شا، موبارک یان بێن عەلی دەپاراست. ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە مێژووی ٥٠ ساڵی ڕابردووی ناوچە نیشان دەدات کە دڵبەستن بە ئەمریکا جۆرێک خۆفریودانە.

ئەمریکا جگە لە ئیسرائیل، ڕوانینی بۆ تەواو ناوچە، ڕوانینێکی ئامێرانەیە و تەنیا بەهرە لە هاوپەیمانانی دەبات. بەڵام لە سەر دووڕێیانی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ئامادە نییە پاڵپشتیان لێ بکات. ئەمریکا ئەگەر لایەنگری ئامانجی کوردەکان بایە، لە ڕەوتی ڕیفراندۆم و پاشان وەرگرتنەوەی کەرکووک لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی عێراق، پاڵپشتی لە کوردەکان دەکرد.

ئەگەر ئەمریکا پاڵپشتی کوردەکان بایە، لانی کەم لە سەدا ١٠ی ئەو پاڵپشتییەی لە غەوتەی رۆژهەڵاتیی دیمەشق دەکرد، بۆ کوردەکانی عەفرینی خەرج دەکرد. ئایا بە لای ئەو کوردانەی کە دڵیان بە پاڵپشتیی ئەمریکا خۆش کردبوو، ئەو پرسیارە نایەتە ئاراوە کە بۆچی ئەمریکایەک کە ئەنجومەنی ئاسایش و میدیاگەلی رۆژئاوایی بەوە شێوە بۆ پاڵپشتیی غەوتەی رۆژهەڵاتی ڕێکدەخست، بۆ لە هەنای عەفرین بێدەنگ بوو و هیچ هەڵوێستێکی نەنواند؟

سەیر ئەوەیە کە ڕووداوەکانی عەفرین و غەوتە هاوکات بوون و بلیمەتانی کورد بێ هەڵوێستیی ئەمریکا و بێدەنگیی کوشەندەی ئەو وڵاتەیان هەمبەر بە عەفرین بینی و بەوەشەوە دیسان هیوایان هەر بە ئەمریکایە.

هەر بۆیە پێویستە بانگ بە گوێی رێبەران و بلیمەتانی کورددا بدرێت و پێیان بوترێت کە ئەو رێگەی ئێوە دەڕۆن دەگاتە وێرانە، نەک کوردستان.

News Code 17636

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 13 =