"ڕۆژان" هه‌وڵی کاری پڕۆفشناڵ ده‌دات

حه‌فته‌نامه‌ی ڕۆژان وه‌ک یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی مۆڵه‌تی بڵاو بوونه‌وه‌ی وه‌رگرت و له‌ سه‌ره‌تای به‌هاره‌وه‌ هه‌ر ڕۆژ ڕه‌وانه‌ی بازاری ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌ ئێران ده‌کرێت.

ئاژانسی مێهر، به‌شی کوردی؛ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ که‌ وه‌ک داواکارییه‌کی ڕه‌وا، چینی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردستانی ئێران داوا ده‌که‌ن که‌ مۆڵه‌تی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ به‌ حه‌فته‌نامه‌یه‌کی کوردی بدرێت. ئه‌م داواکارییه‌ له‌ دوای چه‌ندین ساڵ پێشوێن که‌وتن، ئه‌مساڵ هاته‌ دی و حه‌فته‌نامه‌ی ڕۆژان بۆ یه‌که‌م جار مۆڵه‌تی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی وه‌گرتووه‌ که‌ بڕیار وایه‌ له‌ به‌هاری ئه‌مساڵه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی بازاڕی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی بکرێت.

قسه‌ و باس له‌ سه‌ر بڵاو بوونه‌وه‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی یه‌کجار زۆره‌، به‌ تایبه‌ت که‌ بڕێک له‌ شاره‌زایانی ئه‌م بواره‌ له‌ سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که‌ بابه‌ته‌کانی ناوچه‌ کوردییه‌کانی ئێران له‌و ئاسته‌دا نییه‌ که‌ بتوانێت هه‌ر ڕۆژ ناوه‌ڕۆکی پێویست به‌ ڕۆژنامه‌یه‌ک پڕ بکاته‌وه‌.

هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ گفتوگۆیه‌کمان له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ئیمتیازی ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان، به‌ڕێز سلێمان ئه‌ڵامورادی ئه‌نجام داوه‌ که‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت.

* ئێوه‌ یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی که‌ خاوه‌ن ئه‌زموونن له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی، تکایه‌ سه‌ره‌تا ئاماژه‌یه‌ک بکه‌ن که‌ چون بوو هاتنه‌ ئه‌م بواره‌ و ئیشی ڕۆژنامه‌نووسیتان ده‌ست پێ کرد؟

له‌ سه‌رده‌می میرمنداڵییه‌وه‌ له‌ دوای کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری بووم و حه‌زم لێی بووه‌. له‌ هه‌مان قۆناغی کۆتایی خوێدن زنجیره‌یه‌ک چیرۆکی فلکلۆری کوردیم کۆ کرده‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ش هاوکات بوو له‌گه‌ڵ شۆڕشی خه‌ڵکی ئێران دژی شا و دواجار ئاڵۆز بوونی دۆخه‌که‌ و کوردستان و داخستنی زانکۆکانی به‌دوادا هات، منیش که‌ ژن و منداڵم هه‌بوو ناچار بووم بژێوی ڕۆژانه‌ش دابین بکه‌م. هه‌ر بۆیه‌ هه‌رگیز ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م بۆ نه‌ڕه‌خسا که‌ ئه‌و زنجیره‌ چیرۆکه‌ کوردییه‌ له‌ چاپ بده‌م.

ساڵی ۱۳۶۲ی هه‌تاوی چوومه‌ ته‌له‌فیزیۆنی ئێران و مه‌جالی باشترم به‌ ده‌ست هێنا که‌ زیاتر ئاوڕ له‌ کاری فه‌رهه‌نگی و ڕۆژنامه‌گه‌ری بده‌مه‌وه‌. من هه‌ر لێره‌ توانیم خوله‌کانی ڕۆژنامه‌وانی به‌ پله‌ی باش ته‌واو بکه‌م. بۆ من ده‌رفه‌تێکی زۆر باش بوو. له‌ بیره‌وه‌ییه‌ خۆشه‌کانیشم له‌م سه‌رده‌مه‌ دیداری مامۆستا هه‌ژار له‌ که‌ره‌ج بوو، له‌م دیدارانه‌ زۆر شت له‌م مامۆستا پایه‌به‌رزه‌ فێر بووم.

دوای ته‌واو کردنی خولی ڕاهێنانی مێدیایی له‌ ته‌له‌فیزیۆن له‌ به‌شی هه‌واڵی ته‌له‌فیزیۆن ده‌ست به‌ کار بووم، ئه‌وکات هه‌واڵه‌کانی به‌ره‌کانی شه‌ڕی عێراق له‌ دژی ئێران سه‌ره‌کی ترین جۆری هه‌واڵ بوون. منیش خۆم به‌ ده‌یان جار بۆ وه‌رگرتنی هه‌واڵ له‌گه‌ڵ کامێراوانه‌کانی ته‌له‌فیزیۆن چوومه‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕ. ئه‌مه‌ش ئه‌زموونێکی یه‌کجار باش بوو، یانی ئێمه‌ به‌ که‌مترین ئاسانکاری و ئامێر هه‌وڵمان ده‌دا له‌ دۆخێکی جه‌نگیدا باشترین جۆری هه‌واڵ بگوازینه‌وه‌.

جارێکیان کاتژمێر ۹ی شه‌و له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕه‌وه‌ گه‌یشتمه‌ ستۆدیۆی ته‌له‌فیزیۆنی سنه‌، ده‌بوایه‌ت سه‌ره‌تا و دوای تێست کردن ڕاپۆرته‌که‌ بڵاو ببوایه‌ته‌وه‌ به‌ڵام چون به‌شی هه‌واڵی ته‌له‌فیزیۆنی ئێران هه‌مان کاتژمێر ۹ بوو، هه‌مان ڕاپۆرت به‌ زیندوویی به‌ باشترین شێوه‌ و به‌ هه‌مان ئه‌و وێنانه‌ی تازه‌ گرتووبمان بڵاو کرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆر باشی هه‌بوو، واتا بوو به‌ سه‌ره‌تایه‌ک له‌ ئه‌زموونی باش بۆ من که‌ چۆن له‌ کاتێکی که‌م ده‌بێت هه‌واڵه‌کان بگوازینه‌وه‌.

وه‌ک وتم سه‌ره‌تای هه‌واڵنێری من به‌ ته‌له‌فیزیۆنه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد، ئه‌وکات مه‌جالی ئیمه‌ هه‌ر ئه‌مانه‌ بوون، دواجار من به‌ سه‌رپه‌ره‌شتی باڵای به‌شی هه‌واڵ له‌ ساڵی ۱۳۸۵ له‌ ته‌له‌فیزیۆنی سنه‌ خانه‌نشین کرام. له‌مه‌ به‌ دوا کاتی زیاترم بوو تاکوو بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ری ته‌رخانی بکه‌م. هه‌ڵبه‌ت له‌ ساڵه‌کانی ۷۰ی هه‌تاوییه‌وه‌ من له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی سه‌رتانسه‌ری که‌یهان هه‌ر ئیشم ده‌کرد، به‌ڵام له‌مه‌ به‌دوا مه‌جالی زیاترم هه‌بوو، یه‌ک ساڵ و نیو سه‌رپه‌ره‌شتی حه‌فته‌نامه‌ی سیروان بووم. له‌ ۹۲ به‌ملاشه‌وه‌ له‌ حه‌فته‌نامه‌ی ڕۆژان کار ده‌که‌م. 

* گرنگ ترین ڕووداوه‌ مێدیاییه‌کانی ژیانتان چی بوون؟

من له‌ زۆر ڕووداودا بووم له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵی کیمیاباران کردنی حه‌ڵبجه‌ به‌ ده‌ستی ڕژیمی سه‌دام به‌ ڕاسته‌وخۆ به‌شدار بووم، هه‌روه‌ها ڕۆڵی به‌رچاوم هه‌بوو له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵی ئه‌نفاڵ کردنی کوردی عێراق له‌ مێدیاکانی ئێران. له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵی کۆچی دوایی مه‌لا مسته‌فا ڕێبه‌ری مه‌زنی کوردی عێراق و گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌ی بۆ هه‌رێمیش به‌شداریم هه‌بوو.

ئێسته‌ش ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لاوی خۆم، هه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه‌ ده‌گرمه‌ به‌ر چون به‌ڕاستی ئیشی من ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌، شتێک که‌ چێژی لێده‌به‌م به‌ ده‌ستی خۆم نییه‌، هه‌ڵبه‌ت له‌ ژیانیشمدا زۆر گرێ کوێره‌ی کردووه‌ته‌وه‌. زۆر جار بووه‌ که‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵێکی بچووکی گوندشینێک یان منداڵێک ژیانی چه‌ندین که‌سی یه‌کسه‌ر گۆڕیوه‌. ئه‌مانه‌ش به‌ڕاستی چێز به‌خشه‌ بۆ ئێمه‌ی مێدیاکار.

با ئاماژەش بەم بابەتە بکەم کە ڕۆلی مێدیا ئێرانییه‌کان به‌ تایبه‌ت ڕۆژنامه‌نووسه‌ کورده‌کان له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کانی شه‌ڕی ئێران و عێراق به‌ تایبه‌ت شه‌ڕی نێوان هه‌رێم و به‌غدا یه‌کجار به‌رچاو بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌مدیوه‌ که‌س باسی ئه‌م چینه‌ بکات.

تیتری یه‌کی زۆربه‌ی مێدیا ئێرانییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ هێرشی کیمیایی سه‌دام حسه‌ین بۆ حه‌ڵه‌بجه‌ کاری مێدیاکاره‌ کورده‌کان بوو که‌ دواتر له‌م ڕێگه‌وه‌ میدیا جیهانییه‌کانیش له‌م کاره‌ساته‌ ئاگادار بوونه‌وه‌.

هه‌ر ئه‌مانه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ فه‌ڕه‌نسا به‌ پشتیوانی ئه‌مریکا ناوچه‌ی دژه‌ فڕین بۆ هه‌رێمی کوردستان جێگیر بکات.

* وه‌ک خۆشتان ده‌زانن بڵاو کردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ هه‌میشه‌ خواستی ڕۆژنامه‌نووسانی کورد بووه‌، چون بوو توانیتان ئه‌م مۆڵه‌ته‌ بۆ حه‌فته‌نامه‌ی ڕۆژان وه‌ربگرن؟

ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ ئێران له‌ سه‌رده‌می ئه‌زمون و خه‌تای خۆی دایه‌. هێشتا ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای به‌ کارهێنانی زانستی ئه‌م که‌رته‌ین. به‌ تایبه‌ت له‌ کوردستان چه‌له‌نجی گه‌وره‌ی له‌ به‌رده‌م دایه‌. هێزی لاوی باش هاتووه‌ته‌ ئه‌م ساحه‌یه‌ به‌ڵام زانست و ئه‌زموونی باشیان نییه‌. به‌ش به‌ حاڵی خۆم لام وایه‌ جیهانی مێدیا له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌کانی کۆمه‌ڵگا په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ و خێرایی و دروست گواستنه‌وه‌ له‌م بواره‌ یه‌کجار گرنگه‌. له‌ کۆمه‌لگای ئێمه‌ که‌ خواست و بۆچوونی لایه‌نه‌کان جێگه‌ی یاسای گرتووه‌یه‌وه‌ هه‌رجۆره‌ هۆشیار نه‌بوونێک ده‌توانێت ببێته‌ قه‌یرانێک و کێشه‌یه‌ک بۆ کاری مێدیایی. ڕه‌نگه‌ بتوانین بڵێین که‌ چاره‌نووسی ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی له‌م ساڵانی ڕابردوو داخران هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ بوو.

ئێسته‌ ۶ ساڵ له‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی ڕۆژان تێپه‌ڕ بووه‌، هه‌ر له‌ هه‌مان ڕۆژی سه‌ره‌تا که‌ کاک ناسر خالدیان ئه‌م حه‌فته‌نامه‌یه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ کرد، له‌ بیری ئه‌وه‌ بووم که‌ بیکه‌مه‌ ڕۆژنامه‌یه‌ک و هه‌ر ڕۆژ له‌ چاپ بدرێت. له‌ ئه‌نجامدا ساڵی ۹۵ داوام کرد که‌ ئه‌م کاره‌ بکرێت و مۆڵه‌تم پێبدرێت، جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ که‌ به‌ هۆی پشتیوانی سه‌رۆکی نوێی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی شاری سنه ئه‌م کاره‌ مۆڵه‌تی وه‌رگرت و هیوادارم له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتووه‌وه‌ بتوانین ڕۆژانه‌ له‌ چاپی بده‌ین. من له‌م ده‌رفه‌ته‌ سوود ده‌به‌م و له‌ هه‌موو چینی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی کورد داوا ده‌که‌م که‌ ڕۆژان به‌ هین خۆیان بزانن و بابه‌ته‌مان بۆ بنێرن تاکوو یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی له‌ کوردستانی ئێران به‌ باشی بڵاو بێته‌وه‌. پێویسته‌ له‌ کاک عیماد که‌ریمیان سه‌رپه‌ره‌شتی به‌شی کوردی، کاک ناسر کانی سانانی، دوکتور بێهروز خه‌یرییه‌ و دوکتور ئه‌فراسیاب سپاسی تایبه‌ت بکه‌م.

* ئه‌گه‌رچی ڕۆژنامه‌ خواستی خه‌ڵکی کوردستانه‌، به‌ڵام بڕێک له‌ سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن کوردستان توانی ئه‌وه‌ی نییه‌ که‌ بابه‌تی ڕۆژانه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌ک به‌رهه‌م بێنێت، ئێوه‌ به‌ڕاستی چ پلانێکتان بۆ ئه‌مه‌ هه‌یه‌ که‌ بتوانن هه‌ر ڕۆژ به‌رده‌وام بن له‌ کاری ڕۆژنامه‌که‌ و بابه‌ت بڵاو کردنه‌وه‌؟

ڕۆژان ڕۆژنامه‌یه‌کی دوو زمانه‌یه‌ که‌ له‌ ۸ لاپه‌ڕه‌  پێکهاتووه‌، دوو لاپه‌ڕه‌ی له‌ ئێستادا کوردی ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌م هۆیه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ که‌می بابه‌تمان به‌ زمانی کوردی هه‌یه‌. هێشتا ڕۆژنامگه‌ری کوردی به‌ تایبه‌ت به‌ زمانی کوردی له‌م ڕووه‌وه‌ زۆر لاوازه‌ ده‌بێت ئیشی زۆری له‌ سه‌ر بکه‌ین و ئه‌م شتانه‌ به‌ یه‌ک شه‌و به‌ ده‌ست نایه‌ت. هه‌رچه‌ند له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو کاری زۆر باشیش کراوه‌ وه‌ک به‌شی کوردی ئاژانسی مێهر و کوردپرێس که‌ ئه‌مانه‌ ده‌توانن، یارمه‌تی باشی به‌شی کوردی ڕۆژنامه‌ و حه‌فته‌نامه‌کان بگه‌یه‌نن.

له‌ ته‌نیشت ئه‌مه‌شدا ڕێخستنی به‌شی زمانی کوردی له‌ زانکۆ کوردستان مه‌جالی باشی بۆ به‌رهه‌م هێنانی بابه‌ت به‌ زمانی کوردی دروست کردووه‌. ئێمه‌ له‌ ئێسته‌دا ئه‌م دوو لاپه‌ڕه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین و به‌ڵام هه‌وڵمان ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ له‌ داهاتوودا زیاتری بکه‌ین به‌ پێی کار و پێویست. ئه‌مه‌ش ده‌بێت ئاماژه‌ بده‌م که‌ نه‌بوونی ڕۆژنامه‌ی کوردی له‌ ساڵانی ڕابردوو بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ لاپه‌ڕه‌ کوردییه‌کان که‌متر خوێنه‌ری هه‌بێت و ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری له‌ فرۆشی ڕۆژنامه‌که‌دا ده‌بێت بێ گومان. ده‌بێت کاری فه‌رهه‌نگی زۆر له‌م بواره‌دا بکرێت.

ئێمه‌ له‌ دوای ئه‌وه‌یش هه‌ین که‌ له‌ ڕۆژان خولی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی بکه‌یه‌نه‌وه و به‌م شێوه‌ش یارمه‌تی ڕۆژنامگه‌ری کوردی بده‌ین.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ که‌ ئێمه‌ دووری بکه‌ین له‌م بابه‌ته‌ که‌ به‌ سۆز و عاتفه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی بابه‌ته‌کان ببینه‌وه‌، ده‌بێت زۆر عه‌قڵانی بیر بکه‌ینه‌وه‌ تاکوو له‌ کاره‌کانی خۆمان سه‌رکه‌وتوو بین. له‌ یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ریدا هاتووه‌ که‌ ئه‌رکی ڕۆژنامه‌نووس هۆشیار کردنه‌وه‌ و به‌رز کردنه‌وه‌ ئاستی هۆشیاری خه‌ڵکه‌. به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی بابه‌ته‌کانی مێدیا کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ پێویستییه‌کانی ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگای کوردی یه‌کتر ناگرێته‌وه‌. ئێمه‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ ده‌بێت نیازی خوێنه‌ره‌کان بۆ ئاگادار بوونه‌وه‌ پڕ بکه‌ینه‌وه‌ و له‌ لایه‌که‌وه‌ ئاستی لێکتێگه‌یشتنی به‌رپرسانی چاودێڕی مێدیایی به‌رز بکه‌ینه‌وه‌ و له‌م نێوانه‌دا مامناوه‌ند هه‌نگاو هه‌ڵبگرین. سه‌خته‌ به‌ڵام ده‌کرێت.

* ڕۆژان به‌ هه‌مان شێوازی پێشوو بڵاو ده‌بێته‌وه‌ یان ئه‌وه‌ی گۆڕانکاریتان له‌ ڕۆژنامه‌که‌دا ئه‌نجام داوه‌؟

بێ گومان ناوه‌ڕۆکی ڕۆژنامه‌ و حه‌فته‌نامه‌ جیاوازه‌ له‌ یه‌کتر، روانگه‌ی ئێمه‌ له‌م دۆخه‌ نوێیه‌ به‌ پێی ڕووداوه‌کان ده‌بێت. له‌ حاڵێکدا پێشتر ئێمه‌ زیاتر کاری لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌کرد.

* چه‌ند هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ بابه‌ته‌کان به‌ زمانی کوردی بڵاو بێته‌وه‌؟

به‌ پێی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی به‌ ئێمه‌ دراوه‌ ڕۆژان ده‌بێت دوو زمانه‌ بێت. من خۆم پێم خۆشه‌ ۵۰ له‌ سه‌دی کوردی و ۵۰ له‌ سه‌دی فارسی بێت. به‌ڵام ژێرخانی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌ لای ئێمه‌ هێشتا توانی ئه‌وه‌ی نییه‌ که‌ له‌ ئاستی ۵۰ له‌ سه‌دی ڕۆژنامه‌یه‌ک به‌ زمانی کوردی بابه‌ت به‌رهه‌م بێنێت، یه‌ک ڕۆژ و دوو ڕۆژ گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچی ڕۆژه‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌ بابه‌ت بگاته‌ ده‌ستمان. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ توانی ماڵی ڕۆژنامه‌که‌ش ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ که‌ بتوانێت پاداشت بۆ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ دابین بکات. هه‌ر بۆیه‌ له‌م به‌شه‌ له‌ ئێستادا ئێمه‌ توانمان هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ و گۆڕانکارییه‌ک ناکرێت تاکوو بزانن داهاتوو چی ده‌بێت.

* ئێمه‌ له‌ ئێران ئه‌زموونی ڕۆژنامه‌ی پارێزگاکانی دیکه‌ وه‌ک خوراسان و ئافتابی یه‌زدمان هه‌یه‌ که‌ ئێسته‌ سه‌رتانسه‌ری بڵاو ده‌بنه‌وه‌، چه‌ند ئێوه‌ پلانتان هه‌یه‌ که‌ ڕۆژان ببێته‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی سه‌رتانسه‌ری و له‌م ئاسته‌دا بابه‌ت بڵاو بکاته‌وه‌ و به‌م جۆره‌ داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی کوردیش زیاتر به‌ گوێی خه‌ڵکی ئێران له‌ پارێزگاکانی دیکه‌ بگه‌یه‌نێت؟

یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی په‌ره‌ نه‌سه‌ندنی کوردستان لاوازی په‌یوه‌ندی نێوان ئاڵقه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردییه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و ته‌نانه‌ت پارێزگاکانی دیکه‌ش. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ مێدیا ئه‌رکی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ که‌ ببێته‌ هه‌وێنی ئاشتی و پێکه‌وه‌ کار کردن و ژیان کردن. تاکوو ئه‌مه‌ ڕوو نه‌دات لام وا نییه‌ که‌ هیوایه‌ک به‌ گه‌شه‌ و کردنه‌وه‌ی دۆخی ئابووری و چاره‌سه‌ر بوونی کێشه‌کان ببێت. ئه‌گه‌رچی بڵاو کردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌کی سه‌رتانسه‌ری زۆر باشه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ستێنه‌کان بۆ ئه‌م کاره‌ بوونی نییه‌. به‌ستێنه‌کان بۆ قبوڵ کردنی ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌ی ئێران زۆر لاوازه‌، ئێسته‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ر ڕۆژئاوای ئێران حسابمان کردووه‌ چون فه‌رهه‌نگ و بۆچوونی هاوبه‌ش له‌م ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌ و به‌ڵام هیوادارین که‌ ئێمه‌ش ڕۆژێک به‌و ئاسته‌ له‌ کار و چالاکی بگه‌ین که‌ کوردستانیش وه‌ک خوراسان و یه‌زد بتوانێت ڕۆژنامه‌ی سه‌رتانسه‌ری بڵاو بکاته‌وه‌. ئێمه‌ لامان وایه‌ که‌ ئه‌م بۆشاییانه‌ ته‌نیا به‌ کاری فه‌رهه‌نگی پڕ ده‌کرێته‌وه‌.

گومانی تێدا نییه‌ که‌ کوردستان له‌ ژیانه‌وه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی زانستی ئێران ڕۆڵی یه‌کجار گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ به‌ڵام که‌س باسی ناکات. کتێبی قانون له‌ نووسینی ئێبنی سینا دواجار به‌ ده‌ستی وه‌رگێڕێکی کوردی کرایه‌ فارسی چون دقێکی یه‌کجار ئه‌سته‌می هه‌بوو، بۆ ده‌بێت شارۆمه‌ندێکی شیرازی و یه‌زدی و به‌نده‌رعه‌باسی له‌م پێگه‌ی مامۆستایان و زانایانی کوردی ئاگای نه‌بێت؟

* ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی زیاتر له‌ ۱۰۰ ساڵه‌ ئه‌زموونی کار کردنی هه‌یه‌، ئه‌م ئه‌زموونه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، به‌ تایبه‌ت ئه‌زمونی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌ کوردستانی ئێران؟

جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ که‌ ئه‌ده‌بیات له‌ نێو کورده‌کان یه‌کجار بڕه‌وی باشی هه‌یه‌، هۆکاره‌کیشی ده‌یان و سه‌دان شاعر و ئه‌دیب له‌م بواره‌ دایه‌ که‌ کتێبه‌کانیان له‌مڕۆدا له‌ کتێبخانه‌کان هه‌یه‌. ڕۆژنامه‌گه‌ریش جیا له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵام ڕێگه‌م پێبده‌ن ڕوون تر بۆچوونی خۆم سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی ده‌رببڕم؛ بوون و بڵاو کردنه‌وه‌ی ته‌نیا چه‌ند ڕۆژنامه‌ و حه‌فته‌نامه‌ له‌ سه‌رده‌مێکی تایبه‌ت ناتوانێت به‌ ته‌نیا ببێته‌ هۆی شانازی. من ئینکاری ناکه‌م که‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌ سه‌رده‌مه‌ جۆراجۆره‌کان ئاسته‌نگی له‌ به‌رده‌م بووه‌، وه‌ک چۆن له‌ سه‌رده‌می پاڵه‌وه‌ی هیچ بڵاوکراوه‌یه‌کی کوردی بوونی نه‌بوو، به‌ڵام دوای شۆڕش ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی خوار و ژووری زۆری هه‌بوو که‌ لام وایه‌ زۆربه‌شی بۆ لاوازی چینی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌م ده‌رفه‌تانه‌ ئه‌گه‌رچی بچووکیش بێت به‌ باشی که‌ڵک ببه‌ن و بڵاوکراوه‌که‌یان درێژه‌ی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر ده‌یانتوانی دریژه‌ به‌ ژیانی خۆیان بده‌ن بێ گومان ئێسته‌ به‌هێزتر بوون.

من له‌ هه‌مان کات له‌ میانه‌ی یادداشتێک به‌ ناوی "هه‌ل و هه‌ڵه‌کانی ڕۆژنامه‌گه‌ری" که‌ له‌ سیراوان بڵاوم کرده‌وه‌، ئه‌م پریساره‌م ورژاند که‌ بۆچی ده‌بێت شه‌پۆلێک له‌ ڕاگرتن بڵاوکراوه‌ کوردییه‌کان بگرێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر له‌ بڵاوکراوه‌ ڕاگیراوه‌کان بڕوانین و له‌ بابه‌ته‌کانیان بڕوانین تێده‌گه‌ین که‌ هه‌مان بڵاوکراوانه‌ له‌گه‌ڵ پێویستییه‌کانی سه‌رده‌می خۆیان یه‌کیان نه‌گرتووه‌ته‌وه‌. زیاتر له‌ ڕووی هه‌ست و عاتفییه‌وه‌ ئیشیان کردووه‌. تاکوو ئه‌و کاته‌ی عه‌قڵانییه‌ت جێگه‌ی هه‌ست و عاتیفه‌ی ئێمه‌ نه‌گرێته‌وه‌ ناتوانین باسی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی بکه‌ین. ئه‌مه‌ باسێکی زانستییه‌ که‌سێکی ڕۆژنامه‌نووس چی دیکه‌ که‌سێکی ئاسایی کۆمه‌ڵگا نییه‌. به‌ تایبه‌ت له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری مۆدڕن باسی زۆر ورد له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌بێت عه‌قڵانی بین و خۆمان له‌ هه‌ست و سۆزی شاعیرانه‌ دوو بخه‌ینه‌وه‌. ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی دوای خوار و ژووری زۆری مێژووی خۆی، لام وایه‌ ئێسته‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ که‌ خولێکی باشی زانستی ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌ سه‌ر بکاته‌وه‌ تاکوو به‌ عه‌قڵانییه‌ت ڕووبه‌ڕووی کار و ئه‌رکی خۆی ببێته‌وه‌.

* یه‌کێک له‌ کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ڕۆژنامه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ کێشه‌ی دارایی و دابین کردنی کاغه‌زه‌، ئه‌م کێشه‌یه‌ چۆن چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن؟

باسی ئابووری مێدیا شتێکی نوێ نییه‌ و فه‌کته‌ری سه‌ره‌کی مانه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌که‌. له‌ ئێران به‌شێک له‌ تێچووی ڕۆژنامه‌کان وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشاد وه‌ک سوبسید و یارمه‌تی له‌ ئه‌ستۆی ده‌گرێت که‌ زۆر که‌مه‌ و هێشتا یارمه‌تی ساڵی ڕابردووشیان نه‌داوه‌. ڕۆژان ئه‌گه‌رچی به‌ مافی خۆی ده‌زانێت که‌ له‌ یارمه‌تییه‌کانی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشاد سوود ببات به‌ڵام ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ بۆ دابین کردنی تێچووی ڕۆژنامه‌که‌مان پێویستمان به‌ شوێنێ دیکه‌ هه‌یه‌، وه‌ک فرۆش یان وه‌رگرتنی ڕێکلام و هتد. چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ش له‌ به‌رپرسان ئه‌وه‌یه‌ که‌ بیر له‌ مانه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی له‌ کوردستان بکه‌نه‌وه‌. به‌ر له‌ بڵاو بوونه‌وه‌ کۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارێزگای کوردستان به‌ تایبه‌ت پارێزگار بووه‌ و لام وایه‌ بۆچوونی باشیان بۆ گه‌شه‌ کردنی کوردستان هه‌یه‌.

هیوادارم که‌ بوونی ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردیش له‌ درێژه‌ی هه‌ر ئه‌م بیر و بۆچوونه‌ی خۆیان بۆ گه‌شه‌ی کوردستان ببینن.

* چه‌ند هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ مێدیاکانی هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ندیتان هه‌بێت و له‌ ڕۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمی کوردستانیش بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی خۆتان سوود ببه‌ن؟

بوونی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سنووره‌کانی تێپه‌ڕاندووه‌، ئێمه‌ سنوور دانانین، کورده‌کان له‌ هه‌ر کوێیه‌ک بن لامان وایه‌ که‌ ئێرانین و شانازیان پێوه‌ ده‌که‌ین. به‌رهه‌مه‌ مێدیاییه‌کانی هه‌موو کورده‌کان بۆ ئێمه‌ سوژه‌ن و به‌ کار دێن. به‌ تایبه‌ت که‌ ئێسته‌ هه‌ژاریی له‌ بابه‌تی کوردیدا هه‌یه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌ کوردییه‌کان له‌ یاساکانی وڵاته‌کمان بگونجێت بێ گومان که‌ڵکی لێده‌به‌ین، وه‌ک ده‌شبینن که‌ ئه‌وانیش زۆر جار بابه‌ته‌ ڕۆژنامه‌یه‌کانی کوردستانی ئێران بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ و کێشه‌یه‌ک نییه‌.

News Code 17055

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 4 =