وردبینانەترین بڕیاری ئاسایشی نیشتمانیمان هەمبەر بە سووریا گرتۆتەبەر

ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە گۆشەنیگای ئاسایشی نیشتمانی لە سووریا، وردبینانەترین بڕیارمان گرتۆتەبەر، چونکە بە بێ پاژەکانی دیکەی ئاسایشی ناوچە، ئاسایشی ئێران بێ مانایە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی سیاسەت – محەمەد مەهدی ڕەحیمی و محەمەد مەهدی مەلەکی: بۆ هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ناوچەیی بە تایبەت لە وڵاتانی سووریا، عێراق و یەمەن کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لە سەر بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتەکەمان هەیە، سەردانی دوکتۆر حسێن عەبدوڵڵاهیان یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆکی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لە کاروباری نێودەوڵەتیمان کرد و ناوبراو لە وتووێژێکی چڕوپڕدا ڕوانییە پرسەکانی ناوچە و پەیوەندیان لە گەڵ سیاسەت و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران.

عەبدوڵڵاهیان نزیکەی ٢٠ مانگ لەوە پێش جێگری عەرەبی ئەفریقایی وەزارەتی دەرەوەی لە ئەستۆ بوو و لە ماوەی کاریی ئەودا ناوچە، لە باکووری ئەفریقاوە تا دراوسێتیی ئێران گۆڕانکاریی بەربڵاو و بێ وێنە و هەمەجۆری بە خۆوە بینی و ئێستاش وەک ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە درێژە بە چالاکیی دیپلۆماسیی دەدات.

کۆی ئەو وتووێژە لە خوارەوە دەخوێننەوە:

* پاش تێپەڕینی حەوت ساڵ لە قەیرانی سووریا و بە ئاوردانەوە لە پێگەی ئێستامان، ئایا هێشتاش بڕیاری ئێران بۆ ئامادەبوونی ڕاوێژکارانە  لەو وڵاتەدا دەنرخێنن؟ ئایا دەسکەوتەکان لە گەڵ تێچووەکاندا هاوسەنگە؟

ـ دابین کردنی ئاسایشی باڵای نیشتمانی یەکێکە لەو پرسانەی کە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە جیدی ئاوری لێ دراوەتەوە. ئاسایشی ئێستای وڵاتی ئێمە بەو هۆیەیە کە ئەو ستراتژیانەی کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تاوتوێ دەکرێن و دەیان کاتژمێر کاری کارناسانەیان بۆ دەکرێت و لە ئەنجامدا لە لایەن رێبەری باڵاوە پەسند دەکرێن، بە دروستی ڕێکخراون.

لە گۆشەنیگای ئاسایشی نیشتمانییەوە ئامادەبوونمان لە سووریا، وردبینانەترین بڕیارێک بووە کە گیراوەتەبەر، چونکە بە بێ پاژەکانی دیکەی ئاسایشی ناوچە، ئاسایشی ئێران بێ مانایە.

راوێژکارانی سەربازیی ئێمە لە سەر داوای عێراق و سووریا و ناوچە بووە و ئەو کارانەش کە کراوان دەسکەوتی باش و ئیجابیی وەک تێکشکاندنی داعشی بە دواوە بووە.

ئەو بڕیارە لە لایەکەوە بۆ کۆی ناوچە و لە لایەکی دیکەوە بۆ ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەمان دەسکەوتی باشی بووە و ئێستا ئاسایشی وڵات لە بەرزترین ئاستی مومکینی خۆیدایەتی. ئەوە لە کاتێکدایە کە گۆرانکارییەکانی میسر، تونێس، لیبیا، بەحرەین، یەمەن و وڵاتانی دیکە بووە هۆی لاوازبوونی ئیسرائیل و بە پێچەوانە بە هێزتربوونی بەرەی خۆڕاگری. هەر بۆیە لە ژێر ناوی بەهاری عەرەبی و لە پلانێکی ئاوەژوودا هەوڵیان دا سووریا تێوەگلێنن و بە سازدانی داعش لە رێگەی ئەوێشەوە، عێراقیش بشێوێنن، هەتا وڵاتانێک کە دەیانتوانی بەرەیەکی دژی زایۆنیزم بن، تووشی وێرانی و شەڕ و تیرۆریزم بن.

* تا چەند هیواتان بە درێژەی دانوستانەکانی سیاسیی سووریا لە ئاستانە، سووچی و ژێنێڤ هەیە؟

ـ ئەگەر بڕیارە ڕێککەوتنێکی راستەقینە لە سووریادا هەبێت، ئەوا دەبێ تەواو یاریگەرانی ئێستای ئەو ولاتە و تەنانەت ئەوانەی ڕۆڵی ناسازێنەریان لە گۆرانکارییەکانی سووریادا هەیە، هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن و هەنگاوی ئیجابی هەڵگرن. بۆ وێنە عەرەبستانی سعوودی سەبارەت بە سووریا ڕۆڵێکی ناسازێنەری هەیە و ناکرێت لە کاوکێشەکاندا وەلاوە بنرێت و بە بێ بەشداریی عەرەبستان ناتوانین بگەیەنە رێگە چارەیەکی سیاسیی پاوەجێ لە سووریادا.

ئەمریکا، بەریتانیا و هەندێک وڵاتی دیکەش بە هەمان شێوەن و ڕۆڵێکی سازێنەریان لە گۆرانکارییەکانی سووریادا نییە. لەمناوە ئەمریکا هەڵسوکەوتێکی دزێوانەی لە دانوستانەکانی ئاستانە و لە سووچیدا گرتۆتەبەر. چونکە واشنتۆن بە دوای لاوازکردنی سووریا و بە هێزترکردنی ڕژیمی زایۆنییە و تا کاتێک لەو بابەتەوە دڵنیا نەبێت، چالاکانە هەنگاو نانێتە ناو رێگە چارەی سیاسی.

بە بڕوای من سووچی و ئاستانە لایەنی ئیجابیان بووە و هاوکات خەسارگەلێکشی هەن کە دەبێ بسڕێنەوە. لە لایەنە ئیجابییەکانی ئەو دوو دانیشتنە دوورەپەرێزیی چالاکانەی ئەمریکا و چەند یاریگەری ئاژاوەگێری دیکە لە دانوستانەکانی دیکەی سووریا بووە. تاران و مسکۆ و ئەنقەرە توانیان بگەنە ڕێککەوتنگەلێک سەبارەت بە ئاگربڕ و ناوچەی ئارام و جموجۆڵی تیرۆریستی لە سووریایان گەیاندە نزمترین ئاستی مومکین و سەلماندیان کە بە بێ ئەمریکا و عەرەبستان هەنگاوی گەورە لە سووریادا هەڵدەگیردرێت.

ئەگەر دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە دانوستانەکاندا نەبێت، بێ شک ڕێککەوتنەکان زووتر مسۆگەر دەبن و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و شایەدی هەڵبژاردنگەلێک بە بێ هیچ دژبەرێک لە داهاتووی سووریادا دەبن.

من بە داهاتووی سیاسیی سووریادا خۆشبینم، بەڵام تاقە نیگەرانیم دەستێوەردانی یاریگەرانێکە کە تا ئێستا ڕۆڵی نەرێنیان لە سووریادا بووە و ئەگەر لە داهاتووشدا درێژە بە ڕۆڵەیان بدەن، کێشەگەلێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.

لە ئێستادا ئەمریکا پێداگرە لە درێژەی دانوستانەکان نە لە سووچی و ئاستانە، بەڵکوو لە ژێنێڤدا بەڕێوە بچێت. لێرەدا کێشە نە بردنی دانوستانەکان بۆ ژێنێڤ یان جێگەیەکی دیکە، بەڵکوو دەرئەنجامی دانوستانەکانی ژێنێڤە کە نە لە بەرژەوەندیی ناوچە، بەڵکوو دەرکردنی بڕیارنامەگەلێک بە پێی ویستی ئەمریکایە کە دژی نیزامی هەڵبژاردەی خەڵکێ سووریا و هێنانە سەرکاری نیزامێک بە پێی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە.

* ئێمە بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی پێگەی سیاسی، فەرهەنگی و ئابووریی خۆمان لە داهاتووی سووریادا چ هەنگاوێکمان هەڵگرتووە؟

- یەکەم پێویستە کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە ئاستی پەیوەندیی ستراتژیکدا بمێننەوە و ئەوەی کە لە درێژەی هاوکارییەکانی دوو وڵات تەواو ئەو بژێرانەی کە یارمەتیی تۆکمەکردن و پاوەجێی پەیوەندییەکانی دوو وڵات دەدەن، بپارێزین.

هاوکاریگەلی دوو قۆڵی ئابووری، بازرگانی و تۆکمەکردنی دانوستانگەلی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، گەشتیاری و پەیوەندیی زانستی و کەلتووری بەشێکن لەو چاوەروانیانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندی لە گەڵ سووریای هەیە. ئەم پەیوەندیانە پێشتر بوونە و دەبێ دووبارە ببوژێنەوە. هاوکات بوونی زیارەتگا و مەزارگەی پیرۆزی ئایینی لە هەر دوو وڵات لە بابەتی زیارەتکاری و گەشتیاری بۆ گەلی ئێران و سووریا جێی سەرنج بووە.

لە لایەکی دیکەوە نابێ لە بیرمان بچێت کە سووریا وەک وڵاتێک لە بەرەی پێشەوەی خۆڕاگری بۆ ئاسایشی ناوچە و ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر گرینگە.

* لە دوای سەرهەڵدانی چالاکیگەلی تەکفیری و تیرۆریستی لە سووریا، پرسی فەلەستین تا ڕادەیەک کەمڕەنگ بوویەوە و زایۆنیستەکان لە بوونی ئاژاوە لە نێوان موسڵمانادا خۆشحاڵ بوون. لە گەڵ کوژانەوەی ئاگری ئەرو ئاژاوەیەش شایەدی بە فەرمی ناسرانی بەیتولموقەدەس وەک پایتەختی فەرمی ڕژیمی زایۆنی لە لایەن ترامپەوە بووین. ئەو بابەتە بۆ جارێکی دیکە پرسی فەلەستینی بەرجستە کردەدوە. ئێوە گۆڕانکارییەکانی فەلەستین و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- یەکەم ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بە دەنگی بەرز پاڵپشتیی خۆی بۆ بەرەی خۆڕاگری لە دژی ڕژیمی زایۆنی ڕاگەیاندووە. دووهەم وەک کەسێک کە لە نزیکەوە پەیجۆری پرسی فەلەستین-ه، ڕاشکاوانە ئەو شێوەی ڕوانینە لە لایەن میدیاکان و ناوەندەکانی توێژینەوە کە لایان وایە قەیرانی سووریا و ڕوانگەی حیماس بۆ ڕووداوەکانی سووریا بۆتە هۆی ساردبوونی پەیوەندییەکانی حیماس و تاران، ڕەت دەکەمەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕوانینێکی دروست و وردبینانە بەردەوام پاڵپشتیی لە بەرەی خۆڕاگری و حیماس کردووە کە وەک هۆکاری شکستی ڕژیمی زایۆنی و کۆتایی هەڕەشەی ئەو ڕژیمە لە دژی فەلەستین و کۆماری ئیسلامی و ناوچە وێنا کراوە.

ئەمریکا لە یاری فەلەستین لە لایەکەوە بە نانەوەی یارییەکی ناهاوسەنگ و چەند لایەنەی وەک پرۆپاگەندەی ساختەیی هاویشترانی مووشەکی ئێرانی لە یەمەنەوە لە دژی عەرەبستان و لە لایەکی دیکەوە بە ناساندنی بەیتولموقەدەس وەک پایتەختی ڕژیمی زایۆنی و هێنانی ناوی ئیسماعیل هەنیە لە لیستی تیرۆردا، لە چەند لایەنەوە هێرشی کردۆتە سەر بەرەی خۆڕاگری.

* بە ئاوردانەوە لە داپەڕە بەربڵاوەکانی سعوودی لە قەوارەی ڕکابەری و دژایەتیی ئێران، داهاتووی پەیوەندییەکانی ئێران و عەرەبستان چۆن لێک دەدەیەوە؟

- کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکاری جۆراوجۆر و لەوان دراوسێتی و لە هەمان کاتدا موسڵمان بوون، هیچکات لە ستراتژییەکانی خۆیدا عەرەبستانی سعوودی بە دوژمنی خۆی نەزانیوە و لە لایەکی دیکەوە عەرەبستان لە ئاستی دوژمنی خۆیدا نابینێت.

بە پێچەوانە، هەڵسوکەوتی عەرەبستان بە نیسبەتی گۆڕانکارییەکانی ناوچە نابەڵێنانە و ناسازێنەر بووە و هیوادارین عەرەبستان بگەڕێتەوە سەر ئاکارە سازێنەرەکانی و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە کە بە شێوەی ژیرانە هەنگاو بنێت و خۆی لە پەلە کردن و سیاسەتی شەڕخوازانە بە دوور بگرێت و بەو بڕوایە بگات کە بچێتەوە سەر باوەڕەکانی بەرەی بەر لە محەمەد بێن سەلمان.

* هەندێک لە ناوخۆی وڵات سەبارەت بە دانوستانی مووشەکی و یان ناوچەیی لە سەر ئەو بڕوایەن کە ئێران بۆ چەسپاندنی قسەی حەقی خۆی پێویستە لە گەڵ رۆژئاوا دانوستان بکات، ڕای ئێوە لەوبارەیە چیە؟

- ئەمریکاییەکان لە پرسی توانستی بەرگری و مووشەکی و پێگەی ناوچەیی ئێران، بە دوای ئەوەوەن کە بە هەمان ورەی داگیرکارانە و زلهێزانەی هەنگاو بنێت و ئێمە گیرۆدەی دۆسیەگەلی نوێ بکات و دەیان دۆسیەی کراوە و نیوە کراوە وەک بەرجام و پرسی ناڤۆکی و پرسە جۆراوجۆرەکانی دیکە لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەر میزدا هەبێت. واتە ئەوان دەیانەوێ یاسای دانوستان و دەرئەنجامەکان لە لایەن خۆیانەوە دیاری بکرێ، نەک بە شێوەیەکی دوولایەنە. بەڵام بڕیاری یەک لایەنەی ئەمریکا هەمیشە پاشهاتی نەگریسی بۆ ناوچە بە دواوە بووە و بشێوی و نائەمنیی ئەفغانستان دوای نزیکەی دوو دەیە و عێراق لە ئەنجامی ئەو بیرۆکە یەک لایەنەی ئەمریکاوە بووە.

تا ئێستا پشت بەستن بە هێزە بان ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە پرسی ئاسایشی و ئەمنیدا نە تەنیا بۆ ئەو وڵاتانە ئاسایشی بە دواوە نەبووە، بەڵکوو بۆتە هۆی تەشەنەسەندن و نائەمنتربوونی ناوچە. لە هەر جێیەکدا ئەمریکا لێ بێت، تیرۆریستەکان پەرەیان سەندووە.

News Code 16973

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 8 =