ڕێبه‌ری ئۆرکستر فیلارمۆنیکی کوردستان:

سیاوچه‌مانه‌ کۆنترین گۆرانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینه‌

ناسەی هەواڵ: 4227715 -
ڕێبه‌ری ئۆرکستر فیلارمۆنیکی کوردستان به‌ جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌سه‌نایه‌تی مێژوویی مۆسیقای هه‌ورامان، وتی: سیاوچه‌مانه‌ی هه‌ورامی کۆنترین گۆرانی کوردی و کۆنترین شێوازی گۆرانیه‌ له‌ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا.

مه‌هدی ئه‌حمه‌دی له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری مێهر، وتی: مۆسیقای هه‌ورامی  ده‌کرێته‌ سێ به‌شی سه‌ره‌کیه‌وه‌ که‌ هه‌ر کامه‌یان بۆ خۆی لق و پۆی لێده‌بێته‌وه و تایبه‌ته‌ به‌ ته‌وه‌رێکه‌وه.

ئه‌حمه‌دی وتی: سیاوچه‌مانه‌ یان (به‌رزه‌ چڕ )که‌ له‌ وتنه‌وه‌یدا وشه‌ی وه‌ک له‌یل، کنا له‌یل و توخوا له‌یل به‌کارده‌هێنرێت زیاتر بۆ گۆرانی ئه‌ڤیندارانه‌یه‌ و به‌ شێوه‌ی یه‌ک که‌سی یان دوو که‌س و چه‌ند که‌س پێکه‌وه‌ و به‌ نۆره‌ ده‌وترێته‌وه‌  و که‌ڵک له‌ هیچ ئامێرێکی مۆسیقایی نابردرێت.

وتیشی: لقێکی دیکه‌ی مۆسیقای هه‌ورامان، ده‌ره‌یی که‌ زیاتر شێعره‌کانی باسی سروشت و جوانییه‌کانی سروشتی هه‌ورامان و کوردستان ده‌کات و به‌شێکی دیکه‌شی شێخانه‌یه‌ که‌ ده‌قه‌که‌ی مه‌زه‌بیه‌ و پێش ئیسلام  بۆ ستایشی ئایینه‌کانی پێشوو بووه‌ و دوای ئیسلامیش هاتووه‌ته‌ خزمه‌ت خۆشه‌ویستی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ته‌سه‌وف و نمانه‌ مه‌زه‌بییه‌کانی دین.

به‌ وته‌ی ئه‌م کارناسه‌ی بواری مۆسیقا، سیاوچه‌مانه‌ سه‌ره‌کیترین لقی مۆسیقای هه‌ورامیه‌ و یه‌کێکه‌ له‌ بنه‌ماکانی مۆسیقای کوردی که‌ هۆره، چه‌پڵه، چه‌پڵه‌ی خاو، لای لای و... و. له‌ سیاوچه‌مانه‌وه‌ سه‌رچاوگه‌ ده‌گرن.

ڕێبه‌ری ئۆرکستر فیلارمۆنیکی کوردستان به‌ ئاماژه‌ به‌ ته‌کنیکی بوونی سیاوچه‌مانه‌ وتن و پێویست بوونی توانایی خودی هونه‌رمه‌ند بۆ وتنه‌ی ئه‌م جۆره‌ گۆرانیه، ڕایگه‌یاند: بێ گومان هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک مامۆستا عوسمان هه‌ورامی که‌ به‌ وته‌ی مامۆستا شه‌جه‌ریان، "حه‌نجه‌ره‌ زێڕینه‌" خزمه‌تی زۆر گه‌وره‌یان به‌ مۆسیقای هه‌ورامان به‌ تایبه‌تی سیاوچه‌مانه‌ کردووه.

زیادیشی کرد که‌ عوسمان هه‌ورامی گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له‌ شێوازی سیاوچه‌مانه‌ وتندا کردووه‌ و پێش ئه‌و، ئه‌م شێوازه‌ گۆرانی وتنه‌ وا نه‌بووه‌ و ئه‌و مامۆستا به‌ توانایی زاتی خۆی ئه‌و هه‌مووه‌ به‌رهه‌مه‌ جوانه‌ی به‌ یادگار بۆ به‌ره‌ی داهاتوو به‌جێهێشتووه.

مه‌هدی ئه‌حمه‌دی داوای له‌ به‌رپرسانی بواری فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری کوردستان کرد هاوکات له‌گه‌ڵ رێزگرتن له‌ مامۆستا عوسمان هه‌ورامی بۆ مانه‌وه‌ی زیاتر له‌ مێژووی هونه‌ری کوردستاندا شوێنێکی فه‌رهه‌نگی له‌ کوردستان وه‌ک کتێبخانه، مۆزه‌خانه، باخچه... ه. یان شوێنی هونه‌ری به‌ ناوی مامۆستا عوسمانه‌وه‌ بکه‌ن.

ئه‌مشه‌و ڕێوڕه‌سمێک له‌ سنه‌ بۆ ڕێزگرتن له‌ مامۆستا عوسمان هه‌ورامی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ناردنی بۆچوون

1 + 1 =