ئەگەری پێکدادانی سەربازیی تورکیا و ئەمریکا لە مەنبەجی سووریا هەیە

ئومێد شوکری بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا چالاکی لە ناوچەی مەنبەجدا هەیە، وتی: لە ئەگەری پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە، ئەگەری پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا لە ئارادایە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – جەواد حەیران نیا: سوپای تورکیا رۆژی شەممەی دوو حەوتەی ڕابردووەوە (۳۰ی بەفرانبار) ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە دژی کوردەکانی باکووری سووریا لە ژێر ناوی "چڵی زەیتوون" دەست پێکردووە کە بە پێچەوانەی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و بە بێ مۆڵەتی دەوڵەتی یاسایی سووریایە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی سووریا پێشتر سەبارەت بە پێشێل کرانی هەرێمی ئاسمانی و تەواوەتی سەرزەوینیی ئەو وڵاتە لە لایەن تورکیاوە هۆشداری دابوو و ئەو هەڵمەتەی تورکیای بە "دەستدرێژی" بۆ سەر وڵاتەکەی زانیبوو و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا لەوبارەوە جەختی کردبوو: دەستدرێژیی دڕندانەی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین پەیوەستە بەو سیاسەتەی ڕژیمی تورکیا کە لە رۆژی یەکەمی قەیرانی سووریا و لە رێگەی پاڵپشتی لە تیرۆریزم و گرووپە جۆراوجۆرە تیرۆریستییەکان گرتوویەتیەبەر.

هاوکات کۆماری ئیسلامی ئێران-یش لە بەیاننامەیەکدا کە لە لایەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دەرکراوە، وێرای داکۆکی بۆ ڕێزنان لە سه‌روه‌ریی خاکی سووریا، هیوای خواست کە ئەو ئۆپەراسیۆنە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی عەفرینی سووریا ڕایگەیاند: ​ تاران بەنیگەرانییەوە چاودێری دۆخی عەفرین دەکات و جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی یەکگرتوویی خاکی سوریا و رێزگرتن لە سەروەری ئەو وڵاتە دەکاتەوە و داوا دەکەین کە تورکیا بە پەلە ئۆپەراسیۆنەکە ڕابگرێت. بەردەوام بوونی ئاڵۆزی لە عەفرین پێدەچێت سەرلەنوێ گرووپە توندڕەوەکان بەھێزتر بکات و هەمدیسان ئاگری شەڕ لەناوچەکانی باکووری سووریا و ئاگری شەڕ و وێرانی هەڵبگیرسێنێتەوە.

ئێران لە بەیاننامەکەی خۆیدا بە داکۆکی لەوەی کە لە تەواو وڵاتان بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا وەک یەکێک لە لایەنەکانی دەستەبەرکەری ئاشتی چاوەروانی دەکرێت پابەند بن بە ڕەوتی جارەسەریی سیاسیی قەیرانی سووریا و ڕەوتی ئاستانە، داوای لە تورکیا کرد کە درێژە بە ڕۆڵی سازێنەر و بەرپرسانەی خۆی بۆ چارەسەریی سیاسی قەیرانی سووریا بدات.

ڕووسیا وەک یەکێکی دیکە لە وڵاتانی بەشداری دانوستانەکانی ئاستانەش بەیاننامەیەکی لە لایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بڵاو کردەوە  و بە ئاماژە بەوەی کە مسکۆ بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە هەواڵە هاوپەیوەندەکان بەو ئۆپەراسیۆنە، ڕایگەیاند کە پاڵپشتیی چەک و چۆڵی پێنتاگۆن لە گرووپە پاڵپشتکراوەکانی ئەمریکا لە سووریا بۆتە هۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا و ڕەوتی ئاشتیی لاواز کردۆتەوە. هاوکات بە گوێرەی ئەو بەیاننامەیە بڕیاری واشنتۆن بۆ دەسپێکی ڕاهێنان و مەشقی سەربازیی هێزەکانی پارێزەری سنووری لە سووریا بۆتە هۆی کاردانەوەی نەرێنیی ئەنقەرە.

لە درێژەی کاردانەوەکان بەو ئۆپەراسیۆنە (چڵی زەیتوون)، کۆشکی سپی-ش داوای لە بەرپرسانی ئەنقەرە کردووە کە خۆڕاگریی خۆیان بپارێزن و هۆشداری داوە کە ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە مەترسیی قەیرانی مرۆیی و تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە "فدریکا موگرینی" بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەکێتی ئەورووپاش بە دەربڕینی نیگەرانیی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین، وتی: گەڕەنتیی ئاسایشی خەڵکی سڤیل و گەیشتنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە لەو ئۆپەراسیۆنەدا زۆر گرینگە. ئەو ئۆپەراسیۆنە دەبێ فوکوس بکاته‌  سەر شەڕی دژ بە داعش و ئێمە نیگەرانی کاریگەرییەکانی لە سەر دانوستانەکانی ژێنێڤ-ین.

ئەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا ئەو ئۆپەراسیۆنە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی پێناسە دەکات و ڕادەگەیێنێت کە پێشتر وڵاتانی وەک ڕووسیا، ئێران و ئەمریکای لەو ئۆپەراسیۆنە ئاگادار کردبووەوە.

لە وتووێژ لە گەڵ "ئومێد شوکری کەلەسەر" شرۆڤەکاری باڵای ئاسایشی وزەی ئەتۆمی و تورکیا کە لە واشنتۆن دی سی دادەنیشێت، ئەو بابەتەمان تاوتوێ کرد کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

* ئامانجی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی عەفرین چیە؟

ـ نائەمنیی سنوورەکانی تورکیا پاش قەیرانی سووریا بە هۆی ئامادەبوونی گرووپگەلی چەکدار، کەڵکەڵەی سەرەکیی دەوڵەتی تورکیا بووە. ئۆپەراسیۆنێک کە لە ٢٠ی ژانڤیەدا لە ژێر ناوی چڵی زەیتوون لە لایەن سوپای تورکیاوە دەستی پێکردووە، لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوا لە ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیرکردنی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لە گەڵ سووریا لێکدراوەتەوە.

بە ئاوردانەوە لەوەی کە ئەو ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و "مافی پاراستنی خۆ" لە مادەی ٥١ی کۆنڤانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دراوە، لە یەکەمین ڕاگەیێندراوی سوپای تورکیا سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە، ئامانجی سوپای تورکیای دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی تورکیا لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا و بە پێی ئەوەی کە ئامادەبوونی کارای دەوڵەت و سوپای سووریا لەو ناوچەدا نابیندرێ و بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەو ناوچەیە و لەوان داعش و پەیەدە و پەکەکە ڕاگەیاندووە.

* هەندێک لایان وایە کە تورکیا لە رێگەی ئەو هێرشەوە بە دوای گەیشتن بە ئامانجگەلێکی ژئۆپۆلیتیکییەوەیە. ڕای ئێوە لەوبارەوە چیە؟

ـ دەوڵەتی تورکیا ئامانجی کۆتایی خۆی لەو ئۆپەراسیۆنە پاککردنەوەی ناوچە لە گرووپگەلی تیرۆریستی لە سنووری ئەو وڵاتە و پێشگری لە سازبوونی کۆردیدۆری کوردی ڕاگەیاندووە، چونکا پێکهاتنی کۆریدۆری کوردی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە. هەندێک لایان وایە کە ئەو ئۆپەراسیۆنە تا ئێستاش دواخراوە.

حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەوە دەترسن کە ئەردۆغان بە کەڵک وەرگرتن لە هەستی نیشتمان پەرەستیی خەڵکی تورکیا، هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆک کۆماریی بەڕیوە بردبێت و دەنگی زۆرینەی خەڵکی تورکیای مسۆگەر کردبێ و سەرۆک کۆماریی خۆی دەستەبەر کردبێت. بە ئاوردانەوە لە فەزای میدیایی تورکیا، ڕەخنە لە ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتوون بۆ ڕەخنەگران تێچووی زۆری بە دواوەیە.

لەو ماوەیەدا کرانە ئامانجی گوند و شارە سنوورییەکان و شوێنە گشتییەکانی تورکیا لە لایەن هێزەکانی پەیەدەوە، زیانی ماڵی و گیانیی بۆ دانیشتوانی سنووریی بە دواوە بووە. لە دوا هێرشی مووشەکیدا کچێکی 17 ساڵە گیانی خۆی لە دەست داوە. ئەو هێرشانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا وەک مەترسیی پەنگراو لە لایەن چەکدارانی پەیەدە لە دژی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە لێک دراوەتەوە و ئەوان بە پشت بەستن بەو هێرشانە، هەستیان بە زەروورەتی هێرش کردنە سەر گرووپە چەکدارە کوردییەکان کردووە.

* هەڵوێستی ڕووسیا هەمبەر بە ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتوون چ بووە؟

ـ ئەو ئۆپەراسیۆنە بە چرای سەوزی ڕووسیا ئەنجام دراوە. وەک دەبینین پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا لە مانگەکانی دواییدا پەرەی سەندووە و بەر لەو ئۆپەراسیۆنە پەیوەندیگەلێکی دیپلۆماتیک لە ئاستی باڵاترین بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی دوو وڵات ئەنجام دراوە و بە هۆی بوونی سیستەمی بەرگریی مووشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕووسیا لە سووریا ئیمکانی هێرشی ئاسمانی لە باکووری سووریادا بووە و ڕووسەکان بە کوژاندنەوەی ئەو سیستەمە مۆڵەتی هێرش کردنیان بە فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر بنکەی هێزە چەکدارە کوردەکان لە عەفرین داوە، دەنا تێچووی ئۆپەراسیۆنی زەوینی سوپای تورکیا بە بێ پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی قورس دەبوو و کوژرانی ژمارێکی زۆری هێزی سوپای تورکیای بە دواوە دەبوو.

* بە ئاوردانەوە لە ڕاگەیێندراوی درێژەی ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتوون لە مەنبەج لە لایەن تورکیاوە، ئەمریکا تا کوێ لە بەرامبەر تورکیادا دەوەستێت؟

ـ بە ئاوردانەوە لەوەی کە سوپای ئەمریکا ئامادەبوونی چالاکی لە ناوچەی عەفریندا نییە، ئەمریکا کاردانەوەیەکی توندی بە نیسبەتی ئەو ئۆپەراسیۆنە نیشان نەداوە. بەڵام وەک وتتان دەوڵەتی تورکیا لە درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکەی تا مەنبەج هەواڵی داوە. مەنبەج شوێنێکە کە لە پەنای چالاکیی هێزەکانی پەیەدە لەوێ، هێزیکی زۆری ئەمریکایی لێیە و خەریکی ڕاهێنان و مەشقی سەربازی دان بە هێزەکانی کوردین. تا ئێستا نزیکەی 5000 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری چەک و چۆڵی قورس لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە ڕەوانەی هێزە کوردییەکانی سووریا کراوە کە کاردانەوەی توندی بەرپرسانی تورکیای بە دواوە بووە.

ئەردۆغان گەلێ جار داوای لە ئەمریکا کردووە کە ناردنی چەک بۆ هێزە کوردییەکان کە ئەنقەرە بە تیرۆریستیان دەزانێ، ڕابگرێت، چونکا تورکیا پێی وایە هێزەکانی کوردی سووریا لقی سووریی پەکەکەن و بوونی ئەو هێزانە و پڕچەک کردنیان بە چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی، ئاسایشی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە.

حەوتەی ڕابردوو یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا وەڵامێکی گەنجاویان دەدرێتەوە. بە بڕوای من درێژەی ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتوون لە مەنبەجدا، بە ئاوردانەوە لە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە و دژایەتیی ڕاشکاوانەی دەوڵەت و سوپای ئەمریکا بەو ئۆپەراسیۆنە بۆ تورکیا تێچوویەکی زۆری دەبێت و پێکدادانێکی شیمانەیی لەو جۆرە کاریگەریی ئیجابیی لە بواری ناوچەیی و جیهانی بۆ تورکیا بە دواوە نابێت.

بە ئاوردانەوە لەوەی کە دەسەڵاتە ناوچەیی و بان ناوچەییەکان بۆ داهاتووی سووریا پلانگەلێکیان لە بەرچاو گرتووە، بوونی سنوورێکی دوورودرێژی سووریا لە گەڵ تورکیا و هەروەها بوونی جەماوەرێکی کوردی لە پێکهاتەی دیموگرافیای سووریا و کوردی تورکیا کە دوای ٤٠ ساڵ خەبات لەو وڵاتەدا هێشتا چارەسەر نەبووە، تورکیای هان داوە بۆ ڕۆڵ گێران بە شێوەی دیپلۆماسی و سەربازی لە قەیرانی سووریادا. لەمناوە پێکهاتنی کۆردیۆری کوردی و کانتۆنە سەربەخۆکانی کورد لە نزیکیی سنوورەکانی تورکیا کەڵکەڵەی سەرەکیی تورکیا بووە و هەیە.

* ئەو ئۆپەراسیۆنە چ کاریگەرییەکی لە سەر دانوستانەکانی سووچی-دا دەبێت؟

ـ دانوستانەکانی سووچی بۆ جارەسەریی قەیرانی سووریا لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت و هەر وەک ئاماژەمان پێدا ئۆپەراسیۆنی عەفرین بە چرای سەوزی ڕووسیا ئەنجام دراوە. لە دوا دەوری دانوستانەکانی سووچی-دا کە حەوتەی ڕابردوو بەڕیوە چوو، بانگهێشتی سەرکردەکانی گرووپی تیرۆریستیی مێعراج ئەورالی سووریا کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە هێرشێکی تیرۆریستی لە ڕەیحانلیی تورکیا بووە هۆی کوژرانی ٥٢ هاووڵاتیی ئەو وڵاتە،  بووە هۆی کاردانەوەی تورکیا بەو بانگهێشتە. ڕووسیا هاوکاتی ڕەزامەندیی بۆ ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتوون، پەیوەندی و جێ پێی خۆی لە گەڵ حکوومەتی ئەسەد – کوردەکان و گرووپەکانی دیکەی دژی ئەسەد پاراستووە و هەوڵ دەدا ڕۆڵێکی کاراتر لە داهاتووی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و بە تایبەت سووریادا بگێڕێت.

News Code 16702

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 5 =