پەرلەمانتاری عێراقی بۆ مێهر:

ڕەوتە سەرەکییەکانی عێراق بەشداریی هەڵبژاردن ده‌که‌ن

ناسەی هەواڵ: 4206235 -
حەبیب تەرەفی جەختی کرد، ڕەوتەکانی وەک هاوپەیمانی عەبادی، حیکمەی نیشتمانی، ڕەوتی سەدر و حەشدی شەعبی لە داهاتوودا ڕۆڵ دەگێڕن و پێویستە هاوپەیمانی شیعەکان هەمەلایەنە بێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – محەمەد فاتمی زادە: بە پێی بەیاننامەی کاتع زوبەعی سەرۆکی کۆمیساریای باڵا و سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێویستە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بە پێی دەستووری ئەو وڵاتە، ٤٥ رۆژ بەر لە کۆتایی ئەم خولەی پەرلەمان بەڕیوە بچێت و کاتی هەڵبژاردنەکان دەبێ بە بڕیاری هاوبەشی ئەنجومەنی وەزیران و کۆمیساریای باڵا و سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دیاری بکرێت و پاش یەکلابوونەوە و وەرگرتنی دەنگی نوێنەران، لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە حوکمی سەرۆکایەتی لە سەر بدرێت و لانی کەم ٩٠ رۆز بەر لە هەڵبژاردنەکان بە میدیاکان ڕادەەگەیێندرێت.

بە گەوێرەی ئەو بەیاننامەیە، رۆژی دووشەممە ١٢ی مەی ٢٠١٨ لە لایەن کۆمیساریای باڵاوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بە ئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیێندراوە. گرینگیی ئەو هەڵبژاردنە بەو هۆیەیە کە زۆربەی بەرپرسانی باڵای عێراقی دژی دواخرانی کاتی هەڵبژاردنەکانن.

هەر لەو پەیوەندییەدا وتووێژێکمان لە گەڵ دوکتۆر حەبیب تەرەفی پەرلەمانیاری عێراقی و ئەندامی هاوپەیمانی مەواتن سەبارەت بە دواگۆڕانکارییەکانی ئەو هەڵبژاردنە ساز داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* سەرەتا سەبارەت بە ڕەوتی هاوپەیمانییەکانی ئێستای نێوان ڕەوتەکانی شیعه بدوێن. داهاتووی ئەو هاوپەیمانیانە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق چۆن دەبینن؟

ـ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرینگییەکی زۆری هەیە و ڕواڵەتی نوێی عێراق لە بواری سیاسیدا نیشان دەدات. هاوپەیمانییەکانیش بەشێکن لەو ڕەوتە سیاسییە و بۆ داهاتووی عێراق لە بواری ناوخۆیی و دەرەکیدا و بە تایبەت پەیوەندی لە گەڵ دەوڵەتانی جیهانی و لەوان ئێران پلانی تایبەت بە خۆیان هەیە.

لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەمبەر بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیدا بە چەندین دەستە و گرووپ دابەش بوون، هەندێک لەوان بە بێ ئاوردانەوە لە دەرئەنجام مەترسیدارەکانی، هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەدەن؛ چونکە ئەوە هەڵگری پەیامی نالێهاتوویی عێراق بۆ تەواوکردنی ڕەوتی سیاسی دیموکراتیکی ئەو وڵاتەیە. هەندێک لایەنی دیکە خۆیان مەزلووم و ستەم لێکراو نیشان دەدەن، بەڵام هاوپەیمانی شیعەکان بە ڕووی هەموواندا کراوەیە. هاوپەیمانی ئێمە واتە هاوپەیمانی شیعه توانای وەدی هێنانی دروشمەکانمان بۆ هاووڵاتیانی عێراقیان پێیە.

* بە بڕوای ئێوە کام یەک لە ڕەوت و هاوپەیمانەکانی شیعه، سوننە و کرد لە داهاتووی سیاسیی عێراقدا ڕۆڵێکی پڕڕەنگتر دەگێڕن؟ تا چەند گرووپە شێعەکان پێکەوە تەکووزیی ئەندێشە و فیکریان هەیە؟

ـ لام وایە ڕەوتگەلێکی وەک هاوپەیمانی عەبادی، حیکمەی نیشتمانی، ڕەوتی سەدر و حەشدی شەعبی لە داهاتوودا ئامادەبوونێکی بەرچاویان هەیە. سەرەڕای سیاسەتی دەرەگا کراوەکانی شیعە لە لایەک و ژمارەی باڵای دامەزراوە و کورسیەکانی شیعه لە لایەکی دیکەوە، هەمدیسان هاوپەیمانی شیعەکان دەبێ گرووپێکی دیکە بە ئەندێشەی جۆراوجۆرەوە لە خۆ بگرێت و بەربڵاوتر بێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ لە داهاتوودا  بە ئاسوودەیی زیاترەوە و حکوومت بکات و مافی خەڵکی بپارێزێت.

ئەوە هەمان پێشنیار و داکۆکیی مەرجە باڵاکان لە نەجەفی پیرۆزن. ئاستی باڵای دەنگی شیعەکان لە پارێزگا جۆراوجۆرەکاندا تا ڕادەیەک دیار و ئاشکرایە، بەڵام لە هەندێک پارێزگای وەک بەغدا، دیالە و ... ئەگەری بەرزبوونەوە یان دابەزینی دەنگی شیعەکان هەیە.

* سەبارەت بە هاوپەیمانی گرووپه‌ سوننەکان و هەروەها کوردەکان بە تایبەت دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان چۆن بیر دەکەنەوە؟

ـ بوونی نزیکەی ملیۆن و نیوێک ئاوارەی سوننە لە هەرێمی کوردستان جێگەی نیگەرانییە؛ بەو هۆیەی کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ئاوارانە دەنگی خۆیان بە کوردەکان بدەن. چوار ساڵ لەوە پێش سوننەکان بە بێزراوی لە شێعەکانیان دەڕوانی و لایان وابوو کە شیعە هەوڵی لە ناوبردنی سوننە دەدات، بەڵام ئەمڕۆ لە سای لە خۆبوردوویی حەشدی شەعبی بۆ پاراستنی گیانی سوننەکان، ئەو ڕوانگەیە هەمبەر بە شیعه گۆڕاوە.

ئێستا تایفەگەریی ۶ یان ۷ ساڵی لەوە پێش نەماوە و ورەیەکی نیشتمانی لە نێو خەڵکدا پەرەی سەندووە. هەمووان لە پێناو تۆکمەکردنی شوناسی نیشتمانی و عەرەب جا یان سوننە بێت یان شیعه هەوڵ دەدەن. کوردەکانیش وەک هەموو هاووڵاتیان مافی یاساییان هەیە و هەڵبەت بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم کێشەگەلێکی بۆیان نایەوە و ڕەنگە هەندێک لە سوننەکان بەو هۆیە لە شیعەکان نزیک بوونەتەوە.

* بە پێی دەستووری عێراق گرووپە سەربازییەکان مافی بەشداربوون لە هەڵبژاردەکانیان نییە. بەو پێیە داهاتووی چالاکیی حەشدی شەعبی لە بواری سیاسی عێراقدا چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ حەشدی شەعبی کوتلەیەکی فەرمی و یاسایی سەربازی و لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە و بە پێی یاسای دامەزراوە سەربازییەکان دەتوانن بەشێک لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکان بن. بەڵام نەک وەک دەنگدەر، بەڵکوو وەک بەربژێری هەڵبژاردنەکان.

حەشدی شەعبی و فتوای ئایەتوڵڵا سیستانی لە سەرکەوتنی عێراق بە سەر داعشدا ڕۆڵێکی گرینگیان بووە و دەبێ مافی سیاسیی حەشدی شەعبی لە داهاتوودا دەستەبەر بکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەیانەوێ دەسکەوتەکانی حەشد کەبایەخ نیشان بدەن، بەڵام بە گشت ئەوانە حەشدی شەعبی خاوەن پێگەیەکی تایبەتە لای خەڵکی و تەنانەت ڕەوتە سیاسییەکانیش. کەواتە دەبێ مافی خۆی وەک دامەزراوەیەکی سەربازی پێبدرێت.

* ئایا دەوڵەتانی دەرەکی و عەرەبی بە تایبەت عەرەبستانی سعوودی گوشار دەخەنە سەر هەندێک لە گرووپگەلی سیاسیی عێراق و بە دوای وەدی هێنانی ئامانجەکانی خۆیان لە عێراق دان؟

ـ ئەگەر حزبە سیاسیییەکانی عێراق تەنیا یەک یا دوو حزب بایە، هەلی گوشارخستنە سەر ڕەوتی سیاسی بۆ ئەو دەوڵەتانە دەڕەخسا، بەڵام لە ئێستادا دەیان حزب و ڕەوتی سیاسی لە عێراقدا چالاکن کە ناچنە ژێر کاریگەریی ئەو گوشارانە.

هەندێک لە ڕەوتگەلی سوننەش کە پێشتر لە لایەن وڵاتانی ناوچە و لەوان سعوودی، ئیمارات، قەتەر، ئۆردۆن و تورکیا پاڵپشتی دەکران، ئەزموونێکی ناخۆشیان لە پاڵپشتی کران لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە لە کاتی هێرشی داعش هەیە و ئێستا هەلومەرجەکان بۆ ئەو گرووپگەلە سوننەیەش ئاشکرایە.

هەڵبەت سوننەکان پێویستیان بە پەیوەندیی ستراتژیکی لە گەڵ وڵاتانی دیکە هەیە؛ ڕێک وەک پەیوەندیی ئێمە لە گەڵ ئێران، کە پەیوەندییەکی ستراتژیکە، بەڵام ئاستی ستراتژیکی بوونی پەیوەندییەکان پێکەوە جیاوازن. چونکە پەیوەندیی ئێمە بە پێی جیهادە و پەیوەندیی ئەوان درۆیینە. کەواتە ڕوانگەی ئێستای گرووپگەلی سوننەش بە نیسبەتی وڵاتانی ناوچە وەک جاران نەماوە.

ناردنی بۆچوون

3 + 0 =