ڕووناک کردنه‌وه‌ی مێژوو و فه‌رهه‌نگ

سنه‌- کاتێک که‌ ده‌ست نووسه‌کان هه‌ڵه‌چنی ده‌کرێن و وه‌به‌ر ده‌ستی بلیمه‌تان ده‌خرێن بایه‌خیان سه‌د ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ پشکمان له‌ ڕووناک کردنه‌وه‌ی مێژوو و فه‌رهه‌نگدا ببێت.

هه‌واڵده‌ریی مێهر- گرووپی پارێزگاکان؛ ئیسماعیل ئه‌حمه‌دی*: نۆهه‌مین فستیڤاڵی فارابی له‌ به‌شی نێوده‌وڵه‌تی ڕێزی له‌ ته‌مه‌نێک هه‌وڵ و تێکۆشانی پڕبایه‌خی مامۆستا محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی نڤیسیار، نووسه‌ر و وه‌رگێری ناوداری کوردی خه‌ڵکی سلێمانی گرت.  

مامۆستا قه‌ره‌داغی بێ گومان ئێستا پربه‌رهه‌مترین و ناسراوترین ده‌ست نووس ناسی زیندووی کورده‌ که‌ زیاتر له‌ ۵۰ به‌رهه‌می ناسراوه‌ی له‌ بواری ناسینه‌وه‌ی ده‌ست نووسی کوردی هه‌یه‌ .

گرینگایه‌تی کاری مامۆستا له‌وه‌دایه‌ که‌ به‌شێکی گه‌وره‌ له‌ مێژوو، فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کورد که‌ ته‌واوکه‌ر و شرۆڤه‌ده‌ری گه‌وره‌یی مێژوو و شارستانیه‌تی کورده‌کانه‌ له‌ ناو ده‌ست نووسه‌کاندایه‌. ئه‌م به‌ڵگه‌ پڕبایه‌خانه‌ ئه‌وپه‌ری ئه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌ستی ده‌ڵاڵاندا بفرۆشرێت به‌ڵام له‌ ده‌ستی مامۆستا قه‌ره‌داغیدا ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌یه‌کی پڕبایه‌خ که‌ به‌وه‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌ناسرێت.

مامۆستا قه‌ره‌داغی له‌ کۆبوونه‌ه‌وه‌ی ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌مه‌ ۲۷ی به‌فرانبار که‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی کوردستان ناسیوه‌ له‌ زانکۆی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، وتیان که‌ ئێستا پڕۆژه‌یه‌کی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌ ناوی عه‌لاقه‌ و موحه‌به‌تی کورده‌کان بۆ قورئانی پیرۆز.

ئه‌م پڕۆژه‌ لایه‌نه‌کانی هۆگری و عه‌لاقه‌ و چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وتی کورده‌کان له‌گه‌ڵ ئیسلام و قورئان به‌ یارمه‌تی به‌ڵگه‌ نووسراوه‌کان نیشان ده‌دات. مامۆستا وتیان که‌ چه‌ندین ده‌ست نووسی بێ وێنه‌ و پڕبایه‌خیان وه‌ده‌ست هێناوه‌ که‌ به‌ ڕاستی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ کورده‌کان به‌ خواستی خۆیان ئیسلامیان قبووڵ کردووه‌. بۆ وێنه‌ که‌سێک له‌ مه‌ودای ۵۰ ساڵدا دوو جار قورئانی پیرۆزی نووسیوه‌ته‌وه‌ که‌ نیشانه‌ی ئه‌وپه‌ڕی عه‌لاقه‌ به‌م کتێبه‌ پیرۆزه‌یه‌.

 به‌ڵام به‌ بیانووی ڕێزگرتنی فستیڤاڵی فارابی له‌ مامۆستا قه‌ره‌داغی باس کردن له‌ چه‌ندین خاڵ پێویست ده‌نوێنێت.  یه‌که‌م  ڕه‌خنه‌ له‌ میدیا و ڕۆژنامه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی که‌مترخه‌م بوون به‌رانبه‌ر ئه‌م رووداوه‌ و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، وا دیاره‌ هێشتا میدیاکانی ئێمه‌ نه‌یانتوانیوه‌ په‌یوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ بابه‌تی فه‌رهه‌نگدا بگرن و ئه‌سیری شته‌ ڕۆژه‌ڤ و ناسراوه‌کانن، جگه‌ له‌وه‌ نازانم ناوی ئه‌م بێده‌نگیه‌ سامناکه‌ بنێم چی.

 خاڵی دووه‌م ڕوانگه‌ی فستیڤاڵی فارابی له‌ گرینگی دان به‌م بلیمه‌ته‌ گه‌وره‌ و ناسراوه‌ی کورده‌ جێگای ڕێز و سپاس و پێزانینه‌ چونکوو ته‌وه‌ری چالاکییه‌کانی مامۆستا قه‌ره‌داغی له‌ که‌متر شوێنێکدا گرینگی پێده‌درێت. هیوادارم ئه‌م ڕه‌وته‌ به‌رده‌وام بێت و دزه‌ بکاته‌ دیکه‌ی به‌شه‌کانیش چونکوو کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ پته‌وکردنه‌وه‌ی بناغه‌ شوناسی و فه‌رهه‌نگیه‌کان له‌ ناوچه‌که‌دا.

له‌ کۆتاییشدا ده‌بێ بڵێم بابه‌تی ناسینه‌وه‌ و هه‌ڵه‌چنی ده‌ست نووسه‌کان بابه‌تێکی زۆر گرینگه‌ و له‌سه‌ر هه‌موومانه‌ که‌ ئه‌م به‌ڵگه‌ شوناسیانه‌ بپارێزین و ڕاده‌ستی ده‌ڵاڵانی نه‌که‌ین یان ئه‌وه‌ی که‌ به‌ دوگمی له‌ ماڵدا بیشارینه‌وه‌، چونکوو به‌و جۆره‌ ده‌بینه‌ هۆکارێک بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێک له‌ مێژوومان له‌ تاریکدا بشاردرێته‌وه‌. ئه‌م به‌ڵگانه‌ کاتێک که‌ رێکو پێک ده‌کرێن و ده‌خرێنه‌ به‌ر ده‌ست بلیمه‌تان بایه‌خیان دوو ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵکوو سه‌د ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ له‌ رووناک کردنه‌وه‌ی مێژوو و فه‌رهه‌نگدا به‌شدار بین.

* به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کتێبخانه‌ گشتیه‌کانی کوردستان

News Code 16159

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 11 =