ڕاپۆرتی گاردیەن لە بەرەی پێشەوەی شەڕی داعش؛

ڕاوی دوایین پاشماوەکانی داعش لە ڕەقەی سووریا

ناسەی هەواڵ: 4112262 -
گرووپی تیرۆریستیی داعش لە شاری ڕەقە بۆ دەرخستنی دڕندەیی خۆیانکەڵک وەردەگرن لە ئێستادا هەستێکی قووڵی تۆڵەئەستاندنەوە لە دواقۆناغەکانی شەڕدا شەپۆل دەدات.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە گاردییەن، ئەبوو عەواد چەکدارێکی نەترس و لێهاتووی داعش نیگەران و شێواوە. خورد و خۆراکی هێزەکانی کە لە ژێر وێرانەی بینا بۆردومان کراوەکان ماونەتەوە، ڕوو لە تەواوبوونە و خەریکە تاقەتی خۆیان لە دەست دەدەن.

چەکدارێکی دیکە بە ناوی "ئەبوو ئۆسامە" کە لە گۆشەیەکی دیکەی بەرەکانی شەڕی ڕەقەیە، لە رێگەی بێسیمەوە داوای یارمەتی دەکات و دەڵێت: "ئاومان بۆ دەستنوێژ نییە. دەوا و دەرمانی پێویستمان بۆ نەخۆشەکان پێ نییە".

پیاوێک بە دەنگێکی ماندووە وەڵامی دەدەاتەوە: "تەیەموم بگرن، بەیانی ئاوتان بۆ دەنێرم".

شەڕڤانان لە بەرەی پێشيوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ڕەقە
شەڕڤانان لە بەرەی پێشيوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ڕەقە

شەڕڤانێکی گەنجی کورد لە رێگەی فرێکانسی ڕادیۆییەوە گوێی داوەتە ئەم پەیامانە و دەنگی پیاوەکە دەناسێتەوە: "ئەو بە ڕەچەڵە سوورییە، ئەبوو ئۆسامە فەرماندەیانە. جارێک هەر لەم فرێکانسەوە هەڕەشەی لێ کردووین کە "ئێوە دەسووتێنین و تەرمەکانتان دەخەینە ژێر خاک"، ئەوسا پێویستی نەدەکرد جوابی بدەینەوە".

نزیکەی ۳۰۰ چەکداری داعش لەو شارە ماونەتەوە و خزیونەتە گۆشەیەکی پایتەختی خۆخوازراوی خەلافەتی داعش، کە نزیکەی ٥ مانگ شەڕی بەردەوام کردوویەتییە تەلێک لە وێرانە.

هێزەکانی هەسەدە لە ئۆتۆمبیلە سووتاوەکان وەک لەمپەرێک بۆ داخستنی جادە کەڵک دەبەن
هێزەکانی هەسەدە لە ئۆتۆمبیلە سووتاوەکان وەک لەمپەرێک بۆ داخستنی جادە کەڵک دەبەن

تیرۆریستانێک کە لەو شارەن، ڕوویان لە هەڵاتن ناوە. چارەنووسی ئەوان لە وێرانەکانی شارێکدا دیاری دەکرێت کە زیاتر لە ٤ ساڵ لەوە پێش شوێنی سەرهەڵدانی زێدەڕۆیی داعش لە سووریا بووە.

ئێستا ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لەوە شارە بە جێ ماوە، لە لابەلای بیناکان و خانووە ڕووخاوەکان دەگاتە گۆرەپانی "تاوەری کاتژمێر (Clock Tower Suare)". داعش لە سێدارەدانەکانی لەو گۆرەپانەدا ئەنجام دەدا و دانیشتووانی شاری بۆ دیتنی لە سێدارەدانەکان بانگهێشت دەکرد. لە ساڵی ۲۰۱۳ەوە ئەو گۆرەپانە سادەیە ببووە هێمایەکی جیهانیی هەڕەشە و دڕندەیی داعش.

دوو شەقامێک کە دەگەنە ئەو گۆرەپانە بە خشت و کانزا خواربووەکان داپۆشراون. تاک‌تیرهاوێژەکانی داعش لە هەر دوو شەقامەکان خۆیان حەشار داوە. لە دەستدانی ئەو گۆرەپانە بۆ داعش گران تەواو بووە، چونکە ئەو گۆرەپانە هێمای دەسەڵاتی ئەو گرووپە لە شارێکدا بووە کە لە ساڵی پارەوە دەستی کردووە بە دۆڕاندنی. تاک‌تیرهاوێژە کوردەکان دیوارەکانیان کون کردووە و لەو کونانەوە گۆرەپان و کاتژمێرە بەرزەکەی دەبیندرێت.  

لە کاتێکدا کە داعش هەوڵی دەدا مزگەوتی گەورەی "النوری" لە مووسڵ بکاتە هێمای خوداناسی و ئیمانی خۆی، گۆرەپانی کاتژمێری ڕەقە ستەم و دڕەندەیی ڕووتی ئەو گرووپەی ئاشکرا دەکرد. دەرمانسازێکی خۆجێی بە ناوی "ئیسماعیل" کە شەش مانگ لەوە پێش لە ڕەقە هەڵاتووە و تەڤلی شەڕڤانانی هەسەدە بووە، وتی: "هەموو مانگێک ۱۳ کەسیان لەو گۆرەپانە لە سێدارە دەدا. داعشییەکان بە ڕووبەندەوە لە هاوێری گۆرەپانەکە دەوەستان و بە بڵیندگۆوە خەڵکیان بانگهێشتی دیتنی لە سێدارەکان دەکرد".

"گەرووی سیخۆرەکانیان لە پێشەوە دەبڕی. سزای کوفربێژان و بکوژانیش هەر ئەوە بوو. سەری سێحربازانیان لە پشتەوە دەبڕی و بۆ کوشتنی ژنان بەردەوام لە نزیکەوە تەقەیان لێ دەکردن".

تەواو پیاوان و کوڕانی شەڕڤانی هێڵی پێشەوە کە زۆربەیان لە خەڵکی خۆجێی ڕەقەن، باس لە ڕاستیگەلێکی سەیروسەمەرە دەکەن کە پێش لە خەلافەتی داعش مومکین نەبوو و هیچکات ڕووی نەدابوو. "مووسا"ی ۲۱ ساڵە ئاماژە بە وێرانەی خانوویەکی خوارەوەی جادەکە دەکا و دەڵێ: "هاتن براکەمیان لە ماڵێ بردەدەر. سەریان بڕی و لەشیان بە خاچیکەوە لە نزیکیی حەلەب هەڵواسی. تەنانەت مۆڵەتیان پێ نەداین لە هۆکاری کوشتنەکەی بپرسین". شەڕڤانێکی دیکە لە ڕەقە بە ناوی "ڕامی"یش براکەی لە لایەن داعشەوە کوژراوە و وتی: "ئەوان سووریایی و لە خۆمان بوون، دەنا ڕووخساریان بە دەمامک و ڕووبەند دانەدەپۆشی. ئەوان دایکیشمیان لە بازگەیەکی پشکنیندا کوشت".

"دالیل" (چەپ) لە شاری باتمانی تورکیا و "حازم" لە کۆبانی لە بنکەکەیان لە ڕەقە

شەڕڤانان لە بینایەکی سێ نهۆمی لە دوو مایلیی باشووری مەیدانی کاتژمێر جێگر ببوون. ژوورەکانی بیناکە پڕ بوو لە خۆراکیی گەنیو و مێش تێی ئاڵابوو. یەکێک لە دەرگانەکانی بنکەکەیان بە ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگری هەڵگەڕاوە و ئەوی دیکەیان بە دیوارەیەک لە خێز داخستبوو. شەڕڤانێکی کورد و خەڵکی کۆبانی بە ناوی "حازم" لە نهۆمی دووهەمەدا بوو. ئەو بە تاقە دەستێکەوە ڕادیۆکەی بە گوێوە گرتبوو و فەرمانی دەدا. دوو ساڵ لەوە پێش دەستی چەپی لە شەڕی بەرگری لە زادگەکەی لە دەست داوە و کاتێک کە دەستی بۆ رێنوێنی کردنی هێزەکانی ڕادەوەشێنی، پێدەچیت کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر دادەنێت.

ڕێک بەر لە گوڕستان کە داعش تەواو کێلەکان و بەردە گوڕەکانی شکاندووە، شوێنێکی لێیە کە شەوی پێشتر ٦ شەڕڤانی گەنجیان ناردبووە ئەوێ بۆ گەمارۆدانی داعشییەکان. بەڵام شوێنەکەیان ئاشکرا بوو و دوو کەسیان کرانە پلاماری ئارپی‌جی و ٤ کەسی دیکەیان لە گەمارۆکە دەرباز بوون. حازم لە سەر باڵکۆنەکە پیاسە دەکات و لەو کاتەدا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش دەسپێدەکات. شەپۆلی تەقینەوەکان لە دیوارە کۆنەکانی شارەوە تێپەڕی و گەیشتە مۆڵگەی داعشییەکان. دوای ماوەیەکی کورت، حازم  گوێی لە دەنگی پیاوێک بوو کە لە ڕادیۆوە هاواری دەکرد: "هامەر بنێرن، ذو شەهید و چوار بریندارمان هەیە".

کاتژمێرێک دواتر، جیپێکی زرێپۆش کە لە لایەن ئەمریکاوە دابین کرابوو، گەیشتە ناو شەقامەکە. لاقی مردووان لە پشتەی جیپەکە شۆڕ ببووەوە و بریندارەکان خرابوونە پێشەوەی جیپەکە. لۆرییەک ڕووی کردە هامەرەکە. دوو تەرمیان بە پەتۆوە بەرزکردەوە و بە ئەسپایی خستیاننە پشت لۆرییەکە. بریندارانیش پاش ئەوان چوونە ناو لۆرییەکە. کوڕێکی گەنج، شەکەت و شکستخواردوو سەری خستبووە سەر تەرمەکان و لۆرییەکە بەرەو دەرمانگەی پزیشکی وەڕێکەوت.

شەڕڤانێکی برینداری هەسەدە بە رێگەی دەرمانگەی پزیشکی

تاقە کەسێکی سڤیل-یش لە رۆژهەڵاتی ڕەقەدا نەماوە. لە نەبوونی خەڵکیدا، وێنە و درۆشمگەلی نەخشێنراوەی سەر دیوار و وێرانەکان لە بری دانیشتووانی پێشووی ئەو شارە، داگیرکەران و گرووپە شەڕکەرە نێودەوڵەتییەکان دەدوێن. پەیامێک لە لایەن داعشەوە نووسراوە: "ئەوەی خەڵکی لە گوناهکاران جیادەکاتەوە، نوێژە". پەیامێکی دیکە دەڵێت: "ڕەقە لە بوونی تیرۆریستە بۆگەنەکان پاک دەبێتەوە". ئانارشستە یۆنانییەکان، کوردەکان و عەرەبەکان پەیامگەلێکیان لە سەر ئەو دیوارانە لە خۆیان بە جێ هێشتووە.

لە هەر دوو بەرەی شەڕدا پیاوان و ژنانێک لە سەرتاسەری جیهان بۆ شەڕ ڕێز بوون. ئەندامانی گرووپگەلی چەپ‌گەرا، ئەمریکییەکان، تورکەکان، ئەڵمانییەکان، ئیسپانییەکان و هتد. هاوکات کەمینەگەلێک لە سەرتاسەری ناوچە تەڤلی هەسەدە بوونە.

لە ناوەندی پزیشکی دوو کچە ئێزدیشی لێیە. ئەوان لە دواساڵانی میرمنداڵیاندان، بەڵام بە ڕواڵەت پیرتر نیشان دەدەن. کچەکان خەریکی خاوێن کردنەوەی حەوشەی دەرمانگەن کە کوژراوان و بریندارەکان دەگەنە ئەوێ.

شەڕڤانێکی هەسەدە

پزیشکێکی کوردی تورکیا بە ناوی "ئاکیف" لەوی وەستاوە و خێرا چاوێک بە زامی بریندارەکاندا دەخشێنێ و دەڵێت: "تەنیا چەند گەنجی هەرزەن کە پێویستیان بە ڤیتامینە. هیچیان لێ نەهاتووە و دەتوانن بگەڕێنەوە و شەڕ بکەن".

ئاکیف لە دەرمانگەدا پلەیەکی بەرزی هەیە. دوو کوردی دیکەش کە لە هێڵی پێشەوە هێنراونەتەوە، خەڵکی تورکیان و پلەیەکی بەرزیان هەیە.

کەمێک لەولاوەتری ناوچەیەک بە ناوی "سەمرا" لە هاوێری ڕەقە، ژنێکی سی ساڵە بە ناوی "هێڤدا"ی لێیە کە بنکەیەکی چکۆلە و هەستیار ئیدارە دەکات.  ئەو زەوی گسک لێ‌دەدا، چێشت لێ دەنێت، نیگابانی دەدا و هەرکات کە بیەوێت، دادگەیەک بەڕێوە دەبات. هێڤدا وتی: "کاتێک دەست دەدەیتە کارێک و دەزانی کە کارێکی دروستە، جەربەزەی ئەنجام دانی بە دەست دەهێنێت". کەسێک بە ناوی "دەلیل" لە شاری باتمانی تورکیا لەو بنکەدایە و دەڵێ: "کێشەی تورکیا ئەوەیە کە بۆتە ئاوێتەیەک لە سەرمایەداری و تۆتالیتاریزم. بەرپرسانی تورکیا ڕۆڵێکی دزێۆ لە ناوچەدا دەگێڕن. سەردەمی سوڵتان (ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان) ڕوو لە کۆتاییە".

هێڤدا

ژمارەی هێزە خۆبەخشە عەرەبەکان کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەکەن، لە بەرەکانی شەڕدا زۆرن. هیچکام لەو گرووپانە دان بەو ڕاستییەدا نانێن کە ئامادەبوونی خەڵکی خۆجێی لەو شەڕەدا ڕەنگ و بۆنی تۆڵەئەستاندنەوەی کەسێنیی پێوە دیارە.

لە نزیکیی هێڵی پێشووی شەڕ، پیاوێکی ٢٥ ساڵە بە ناوی "ئەلیاس" لە حەسەکە بە دەستێکییەوە ڕادیۆی داعش و بە دەستێکی دیکەیەوە دەزگایەکی بۆ قسە کردن لە گەڵ هێزەکانی پی‌بوو. ئەو دەیوت کە پۆلێن بەندیی ڕەقە تا ئێستا بە سوود بووە و پلانی هێرشی ئاسمانیی وردبینانە لە لایەن هاوپەیمانی ئەمریکاوە داڕێژراوە: "داعشییەکان دەزانن ئێمە ئەوان ئەشکەنجە نادەین. من تەنانەت نەفرەتیشم لێیان نییە. ئەوان مرۆڤگەلێکی گەمژەن و زەینیان شتراوەتەوە. ئەگەر ئێمەش وەک ئەوان بجووڵێینەوە، جیاوازییەکمان لە گەڵ ئەواندا نییە".

ئەلیاس هێزەکانی لە ڕەهێڵێکی هەڵکەنراوە لە لابەلای دیوارەکانی نزیک بە هێڵی پێشەوە بەرەو خانووەکانی ڕووبەڕوو دەبات. داعشییەکانیش هەر لەو رێگاوە تێدەپەڕین. باسکیلێک لە ناو وێرانەکانی شەڕ لەو ژوورەدابوو. لە پەنای خۆراکە گەنیوەکان، جل و بەرەگی قەبە و دڕاو و کتێبگەلی ئیسلامیش دەبیندرێن. شەڕڤانانی عەرەب لە پشت دیوارەکە و لە سەربان خۆیان حەشار داوە کە فرۆکەیەکی جەنگی بنکەی داعشییەکان دەکاتە ئامانج. دوو تەقینەوە تەواو ناوچەکە دادەگرێت و ئەلیاس هاوار دەکات: "حەز بە تامی شەڕ دەکەم، تامێکی خۆشی هەیە".

تیرۆریستان رۆژ لە دوای رۆژ ماندوو و ماندووتر دەبن و پیاوانێک کە ڕاویان دەکەن، ئیدعا دەکەن کە ئەوان بوونەتە هۆی لاوازابوونی داعشییەکان. فەرماندەکان لە سەر ئەو بڕوایەن کە شاری ڕەقە لە ماوەی چوار تا شەش حەوتەی داهاتوو ئازاد دەکرێت و چیتر جێیەک بۆ خۆشاردنەوەی داعش نامێنێت.

ڕەقە ڕووداوگەلێکی زیاتر لە شەڕی ئەزموون کردووە. ڕۆحی شار تەواو تێکشکاوە. "ئەحمەد عیسا" خوێندکارێکی ٢٥ ساڵەیە و دەڵێت: "هەموو شتێک لە ناو چووە. باوک و دایکم هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ ئێرە و من ئیزنی ئەوە نادەم خوشکەکانم هەرگیز ڕوو لەم شارە بکەن".

ژێدەر: گاردییەن

ناردنی بۆچوون

8 + 8 =