ڕاپۆرتی شرۆڤەیی؛

ئەمریکا و داعش؛ سوپای جێگرەوە به‌ ڕواڵه‌تی ناوچەیی

ناسەی هەواڵ: 4110578 -
ئەمریکاییەکان بەردەوام پاگەندەی بەرەنگاربوونەوە داعش لە رێگای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەن، بەڵام بەڵگە و دایکۆمێنتەکان لە ناوچە بندەستەکانی تیرۆریستان بە تایبەت لە سووریادا پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فەرزاد فەرهادی: بەردەوام ڕاگەیاندنەکان هەواڵ لە پاڵپشتی کردنی ئاشکرا و بەنهێنیی ئەمریکاییەکان لە داعش بڵاودەکەونەوە. هەندێک لە هەواڵەکان باس لە هەلی بۆرنی ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی بندەستی داعش و گواستنەوەی سەرکردەکانیان بۆ ناوچەگەلێکی دیکە دەکەن و هەندێک لە هەواڵەکانی دیکەش بە تایبەت لە لایەن ڕووسەکانەوە ئاماژە بە هاوتەریب‌بوونی واشنتۆن و داعش دەکەن.

ئیگۆر کۆناشێنکۆف وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە هێرشی داعش بۆ سەر هێزەکانی ڕووسیا لەو ناوچانەی کە هێزە ئەمریکاییەکان تێیدا جێگرن هەواڵی دا. بە وتەی ئەو، لە بەرواری ٢٨ی سێپتامبری ٢٠١٧دا داعش هەوڵی داوە بەرزاییەکانی قەریتین گەمارۆ بدات. لەو ئۆپەراسیۆنەدا تیرۆریستان لە ڕێڕەوە شاراوەکانەوە هێزە دەوڵەتییەکانیان دەور داوەتەوە و ئاگاداریی وردی پێگەی ئەو هێزانە بوون؛ زانیاریگەلێک کە تەنیا لە رێگەی پشکنینی نهێنیی ئاسمانییەوە مومکینە.

وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕاشیگەیاند: ڕووسیا هێشتا بە وەڵامی ئەو پرسیارە نەگەیشتووە کە هێزی سەربازیی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا لە گەڵ کێ و لە دژێ کێ شەڕ دەکات. لە گرتە و وێنە بە دەست هاتووەکان لە مۆڵگەکانی داعش کە لە ئێستادا لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، هیچ بەڵگەیەک لە شەڕ و پێکدادانی سەربازی یان هێرشی مووشەکی و تۆپخانەیی بە دەستەوە نییە. ئەو بەڵگانە تەنیا ئەو پرسیارە دەورووژێنن کە لە ڕاستیدا هێزە سەربازییە تایبەتییەکانی ئەمریکا لە سووریا لە گەڵ کێ و لە دژی کێ شەڕ دەکەن؟

سپۆتنیک بە گێرانەوە لە کۆناشێنکۆف وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بیری هێنایەوە: ئەمریکا دەڵێت دوا هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر بنکەی هێزەکانی سووریا لەو ناوچانەی کە تێیدا جێگرن، بە هەڵکەوت بووە، کەواتە ڕووسیاش دەتوانێت تەواو ئەو بە هەڵکەوت بوونانە لەو ناوچانە لە ناو ببات.

سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکایی و پاڵپشتیان لە داعش سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند: داعش ڕوو لە ناوچوونە و ئەو لایەنەی شەڕی داعش دوادەخات و ئاستەنگ دەخاتە بەردەم لە ناوچوونی داعش، ئەمریکاییە. ئەمریکا خوازیاری کۆتایی داعش لە چیاکانی ئەلعەین، راس بەعلبەک و ئەلقاع نییە و بۆ وەستانی شەڕ گوشاریان خستە سەر سوپا و دەوڵەتی لوبنان و هەڕەشەیان کرد. ئەوەی لە ناوچەدا ڕوو دەدات پلانی ئەمریکا – سعوودییە و لە عێراق و لوبنان شکستی هێنا و لە سووریا کەوتۆتە سەر ڕەوتی چارەنووس و کۆتایی.

بەڵگەیەکی دیکە سەبارەت بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە داعش لە لایەن بەرپرسێکی باڵای سوپای سووریاوە خراوەتە ڕوو و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە چەک و جیهازاتی سەربازیی ئەمریکا ئاراستەی داعش و بەرەی نوسرە کراوە.

ژینڕاڵ عەلی ئەلعەلی سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا لە کاتی نمایشدانی چەک و چۆڵە دەست بەسەردا گیراوەکان لە تیرۆریستانی داعشی ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بری پڕچەککردنی بەرهەڵسکارانی سووریا، تیرۆریستانی داعش و بەرەی نووسرە پڕچەک دەکەن.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە سوپای سووریا لەوە ئاگادار بۆتەوە کە لە مەودای زەمانیی ژوئەنی ڕابردوو تا ١٥ی سێپتامبر لانی کەم ۱۴۲۱ وەجبەی چەک و جیهازاتی سەربازی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، گەیاندراوەتە ڕادەستی تیرۆریستانی داعشی و بەرەی نوسرە کراوە.

هاوکات ژینڕاڵ محەمەد عیسا کارناسی سەربازی و ستراتژیکی سووریاش وتی: داعش سوپای جێگرەوەی ئەمریکایە بەڵام بە داپۆشینی خۆجێی کە لە رێگەی ئەوەوە، هەوڵ دەدرێت گۆڕانکاریی ژئۆپۆلیتیکی گرینگ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤیندا جێگر بکرێت. ئەمریکاییەکان دەڵێن ئەو یارمەتییانەی لە رێگەی ئاسمانەوە بە چەتر گەیێندراوەتە دەستی تیرۆریستان، هەڵە بووە. بەڵام چۆنە کە دەیان کیلۆمەتر هەڵە دەکرێت؟

عیسا ئاماژەی بەوەش داوە: بنکەی تەنەف میحوری فریاکەوتنی لۆجیستیکیی داعش و هاوپەیمانانیەتی.

شایانی باسە کە لە بنەڕەتدا سیاسەتگەلی رۆژئاوا لە سەدەی بیستەمدا ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە لە ناسەقامگیری و پەرەدان بە هەژمۆنیای دیکتاتۆریی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە سەدەی بیست و یەکەم ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە لە سەرهەڵدانی ڕەوتی سەلەفی و داعشی و دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا بە تایبەت لە داگیرکردنی عێراقدا، کارەساتێکی گەورەی لە مێژووی ناوچەدا تۆمار کرد و بووە هۆی ئاژاوە و ناسەقامگیریی ناوچە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی.

لەمناوە تیرۆریزم یەکێک لەو کەرەسانە بووە کە ئەمریکا بۆ گوڕینی سیستەمگەلێک کە لە گەڵ سیاسەتی ئەو ناگونجێن، کەڵکی لێ وەرگرتووە. لە شەڕەکانی بەرەی چواری ئەمریکا لە بری هێزی سەربازی هەوڵ دراوە لە کەسانی بەکرێگیراوەی وڵاتی مەبەست بۆ وێرانی و تێکدانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەهرە وەرگیرێت.

بەسینە شەعبان ڕاوێژکاری بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا لەوبارەوە دەڵێت: ئەوانەی ئەوەی زۆرترین زیانی لە پاڵپشتیی ئەمریکا لە تیرۆریستانی سووریا، عێراق و یەمەن پێدەگات، خودی ئەو وڵاتانەن. ئێمە شایەدی هاتوچۆی دەیان ئۆتۆمبیلی ئەمریکایی لە عێراقەوە بۆ باکووری سووریاین و بەردەوام لە خۆمان دەپرسین کە داعش ئەو ئۆتۆمبیلە ئەمریکاییانەی لە کوێ هێناوە، لە کاتێکدا کە ئێمە بە هۆی گەمارۆکان ناتوانین سیڕۆمێک بۆ منداڵانمان دابین بکەین؟

بە گشتی ئەوەی لە ناوچەدا ڕوو دەدات بە جۆرێک نیشاندەری قۆناغیکی نوێیە. لە لایەکەوە ئەورووپا ناڕازییە لە سەرکردایەتیی ئەمریکا و لە لایەکی دیکەشەوە چین، ڕووسیا و هاوپەیمانی دژی رێبەرایەتی کردنی جیهان لە لایەن رۆژئاوان. شەڕ لە دژی داعش و تیرۆریستانیش بۆتە گەمجار  و ململانێیەک لە نێوان هاوپەیمانییەک کە نایەوەی جیهان بگۆڕدرێت و بە دوای جێگرکردنی هەیمەنەی ئەمریکاییەوەیە و هاوپەیمانییەک کە چیتر مل بۆ جیهانی تاک جەمسەری دانانوێنێت و لە سەر ئەو بڕوایەیە کە کاتی کۆتاهاتنی ئەو ڕەوتە گەیشتووە.

ناردنی بۆچوون

2 + 12 =