په‌رله‌مانتارێکی عێراقی:

هه‌رێم جگه‌ له‌ قبووڵی ده‌سپێشخه‌ریه‌کی سیستانی چاره‌ی نییه‌

ناسەی هەواڵ: 4109443 -
نوێنه‌رێکی پارلمانی عێراق هاوکات له‌گه‌ڵ به‌ نایاسایی زانینی ڕیفراندۆمه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان وتی: هه‌رێم جگه‌ له‌ قبووڵ کردنی ده‌ستپێشخه‌ریه‌که‌ی ئایه‌توڵا سیستانی ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌ی نییه‌.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی - سومه‌یه‌ خومار باقی: سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی عێراق و وڵاتانی جیهان هه‌رێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ عێراقی به‌ڕێوه‌ برد.

شاره‌زایان له‌ سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که‌ ده‌رنجامه‌کانی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ گوشاری زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان چون وڵاتێک ده‌بێت که‌ له‌ وشکانیدا گیر خواردووه‌ته‌وه‌ و له‌ ڕووی ژێئۆپۆلیتیکییه‌وه‌ پێگه‌یه‌کی لاوازی هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین که‌ خۆی پڕه‌ له‌ کێشه‌ و ناکۆکی.

عه‌باس ئه‌لبه‌یاتی نوێنه‌ری عێراق له‌ پارلمان له‌مباره‌وه‌ وتی: ڕیفراندۆمه‌که‌ نایاسایی و نامه‌شرووعه‌ و به‌ هیچ له‌ونێک به‌ پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراق نییه‌. به‌غدا به‌ ئاشكرا ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ ده‌رنجامه‌کانی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ قبوڵ ناکات، هه‌رێم ئه‌گه‌ر داوای دانوستان ده‌کات ده‌بێت سه‌ره‌تا ده‌ست له‌م ڕیفراندۆمه‌ بشۆرێته‌وه‌ چون عێراق ناتوانێت قبوڵی بکات.

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی: به‌ چه‌ند هۆیه‌ک سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆم ڕای جیاواز هه‌یه‌. سه‌ره‌تا ڕیفراندۆم یه‌کلایه‌نه‌ ئه‌نجام بوو بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ی قسه‌ی له‌ سه‌ر بکه‌ن. هه‌رێم ته‌نیا به‌شێک له‌ عێراقه‌ و ناوچه‌یه‌ک ناتوانێت به‌ ته‌نیایی و بێ هه‌ماهه‌نگی و ڕێککه‌وتنی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ بڕیاری جیابوونه‌وه‌ بدات. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ له‌ لایه‌ن هیچ گرووپێکی عێراقییه‌وه‌ پشتگیری نه‌کراوه‌. سێهه‌م ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ ناوچه‌ کێشه‌ له‌ سه‌ره‌کانیشی گرته‌وه‌ که‌ هێشتا چاره‌نووسیان ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ک سه‌پاندنی ئه‌مری واقع به‌ لایه‌نه‌کانی به‌غدا بوو، ئه‌مه‌ش ناکۆکییه‌ مه‌زهه‌بی و ئێتنیکییه‌کانی عێراق زیاتر ده‌کات.

ئه‌م نوێنه‌ره‌ی پارلمانی عێراق درێژه‌ی دا: هۆکاری چواره‌م ئه‌وه‌ی که‌ ڕیفراندۆمه‌که‌ ده‌بێته‌ هۆی دابه‌ش بوونی وڵاتانی ناوچه‌که‌ و ئه‌منیه‌ت و ئاشتی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیداره‌، ئه‌م مه‌ترسیه‌ش نه‌ک هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ بۆ عێراقه‌ که‌ بۆ خودی کورد له‌ ناوچه‌که‌شه‌. ئێران، تورکیا، سووریا، ئه‌مریکا و یه‌کێتی ئه‌ورووپا دژی جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ عێراقن و له‌ سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌بێته‌ هۆی ناۆکی زیاتر له‌ ناوچه‌که‌، زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌که‌ وه‌ک عیراق چه‌ندین مه‌زهه‌ب و ئێتنیکیان تێدایه‌ وه‌ک عێراقن. ته‌نانه‌ت بڕێک هێزی سیاسی له‌ کوردستان وه‌ک گۆڕانیش له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێفراندۆمه‌ نه‌بوون و له‌ سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که‌ دۆخه‌که‌ له‌ سوودی هه‌رێمی کوردستان نییه‌.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ ئامانجه‌کانی ڕیفراندۆم له‌ لایه‌ن ڕێبه‌رانی هه‌رێم وتی: بڕێک له‌ ڕێبه‌رانی هه‌رێم کێشه‌ی ناوخۆیان هه‌یه‌، وه‌ک ده‌زانین له‌ نێوان هه‌ولێر و سلیمانی کێشه‌ی سیاسی زۆر هه‌یه‌ که‌ هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌، ڕیفراندۆمه‌که‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌م كێشانه‌ به‌ڕێوه‌ چوو. هه‌روه‌ها خه‌ڵکی کورد سه‌ربه‌خۆیی وه‌ک خه‌ونێک وایه‌ بۆی، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌مه‌ بزانین که‌ جوغڕافیا و مێژوو له‌مباره‌وه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گیڕن، له‌ ڕاستیدا مێژوو و جوغڕافیای کورد دژی وه‌ها خواست و خه‌ونێکه‌ و ناتوانێت ئه‌م خه‌ونه‌ به‌دی بێنێت. ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی کوردیش نییه‌ که‌ ئه‌م کێشه‌ی هه‌بێت، زۆر نه‌ته‌وه‌ له‌ جیهاندا هه‌ن که‌ وه‌ها خه‌ونێکیان هه‌یه‌ به‌ڵام مێژوو و جوغڕافیا مۆڵه‌تی ئه‌م کاره‌یان پێنادات.

ئه‌لبه‌یاتی زیادی کرد: ئامانجی سێهه‌می ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ گوشار خستنه‌ سه‌ر به‌غدایه‌ له‌ لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ فدراڵییه‌وه‌ بۆ کۆنفدڕاڵی بگۆردرێت. فدراڵیسم به‌ پیی یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراقه‌، به‌ڵام کۆنفدراڵی پێویستی به‌ گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراقه‌ و ئه‌م گۆڕانکاریه‌ش پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌موو عێراقییه‌کان هه‌یه‌، که‌واته‌ ئه‌مه‌ یاسایی نییه‌ که‌ هه‌رێم داوای کۆنفدراڵی بوون بکات. من لام وایه‌ که‌ برایانی کورد به‌ دڵنیاییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌م هه‌موو کاردانه‌وه‌ توونده‌یان دوای ڕیفراندۆم نه‌ده‌کرد و لایان وابوو که‌ ئه‌م ڕێگه‌یه‌ ئاسانه‌ به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه‌ی وا له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ بی ده‌نگ بوون دوای ڕیفراندۆمه‌که‌ به‌ ئاشکرا دژایه‌تی خۆیان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ نیشان دا. که‌واته‌ ئێسته‌ ته‌نیا یه‌ک ڕێگه‌ بۆ برایانی کورد ماوه‌ که‌ ڕیفراندۆمه‌که‌ له‌ بیر بکه‌ن چون وه‌ک دیاره‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ وه‌هاش ئاسان و سه‌هل نییه‌.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ ڕێکاره‌کانی به‌غدا له‌ دژی هه‌رێم وتی: ده‌وڵه‌تی به‌غدا له‌ یه‌که‌م هه‌نگاو له‌ دوای ئه‌وه‌یه‌ که‌ کۆنترۆڵی خۆی به‌ سه‌ر هه‌رێمدا بسه‌پێنێت، بۆ نموونه‌ به‌ پێی یاسا کۆنترۆڵی ئیداره‌ی ناوچه‌کان و گومروکاتی سنووری له‌ ئه‌ستۆی به‌غدایه‌ به‌ڵام له‌ ساڵی 2003وه‌ له‌ ژێر ده‌ستی هه‌رێمدا بوون، به‌ڵام له‌ ئێسته‌ به‌ دواوه‌ به‌ پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی به‌غدا داوا ده‌کات که‌ کۆنترۆڵی سنووره‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کان له‌ ئه‌ستۆ بگرێته‌وه‌. که‌واته‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ خاڵه‌ سنوورییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کان کۆنترۆڵ بکاته‌وه‌.

ئه‌و درێژه‌ی دا: برایانی کورد زمان هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ سه‌ر که‌رکووک، نه‌ینه‌وا، باشووری سه‌لاحه‌دین و باکووری شاری دیاله‌ بسه‌پێنن، ئه‌م ناوچانه‌ به‌ پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراق له‌ ڕووی ماڵییه‌وه‌ له‌ لایه‌ن به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، به‌غدا له‌ دوای کۆنترۆڵی دووباره‌ی ئه‌م ناوچانه‌یه‌، کورد به‌شێکه‌ له‌ خه‌ڵکی عێراق و ده‌وڵه‌تی عێراق ئاماده‌یه‌ هه‌موو مافه‌کانی ئه‌وان بدات و ئه‌م بڕیارانه‌ی به‌غداش ته‌نیا بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام ده‌بێت. برایانی کورد هیچ ڕێگه‌یه‌کیان نییه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌که‌ی ئایه‌توڵا سیستانی قبوڵ بکه‌ن، ئه‌م نه‌خشه‌ ڕێگایه‌ی ئایه‌توڵا سیستانی ده‌توانێت برایانی کورد له‌ ده‌رنجامی خراپی ڕیفرنادۆمه‌که‌ دوور بخاته‌وه‌. ئه‌م گه‌لاڵه‌ 3 بنه‌مای سه‌ره‌کی هه‌یه‌: یه‌که‌م ڕێبه‌رانی کورد به‌ پێی ده‌رنجامی ڕیفراندۆمه‌که‌ هه‌نگاو نه‌هاوێژن و دژی دابه‌ش کردنی عێراق بن. دووهه‌م: دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و سێهه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراق و بڕاره‌کانی دادگای فدراڵی عێراق.

ئه‌لبه‌یاتی له‌ کۆتایدا وتی: که‌واته‌ گه‌لاڵه‌یه‌کی باش و گه‌نجاو له‌ به‌رده‌م برایانی کوردا هه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا ئێران و عێراق تورکیا ڕێکاره‌کانی خۆیان ده‌گرنه‌ به‌ر و بڕیار ده‌ده‌ن و پێکه‌وه‌ ده‌رنجامی ڕیفراندۆمه‌که‌ ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌ و ڕێبه‌رانی کورد ناچار ده‌که‌ن ده‌ست له‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبگرن. پێداگری ڕێبه‌رانی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ وڵاتانی دراوسێ گوشاری زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێم. ئێمه‌ دژی هه‌رجۆره‌ کارێکی سه‌ربازین و له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ دژی ده‌مارگرژین، ئێمه‌ پێویستمان به‌ ده‌مارگرژییه‌ له‌م بابه‌ته‌دا نییه‌، من لام وایه‌ که‌ هه‌نگاوه‌کانی به‌غدا به‌ هاوکاری ئێران و تورکیا ده‌توانێت له‌ کۆتاییدا ڕێبه‌رانی کورد له‌و هه‌نگاوی هه‌ڵیان گرتووه په‌شیمان بکاته‌وه‌.

ناردنی بۆچوون

1 + 15 =