وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران:

ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان سەقامگیریی ناوچەکە ده‌شێوێنێ

ناسەی هەواڵ: 4101920 -
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە ناوچەی ئێمەدا، ڕێزنان بۆ سنوورەکان و تەواوەتی سەرزەوینیی وڵاتان بایەخێکی ئەوتۆی هەیە، دەنا بەرەوڕووی هەلومەرجێک دەبینەوە کە کۆنتڕۆڵیان زۆر دژوارە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە دەنگی و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، کەناڵی تەلەفیزیۆنیی "الجزیره" ڕایگەیاند: وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژ لە گەڵ ئەو کەناڵە جەختی لەوە کردۆتەوە کە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

محەمەد جەودا زەریف لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئەو کەناڵە لە واشنتۆن، سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران هەمبەر بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، وتی: سیاسەتی ئێمە هەمبەر بە ڕیفراندۆم بە پێی ئامانجی ئێمە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دیاری دەکرێت. ئێمە هاوڕێیانی هەمیشەیی کوردەکان بووین و هەین. ئێمە لە ئێراندا کوردمان هەیە و پەیوەندیی زۆر باش لە نێوانماندایە. لە هەمانکاتدا ئێمە پەیوەندییەکی تایبەتیشمان لە گەڵ دەوڵەتی هەرێمی کوردستان هەیە و هەر وەک وتم ئێمە یەکەمین وڵات بووین کە پاش هێرشی داعش یارمەتیی کوردەکانی عێراقمان دا.

زەریف وتیشی: ئەو ڕیفراندۆمە نایاسایی و لە دژی دەستووری عێراق دەزانین و لامان وایە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوخۆی عێراق و لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندیی هاوڕێیانی کوردمان لە عێراقدا نابێت. کوردەکانی عێراق لە دوای ڕووخانی سەدام دەسکەوتی زۆریان بووە و دەتوانن بە دانوستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەستکەوتگەلێکی زیاتر مسۆگەر بکەن. بە بڕوای ئێمە بەڕیوەبردنی ڕیفراندۆم هەنگاوێکی ڕاچڵەکێنەر و بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی ناوچە و هاوڕێیانی کوردمان بووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیار لەوەی کە ئایا ویستی کوردەکان بۆ جیابوونەوە لە عێراق بە یاسایی دەزانیت؟ ڕایگەیاند: بە بڕوای من، پرسەکە لێرە گرێ دەروەستی بە پاوەجێی و و ئاسایشی ناوچەکەوە هەیە. سەبارەت بە هاوڕێیانمان لە عێراق و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە باشتر وایە پێکەوە یەکگرتوو بن و تەواوەتی سەرزەوینی و یەکپارچەیی نیشتمانیی عێراق بپارێزن. لە ناوچەی ئێمەدا، ڕێزنان بۆ سنوورەکان و تەواوەتی سەرزەوینیی وڵاتان بایەخێکی ئەوتۆی هەیە، دەنا بەرەوڕووی هەلومەرجێک دەبینەوە کە کۆنتڕۆڵیان زۆر دژوارە و زیان دەگەیێنێت بە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان بە تایبەت پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی عێراقی.

ناردنی بۆچوون

5 + 7 =