لە کۆڕبەندی نێونەتەوەیی مێهرەجانی شانۆی مەریوان:

فەرهەنگ و جوانییەکانی مەریوان بە هاووڵاتیان ڕادەگەیێنین

ناسەی هەواڵ: 4085445 -
داهێنانی نورمێکی نوێی شانۆیی، پەیوەندی فەرهەنگی، گواستنەوەی پەیامی ئاشتی و هاوڕیی، میوانداری و خۆشەویستیی خەڵکی مەریوان بەشیکن لە ڕاوبۆچوونەکان لە دانیشتنی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، ئەو دانیشتنە شەوێ ڕابردوو (دووشەممە) بە ئامادەبوونی دەرهێنەران و ئەکتەرانی گرووپە بەشداربووەکانی بەشی نێونەتەوەیی و هەواڵنێران و تاقمێک لە دەرهێنەرانی ئێرانی، لە هۆڵی کۆبوونەوەی ئیدارەی ئیرشادی شاری مەریوان بەڕیوەچوو و تێیدا هەرکام لە گرووپە بەشداربووەکان لە گۆشەنیگای خۆیانەوە باسیان لەو بەشداربوونە و ئاستی شانۆی سەرشەقام لە وڵاتی خۆیاندا کرد.

شانۆی سەرشەقامی سپانیا تەمەنێکی دوورودرێژی هەیە

ئەکتەرێکی گرووپی شانۆی "تەڵقەکی شێت" لە سپانیا لە بری دەرهێنەری کۆلەمبیایی ئەو شانۆیە کە بە هۆی گرفتی ڤیزا لە ئیمارات ماوەتەوە، بە نوێنەرایەتی لە گرووپەکەی وێرای ئاماژە بە تەمەنی دوورودرێژی شانۆی سەرشەقامی سپانیا، وتی: ئێمە بە ئاوێتەکردنی هەموو جۆرە مۆسیقایەک لە شانۆی سەرشەقامدا هەوڵمان داوە شانۆیەکی باشتر و شازتر ئاراستە بکەین و بەوجۆرە خەڵکی بهێنینە پێکەنین.

پەنپول وتیشی: خەڵکی مەریوان فەرهەنگ و میوانداریی خۆیان نیشانی ئێمە دا و ئێمەش ئەو جوانیانە بۆ هاووڵاتیانمان دەگێڕینەوە.

فەڕەنسا بە دوای خستنەڕووی نۆرمێکی نوێی شانۆی سەرشەقامە

ئەکتەری شانۆی "دوو چرکە" لە وڵاتی فەڕەنساش لەم دانیشتنە ئاماژەی بە کۆمپانیای گرووپەکەیان بە ناوی "پیاوانی چکۆلە" کرد و وتی: کۆمپانیای ئێمە هەوڵ دەدات لە رێگەی کارکردن بە شتە چکۆلەکان بەردەوام مانای گەورە و دەوڵەمەند و بەربڵاو بۆ بەردەنگانی بەرهەم بهێنێت.

ئیوان سێری بە ئاماژە بەوەی کە ئێمە دەمانەوێ شانۆی سەرشەقام نیشانی خەڵکی ناو شەقامەکان بدەین، وتیشی: جیاوازییەکی شانۆی سەرشەقام لە گەڵ شانۆی سەر سێن ئەوەیە کە بینەری شانۆی سەر سێن ناتوانێ شوێنی شانۆکە بە جێ بێڵێت، بەڵام بینەری شانۆی سەرشەقام  بە ئاسانی ئەو کارە دەکات.

ناوبراو بە بیرهێنانەوەی بەڕێوەچوونی ساڵانەی ٢٠٠ فێستیڤاڵی شانۆ لە پاریس، ڕایگەیاند: شانۆ سەرشەقامی فەڕەنسا خەریکە دەگاتە دوارۆژەکانی خۆی و هەندێک گرووپی لێهاتوو لە وڵاتی ئێمە هەن کە بە دوای داهێنانی نۆرمێکی نوێی ئەو شانۆیەن.

ئیوان سێری ڕاشیگەیاند: ئەو شانۆ سەرشەقامانەی لە مەریوان نمایش دەکرێن، سەرەڕای مەودای جوگرافیی نێوان دوو وڵات، خاڵی هاوبەشی زۆری لە گەڵ فەڕەنسا هەیە.  

شانۆی سەرشەقام باشترین کەرەسەی ئاڵوگۆڕکردنی فەرهەنگییە

لوئیز لۆپێز دەستیار دەرهێنەری شانۆی "پادشای پاکزی" لە بەرازیل لەو دانیشتنەدا بە ئاماژە بەوەی کە باشترین و گرینگترین فێستیڤاڵەکانی شانۆ لە بەرازیل بەڕیوە دەچێت، وتی: لام وایە بەرزایل شوێنی کۆنترین شانۆکانی سەرشەقامە لە جیهاندا.

ناوبراو وتیشی: بە داخەوە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەوڵەتی ئێستای بەرازیل هەڵوێستێکی نەرێنیی لە دژی هونەر و هونەرمەندان گرتۆتە بەر و بە لابردنی یاسا هاوپەیوەندەکان بە داهاتی شانۆی سەرشەقام بۆتە هۆی دژواربوونی کاری ئێمە و هیوادارین ئەو ئاستەنگانە بە زوویی هەڵبگیرێن.

لۆپێز ئاماژەی بەوەش دا: ئاڵوگۆڕکردنی فەرهەنگی لە رێگەی هونەر و بە تایبەت شانۆی سەر شەقام یەگجار گرینگ و کاریگەرە و ئێمە هیوادارین بە هەموارکردنەوەی یاساکانی وڵاتەکەمان هەلێکی باشتر بۆ گرووپە هونەرییەکانی بەرازیل بڕەخسێت.

قوتابیان باشتر تەکنیکە و ئایدیای شانۆکان فام دەکەن

دەرهێنەری شانۆی "باڵندەی دەریایی" لە وڵاتی ئۆکراین بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی شانۆی شێری زێڕین لە وڵاتەکەیدا وتی: لە ئۆکراین زیاتر لە ۳۰۰ گرووپی شانۆیی چالاکن، بەڵام هەر هەموویان بە شانۆی سەر سێنەوە سەرقاڵن.

لارۆسڵاڤ فدرۆیشێن سەبارەت بە تەکنیک و ناوەرۆکی شانۆکەی وتیشی: من دەرچووی یەکێک لە ناسراوەترین زانکۆکانی مسکۆم و تەکنیکی ناو کارەکانم تەکنیکێکی دەروونناسانەیە و ئەو تەکنیکە زۆرتر بۆ قوتابیانە، چونکە ئەوان باشتر   ئایدیا و گەڵاڵەکان فام دەکەن.

گەیاندنی پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی لە رێگەی شانۆی سەرشەقامەوە

حەمەسوار بەرپرسی گرووپی شانۆیی "لە بری ماسی" لە هەرێمی کوردستانەوە وتی: فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە هەرێمی کوردستان تەمەنێکی زۆری نییە، بەڵام ئەمڕۆ گرینگییەکی زۆری هەیە، چونکا ئێمە ئەمڕۆ بۆ پاراستنی خۆمان لە بەرامبەر زەختی کێشەکان کەڵک لە شانۆ وەردەگرین بە چەشنێک کە لە رێگەی شانۆی سەرشەقامەوە پەیامی ئاشتی و خۆشەویستیمان دەگەیێنینە گوێی خەڵکی.

ناوبراو بە ئاماژە بە تەمەنی ٥٠ ساڵەی شانۆی سەرشەقام لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە گوندەکانی ئێمە دۆخێکی سەخڵەت و دژوار بە سەر خەڵکی لە باری پەروەردە و ڕاهێناندا زاڵە هەر بۆیە چەند گرووپێکی شانۆی سەرشەقام بە مەبەستی ئاگایی گەیاندن بە خرڵکی لەو شوێنانە پءک هاتوون.

میوانداریی مەریوانییەکان کەمایەسییەکانی فێستیڤاڵەکەی لە بیر بردینەوە

ئەندامێکی شانۆی "باخی خەونەکان" لە وڵاتی ئازەربایجان بە ئاماژە بە بەشداربوونی گرووپەکەی لە ۱۲ فێستیڤاڵی شانۆیی لە ئێران و لەوان فێستیڤاڵەکانی شانۆی سەرشەقامی تەورێز و مەریوان، وتی: شانۆی سەرشەقام بەم شێوەی لێرە هەیە لە ئازەربایجان بەڕیوە ناچێت، لای ئێمە شانۆکان بە شێوەی مەیدانی و لە ڕێوڕەسمی تایبەتیدا نمایش دەکرێن.

ئیلغار جەهانگیرۆف بە ئاماژە بە دابەزینی ڕێژەی بینەرانی شانۆی سەر سێن لە ئازەربایجان، جەختی لەوە کردەوە: لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی بەردەنگانی شانۆ هەوڵ دەدەین شانۆی سەرشەقام لەو وڵاتەدا گەشە پێ بدەین.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئامادەبوونمان لە مەریوان بووە هۆی ئاشناییامن لە گەڵ کارکێردی سیاسی و کۆمەڵایەتیی شانۆی سەرشەقام و هاوکات میوانداری و خانەخوێی بووە هۆی داپۆشینی کەمایەسییەکانی فێستیڤاڵەکە.

ناردنی بۆچوون

6 + 2 =