ڕاوێژکاری باڵای ئایەتوڵڵا خامنەیی لە سنە:

ئێران، سووریا، تورکیا و عێراق دژی سەربەخۆیی کوردستانن

ناسەی هەواڵ: 4081465 -
ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری شۆڕش وتی: دەوڵەتەکانی ئێران، سووریا، تورکیا و عێراق دژی دابەش بوونی عێراق و سەربەخۆیی کوردستانن.

بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران هۆشداریی دا بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و دابەش بوونی عێراق و ئەمەی بە مەترسیەکی گەورە ناوبرد.

سەردار سەرلەشکەر یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری باڵای ئایەتوڵڵا خامنەیی لە ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی بیستەمین فستیڤاڵی بەرهەمە تەلەفزیۆنییەکانی ئێران لە شاری سنە، باسی لە بیرەوەرییەکانی خۆی لە کاتی بەرەڤانی پیرۆز لە کوردستان کرد و دواتر ئاوڕێکی لە پرسە ڕۆژەڤەکانی ئێستای ناوچەکە دایەوە.

 سەفەوی وتی: پاش شکست هێنانی تیرۆریستان لە عێراق و سووریا پیلانێکی نوێ خەریکە سەرهەڵدەدات.

وتیشی: دوژمنانی موسڵمانان لەوانە زایۆنیزم و ئینگلیز و ئەمریکاییەکان بیر لە دابەش کردنی عێراق و سووریا دەکەنەوە.

 ئەو بە ئاماژە بەوەی کە دابڕانی باکووری عێراق لەم وڵاتە واتا سەرهەڵدانی شەڕ و نائەمنی درێژخایەن بۆ ناوچەکە، زیادی کرد: یەکەم کەس کە خەسار لەم دابەش بوونە دەبینێت کوردەکانی باکووری عێراقن و هەروەها خەڵکی وڵاتانی تورکیا، ئێران و سووریا.

ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری بە جەخت لەسەر ئەوەی کە چوار دەوڵەتی تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق بە ئاشکرایی دژی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراقن، وتی: بێ گومان ئەم دابەش بوونە دەبێتە هۆی نائەمنی و شەڕی درێژخایەن.

 ئەو بە ئاماژە بەوەی کە دوو دیالۆگی داسەپان و دابەش خوازی و بەرخۆدان لە ناوچە بوونی هەیە، وتی: دیالۆگی خۆداسەپاندن لە لایەن ئینگلیزییەکان و ئەمریکاییەکان و زایۆنیزمەکان و دیالۆگی بەرخۆدان لە لایەن خەڵکی ناوچەکە و ئێران و ڕووسیاوە دروست کرا و پێوشوێنگیری دەکرێت. 

وتیشی: دابەش کردن واتا دروست کردنی یەکەی بچووک و بەندیواری زیاتر بە زایۆنیزمەکان و وەدەستهێنانی مەیدان بۆ فرۆشتنی چەک و جیهازات و بێ گومان ئەم دابەش کردنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ناوچەکە زیاتر بەندیواری هێزە بیانییەکان بن. 

 جەختیشی کرد کە وەک مەترسی، هۆشداریی و دڵسۆزی بۆ خەڵکی عێراق و وڵاتەکەمان ئەمە باس دەکەم و هیوادارم خودای گەورە پیلانی بیانییەکان کە دەیانەوێت وڵاتی عێراق دابەش بکات بە هۆشیاری گەلی کوردی ناوچەکە، هەڵوەشێنێتەوە.

ناردنی بۆچوون

9 + 0 =