یادداشت؛

مێژووی شا ئیسماعیل و ڕەچەڵەکی کوردیی سەفەوییەکان

ناسەی هەواڵ: 4064093 -
باوانی یەکەم پادشای سەفەوییەکان لە سۆفییە گەورە و ناسراوەکانی ئێران بووە و باپیرە گەورەی واتە شێخ سەفی ئەردەبیلی کە لە دواساڵانی سەدەی حەوتم و هەشتم ژیاوە، بە حەوت پشت دەچێتەوە سەر سەید فیرووزشای زەڕین کڵاو کە ئەویش خۆی لە بنەماڵەی ساداتی گەورە و جێی ڕێزی کورد بووە.

ئاژانسی مێهر - یادداشتی مێژوویی: بە گوێرەی کتێبی "صفوة الصفا" وەک کۆنترین کتێبێک کە لەبارەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی سەفەوییەکان و لە لایەن بەزاز ئەردەبیلی لە ساڵی ۱۵۰۱ی زایینی نووسراوە فیرووز شای کورد لە رێگەی کۆچەوە گەیشتۆتە دەشتی موغان و لە ئەردەبیل گیرساوەتەوە و لای خەڵکی ئەو ناوچەیە پێشوازی لێ کراوە و پاش خۆی منداڵانی لە کەڵخۆرانی ئەردەبیل ماوەنەتەوە و درێژەیان بە ڕەچەڵەکی شێخایەتییان لەو هەردە داوە.

کەواتە باوانی باوکیی شا ئیسماعیلی سەفەوی لە ساداتی کوردە و لە سۆفییە بە ناوبانگەکانی باکووری رۆژئاوای ئێران بوونە. ڕاجر سیوری لە کتێبی "ئێرانی سەردەمی سەفەوی" ڕەچەڵەکی کوردی شا ئیسماعیل پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێ: هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە شا ئیسماعیل تورک نەبووە و بە ڕەچەڵەک لە خانەدانەکانی کوردستان بووە کە بەرەو ئازەربایجان کۆچیان کردووە.

پاش شێخ سەفی کە بە حەوت پشت دەچێتەوە سەر فیرووز شا، کوڕەکانی لای خەڵکی ئازەربایجان و گیلان پێگەیەکی بەرزیان مسۆگەر کردووە و خەڵک و حاکمانی ئەودەم ڕێزی زۆریان لێ گرتوون و ئەمان  یەک لە دوای یەک خرقەی سووفیگەریان لە بەر کردووە و پەڕەیان بە تەریقەتی سەفەوی داوە، هەتا نۆرە گەیشتە شێخ جونەیدی باوەگەورەی شا ئیسماعیل. مەودای ساڵانی نێوان شێخ سەفی و شا ئیسماعیل هاوکات بوو لە گەڵ دەسەڵاتەکانی تەیمووریان و تورکانی قراقۆیۆنلوو و ئاق‌قۆیۆنلوو لە ئێراندا.

ئاق‌قۆیۆنلوو دوو بنەماڵەی گەورەی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی بە یەک گەیاند

لە سەردەمی شێخ جونەیددا، ئۆزۆن حەسەنی ئاق‌قۆیۆنلوو حاکمی ئازەربایجان و بەشێکی زۆر لە خاکی ئێران بووە. ئەو کە ڕێز و ئیرادەتێکی تایبەتی بۆ شێخ جونەید بوو خوشکی خۆی، خەدیجە بەیگمی لە شێخ مارە دەکات و بەرهەمی ئەو زەماوەندە شێخی حەیدەری باوکی شا ئیسماعیل بووە.

دایکی ئۆزۆن حەسەن، ژنێکی مەسیحی لە بنەماڵەی ئیمپراتووری یۆنانیی ترابۆزان بوو؛ ئیمپراتوورییەک کە وەک میراتبەری ناوچە یۆنانی‌نشینەکانی ئیمپراتووریای ڕۆمی رۆژهەڵات توانیبووی دوای ڕووخانی بیزانس درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات، بەڵام بە هاتنە سەرکاری سوڵتان محەمەدی دووهەمی عوسمانی هێرشیان کراوەتە سەر و ڕووخان.

ئۆزۆن بە بۆنەی دایکە ترابۆزانیەکەیەوە ببووە هاوپەیمانی پادشایانی ئەو وڵاتە و لە گەڵ کچی پادشای ترابۆزان بە ناوی سێسپینا کاترینا (ناسراو بە تێئۆدۆرا) زەماوەندی کردووە و لەو هاوسەرە مەسیحی – یۆنانییەی کوڕیک و دوو کچی بووە و یەک لە کچەکانی بە ناوی مارتا (حەلیمە) کە دواتر بە عالەمشا بەیگم ناسراوە، لە شێخ حەیدەری خوشکەزای مارە کردووە و بەرهەمی ئەو زەماوەندەش لە دایکبوونی شا ئیسماعیل، سەر سیلسلەی پادشایانی سەفەوییە کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سەدە پادشایانی بە دەسەڵاتی ئێران بوون.

شێخ حەیدەر و کڵاوی دووازدە تورکی قزڵباش

لە سەردەمی شێخ حەیدەر تایفە تورکەکان بە دەوری سۆفییەکاندا کۆدەبوونەوە و بە دەستووری شێخ حەیدەر کڵاوی دووازدە تورکی سووریان لە سەر کردووە و بە قزڵباش ناویان دەرکردووە. سەفەوییەکان لە سەردەمی "خواجە عەلی"ی نەوەی شێخ سەفی ڕوویان لە ئاییبنی شیعەی دوازدە ئیمامی کردووە و کڵاوی دوازدە تورکیان بە نیشانەی ئەو ئایینە لە سەر کردووە.

شێخ حەیدەر بە هاوڕیی قزڵباشەکان ڕوو لە شەروان دەنێت هەتا تۆڵەی خوێنی شێخ جونەیدی باوکی بستێنێت. لەو کاتدا ئۆزۆن حەسەنی خاڵۆی شێخ حەیدەر کۆچی دوایی کردووە و ئەمیر یەعقووبی خاڵۆزا و ژن برای لە سەر تەختی پادشایی ئاق‌قۆیۆنلوو بووە و لە دەسەڵات و پێگەی شێخ حەیدەر لە ناو تایفە تورکە شیعەکان ترساوە و لەو شەڕە پشتی شێخ بەردەدات. شێخ حەیدەر سەرەڕای سەرکەوتنی زۆر لە شەڕ لە گەڵ پادشایی شەروان، بە هاندانی ئەمیر یەعقووب دەکوژرێت.

کوڕەکانی شێخ حەیدەر کە بریتی بوون لە عەلی، ئیبراهیم و ئیسماعیل دوای مەرگی باوکیان شاربەدەری ئیستەخری فارس (شیراز) دەکرێن و دوای ماوەیەک دەخرێنە زیندانەوە. ئاق‌قۆیۆنلووکان عەلی دەکوژن و ئیبراهیم و ئیسماعیل کە هێشتا ورد و لە تافی منداڵیدا بوون پەنا دەبەنە لاهیجان. ئیبراهیم کە تاقەتی دووریی دایکی ناهێنێت ڕوو دەکاتەوە ئەردەبیل و لەوێ بە دەستی پیاوانی خاڵۆی دەکوژرێت.

ئیسماعیل میراتبەری سۆفیگەریی سەفەوی

ئیسماعیل لە ناو سێ برادا بە تەنیا لای ساداتی قەوامی لاهیجان گەورە بوو. پاش مەرگی براکانی، ئیسماعیل مورادی سۆفییەکانی سامان دا و تورکانی قزڵباش بە دەوریدا کۆبوونەوە. ئەو سێزدە ساڵی بوو کە سەرپەرەشتیی قزڵباشەکانی لە ئەستۆ گرت و بەرەو ئەردەبیل وەرێ کەوت. لە گەڵ دایکی دیداری کرد و گەیشتە مەزارگەی شێخ سەفی و باپیرانی. رۆژ بە رۆژ ئاڵقەی سۆفی و تورکە شیعەکانی دەوروبەری زیاد دەبوون و پەڕەیان دەسەند.

تایفەگەلی تورکی شاملوو، ئێستاجلوو، قاجار، تەکلوو، زولقەدر، ئەفشار و ڕووملوو لە گەڵ دواکوڕی شێخ حەیدەر بەیعەتیان کرد و ئیسماعیل توانی بە یارمەتیی ئەوان لە گەلاوێژی ساڵی ۸۸۰ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر لە گەڵ ۹۰۷ی کۆچی مانگی ئاق‌قۆیۆنلووکان لە ئازەربایجان شکست بدات و تەورێز بگرێت. پاشان بەرەو ناوەندی ئێران وەرێ کەوت و بە گرتنی فارس و کاشان لە ساڵی ۸۸۲ ک.ه (۹۰۹ ک.م) دەسەڵاتی خۆی بە سەر ئێراندا یەکانگیر بکات.

گرتنی مەرو و بەزاندنی ئۆزبەکەکان

شا ئیسماعیل بەغدای گرت و چووە زیارەتی مەزارگە پیرۆزەکانی ئەوێ و پاش سامان دان بە عێراق و خووزستان و فارس بەرەو خوراسان وەڕێ کەوت تا دەستی ئۆزبەکەکان لەوێ کورت کاتەوە.

شا ئیسماعیل لە ۱۶ی سەرماوەزی ۸۸۹ی ک.ه (۲۶ی شەعبانی ۹۱۶ی ک.م) مەروی گرت و شیبەک خانی ئۆزبەک و زیاتر لە دەیان هەزار ئۆزبەکی لەو شارەدا خەڵتانی خوێن کرد و بەوجۆرە خوراسانیشی هێنایە ژێر ڕکێفی خۆی.

چاڵدۆران برینێک لە سەر دڵی شای سەفەوی

لەو کاتدا دەوڵەتی عوسمانی لە پەڕەسەندندا بوو. سەرەتا شا ئیسماعیل و بایەزیدی دووهەمی عوسمانی پەیوەندییەکی باشیان پێکەوە بوو. بەڵام لە گەڵ بە فەرمی ناسرانی مەزهەبی شیعە لە ئێراندا و لە لایەن شا ئیسماعیل، بەیانوویەک دەستی سوڵتانی عوسمانی گرت و بۆ بەرگری لە مەزهەبی سوننە پشتی لە شای سەفەوی کرد.

پەیوەندیی بارەگای شیعە مەزهەبی سەفەوی لە گەڵ بارەگای سوننە مەزهەبی عوسمانی تەشەنەی سەند تا ئەوەی کە سوڵتان سەلیمی یەکەم لە سەر تەخت دانیشت. سوڵتان سەلیم لە هەڵمەتێکی سەیر و سەمەرەدا ٤٠ هەزار شێعەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی کوشت و لە ساڵی ۸۹۲ی ک.ه (۹۲۰ی ک.م) لە رێگەی چاڵدۆرانەوە هەنگاوی نایە ناو خاکی ئێران. شا ئیسماعیل قارەمانانە بەرەوڕووی بووەوە و لە گەڵیدا تێهەڵچوو. بەڵام بە گشت ئازایەتی و لەخۆبۆردوویی هێزەکانی شا ئیسماعیل، عوسمانییەکان لەو شەڕەدا سەرکەوتن. شای سەفەوی بە ناچار پاشەکشێی کرد و تەورێز کەوتە بندەستی عوسمانییەکان.

پاش شکستی شا ئیسماعیل لەو شەڕەدا ئیتر کەس بزەی بە سەر لێوەی شاوە نەدی و کوژرانی سەردارە لێهاتوو و بە ناوبانگەکانی و قوربانی بوونی سەربازانی بە ئەمەگی ئێشێکی قورسی خستە دڵێ شای بە ڕەچەڵەک کوردی ئێرانەوە.

مەرگی شا ئیسماعیل

شا ئیسماعیل کە بۆ ڕاو چووبووە شەکیی قەفقاز، نەخۆش دەکەوێت و لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا و لە ۱۲ی جۆزەردانی ۹۰۳ی ک.ه (۱۹ی ڕەجەبی ۹۳۰ی ک.م) کۆچی دوایی دەکات. تەرمەکەی دەبرێتەوە بۆ ئەردەبیل و لە تەنشیت مەزاری باوانی ئەسپاردە دەکرێت.

شا ئیسماعیل فریادڕەسی ئێران لە بەرامبەر هێرشی تورکان

شا ئیسماعیل پیاوێکی ئازا و شاعیرێکی لێهاتووە بووە. بە تورکی شێعری هۆندووەتەوە و نازناوی "خەتایی" بۆ خۆی هەڵبژاردووە و وەک دەوترێت پیاوێکی گەنم ڕەنگی قژکاڵی بە ڕواڵەت جوانکیلە و بەژنێکی ڕێک و پێکی بووە. ڕدێنی دەتاشی و سمێڵی دادەنا و هەندێک دەڵێن چاوی شینی لە تایفەی رۆژئاوایی- یۆنانیی دایکی بە یادگار پێ بڕابوو.

شا ئیسماعیل توانی بە لێهاتوویی و ئازایەتیی خۆی ئێران لە بندەستی تورکەکان کە لە سەدەی سێهەمی کۆچییەوە بە سەر ئێراندا زاڵ ببوون، رزگار بکات و بە دامەزراندنی حکوومەتێکی شیعە و نیشتمانی دەستی تورکانی عوسمانی و ئۆزبەکی لەم وڵاتە کورت کردەوە.

ئەو حکوومەتێکی بەهێزی لە ئێراندا بنیات نا؛ حکوومەتێک کە وەک سێ چاخی زێڕینی دەسەڵاتەکانی دوای ئیسلام ناویان لێ دەبرێت. بینا و ئاسەوارە بە جێ ماوەکانی ئەو سەردەمە نیشاندەری ئاستی بەرزی هەیمەنە و توانایی ئەو حکوومەتە بووە.

ژێدەر: ماڵپەڕی گەشتیاری مارکۆپۆلۆ

ناردنی بۆچوون

6 + 0 =