باڵوێزی پێشووی ئێران له‌ به‌غدا:

ده‌ستکه‌وتی برایانی کوردی ئێمه‌ به‌ کارێکی هه‌ڵه‌ له‌ کیس ده‌چێت

ناسەی هەواڵ: 4056080 -
باڵوێزی پێشووی ئێران له‌ عێراق ئاماژه‌ی دا که‌ یه‌کێتی ئه‌ورووپا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان له‌ درێژه‌ی سه‌قامگیری ناوچه‌که‌ نابینن.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، حه‌سه‌ن کازمی قومی، باڵوێزی پێشووی ئێران له‌ گفتوگۆیک ئاماژه‌ی به‌ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان کرد و وتی: ده‌ستکه‌وته‌کانی برایانی کوردی ئێمه‌ به‌ هه‌نگاوێکی هه‌ڵه‌ له‌ کیس ده‌چێت، ئه‌م کاره‌ نه‌ک پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراقه‌ که‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ش له‌ سه‌ری کۆک نین و پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌.

ئه‌و باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ وڵاتانی دراوسێی هه‌رێم دژی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ن و وتی: له‌مڕۆدا نه‌ک هه‌ر عێراق که‌ تورکیا و سووریاش دژی ئه‌م بابه‌ته‌ن. هه‌روه‌ها ئێرانیش ڕای نه‌خێری خۆیی بۆ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ ڕاگه‌یاندووه‌. گۆڕینی سنووری سیاسی ناوچه‌که‌ له‌ سه‌ر ئه‌ساسی ئێتنیک به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو سنووره‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژئاوای ئاسیا ده‌بێت ده‌ستکاری بکرێت. ئایا ئه‌مه‌ کارێکی عه‌قڵانییه‌؟

باڵوێزی ئێران جه‌ختی کرد که‌ ڕژیمی زایۆنی ئیسڕائیل ده‌ستی له‌م ڕیفراندۆمه‌دا هه‌یه‌ و زیادی کرد: ڕژیمی زایۆنی و داگیرکه‌رانی جیهانی له‌ دوای دابه‌ش کردنی ناوچه‌که‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ناسه‌قامگیری دروست بکه‌ن. ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن یه‌کگرتوویی خاکی وڵاتانی ناوچه‌که‌ تووشی مه‌ترسی بکه‌ن. ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ڕژیمی داگیرکه‌ری قودسه‌.

ئه‌و ئاماژه‌ی به‌ کاریگه‌رییه‌کانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان کرد و وتی: یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی ده‌ستێوه‌ردانه‌کان له‌م چه‌ند ساڵی ڕابردووه‌دا گۆڕینی ژئۆپۆلیتیکی ناوچه‌که‌ بووه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ ئه‌م ئامانجه‌ ده‌پێکێت، به‌رپرسانی هه‌رێم له‌ بیری خزمه‌ت به‌ خه‌ڵکی خۆیانن به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م بڕیاره‌ خزمه‌ت به‌ کورد ناکات، به‌ڵکو ئه‌مه‌ بێ به‌ش کردنی کورد له‌و شته‌یه‌ که‌ له‌مڕۆدا له‌ عێراقدا به‌ یاسا ده‌نگی پێدراوه‌. کورد له‌ عێراق پێگه‌یه‌کی باشی هه‌یه‌.

قومی ئاماژه‌ی به‌ ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کان کرد و جه‌ختی کرد: ئازاد کردنی موسڵ کارێکی زۆر گه‌وره‌ بوو ئه‌مه‌ ده‌ستکه‌وتی هه‌موو گه‌لی عێراقه‌. به‌ڵام هێشتا باسی ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کان ماوه‌. کورده‌کان له‌م ناوچانه‌ش ژیانێکی ئارامیان هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر بڕیار وابێت ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ له‌م شوێنانه‌ش به‌ڕێوه‌ بچێت ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی که‌مینه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م ناوچانه‌. ئه‌مه‌ش ده‌توانێت ببێته‌ هۆی لاواز بوونی ده‌ستکه‌وته‌کانی کورده‌کان له‌ عێراق، کورده‌کان ڕۆژگاره‌ ئه‌سته‌مه‌کانی ڕژیمی به‌عسیان تێپه‌ڕاندووه‌ و به‌شدار بوون له‌ دامه‌زرانه‌وه‌ی عێراقی نوێ و یه‌کگرتوو.

ئه‌و جه‌ختی کرد که‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی برایانی کورد له‌ عێراقی نوێ یه‌کجار زۆره‌ و هه‌نگاوێکی هه‌ڵه‌ ده‌توانێت هه‌مووی تێک بدات.

کازمی قومی له‌ کۆتایدا وتی: که‌واته‌ ڕیفراندۆم به‌ربه‌ستی ناخۆیی هه‌رێم، عێراق، وڵاتانی ناوچه‌که‌ و کۆمه‌ڵگایی جیهانی به‌دواوه‌ ده‌بێت. ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و یه‌کێتی ئه‌ورووپا دژی ئه‌م بڕیاره‌ن و ڕیدفراندۆم به‌ مه‌سڵه‌حه‌تی ناوچه‌که‌ نازانن. به‌ تایبه‌ت که‌ له‌مڕۆدا ڕژیمی زایۆنی و داگیرکه‌ری جیهانی له‌ دوای ناسه‌قامگیرتر کردنی ناوچه‌که‌ن ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ درێژه‌ی سه‌قامگیری و ئارامی نییه‌.

ناردنی بۆچوون

3 + 7 =