سەرەڕای بەڵێنیی بەرپرسان؛

ژینگەی کوردستان قوربانی بێدەنگی تانکەرە عێراقییەکانە

ناسەی هەواڵ: 4053376 -
سنە- بۆ چەند ساڵێک دەچێت کە وەرگەڕانەوەی تانکەرە نەوتکێشەکانی عێراقی لە جادەکانی کوردستان بۆتە مۆتەکەیەک بۆ سەر ژینگەی ئەم پارێزگایە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، پاش بە فەرمی ناسرانی سنووری باشماخی مەریوان لە ڕێککەوتننامەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق، پارێزگای کوردستان بۆتە شوێنێک بۆ هاتوچۆ و گواستنەوەی تانکەرە نەوتکێشەکانی عێراقی و ئەوەش لە خۆیدا نە تەنیا تەرافیکی قورسی ناو جادەیی بە دواوە بووە، بەڵکوو وەرگەڕانەوەی جار بە جاری تانکەرەکانیش لەو جادەیەدا بۆتە مۆتەکەیەک بۆ سەر ژینگەی ئەم پارێزگایە.

دۆخی ناستانداردی جادەیی سنە – مەریوان و نەگونجاو بوونی بۆ کاروباری ترانزیتی لە پەنای نائاشنابوونی شۆفیرانی تانکەرەکان بە جادەی پڕ هەوراز و پێچەکانی پارێزگای کوردستان، دوو هۆکاری سەرەکین بۆ وەرگەڕانەوەی ئەو تانکەرانە لە جادەکانی ئەم پارێزگایە کە سەرەڕای ناڕەزایەتی خەڵکی هێشتاش هەوڵێکی ئەوتۆ لەوبارەیەوە نەدراوە و ئەو ڕووتە درێژەی هەیە و رۆژانە بە سەدان ماشینی قورس، لۆری و تانکەری نەوت کێش بەو جادەیەدا تێدەپەڕن.

ئەم چیرۆکە دڵتەزێنە کە ئێستا بۆتە مۆتەیەک بۆ خەڵکی کوردستان، بیرهێنەرەوەی دەرئەنجامی مەترسیدار و ناقەرەبووکەرەوانەی وەرگەڕانی ئەو تانکەرانە لە سەر ژینگە و ڕژانی مادە نەوتییەکانیان بۆ ناو ڕووبارەکانی کوردستانە، ئاوەها کە کۆمپانیای ئاوی ناوچەیی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندننامەیەک سەبارەت بە پیس بوونی ئاوی پارێزگای کوردستان، ناڕەزایەتی خۆی هەمبەر بەو دۆخە دەربڕی و لای خۆی خوازیاری پێداچوونەوەی خێرا بەو پرسە بوو.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بە هۆی هاوتەریب بوونی جادە و ڕووبارەکانی کوردستان، وەرگەڕانەوەی تانکەرە نەوتکێشەکان گەورەترین مەترسین بۆ سەر ڕووبارەکان و سەرچاوەکانی ئاویی پارێزگا.

کۆمپانیای ئاوی پارێزگای کوردستان کە بۆ چەند ساڵێک دەچێت پلانی کارامەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی قەیران گرتۆتە بەر، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوی و لە گەڵ وەرگەڕانەوەی دوو تانکەری سووتەمەنی لە نزیکیی شاری دیواندەرە بە پەلە و لە رێگەی ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانی ئەو شارە پێشگری کرد لە ڕژانی مادە کیمیاییەکان بۆ ناو ڕووبار و سەرچاوەکانی دیکەی ئاویی ئەو شارە. هەروەها لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە ڕووداوی هاوشێوەی سەر پردی نسارە و لە پەراوێزی ڕووباری قزل ئۆزەن، شایەدی هەولێکی بە پەلەی لەو جۆرە بووین.

بەڵام سەرەڕای ڕەخنە و هەوڵی ڕێکخراوە و دامەزراوە دەوڵەتییەکان لەوان ئیدارەی رێگاوبان و پۆلیسی رێگا، ئەوەی لەمناوە زۆرترین زیانی پێگەیشتووە و کەمترین دەنگی هەڵبڕیوە، ژینگەی کوردستان بووە و خەمخۆرانی ژینگە و ژینگەپارێزان وەک زمانحاڵی ئەو قوربانییە بێدەنگە، بەردەوام جەخت لە زەروورەتی بەڕێوەبەری و سامان دان بە ڕەوتی هاتوچۆی تانکەرەکان لە پێناو پاراستنی ژینگە و فریاکەوتنی دەکەن.

عەبدولواحید ڕیازی فەر بەڕیوەبەری گشتیی ژینگەپارێزیی کوردستان باس لەوە دەکات کە ئەگەرچی دەستەبەرکردنی خێرای ئیمکانات بۆ چارەسەریی بە پەلەی ئەو گرفتە لە ئێستادا مومکین نییە، بەڵام لانی کەم دەکرێت هێزی پۆلیسی ڕیگا لەو جێگایانەدا جێگر بکرێن کە ئاستی مەترسییان لە سەرێیە و زۆرترین ڕووداوەکان لەوێ قەوماون، بەڵکوو بەو شێوەیە بە رێگری لە وەرگەڕانی تانکەرەکان، پێشگری بکەین لە پیس بوونی سەرچاوەکانی ئاوی و خاکیی کوردستان.

دیارە تا ئێستا بەرپرسانی دەوڵەتی کەم و زۆر شایەدی ئەو کارەساتانە بوون و لای خۆیان ناڕەزایەتیان بەو دۆخە دەربڕیوە، بەڵام هیشتاش دووکەڵی ئەو ڕووداوانە دەچێتە چاوی خەڵکی کوردستان و ئەم ترسە تۆقێنەرە بە ناوی جادەکانی ئەم پارێزگایەدا لە هاتوچۆیە. خەڵکی کوردستان هێشتاش کارەساتی دوو دەیە لەوە پێشی وەرگەڕانی تانکەری مادەی کیمیایی بۆ ناوی بەنداوی سنەیان لە بیرە و چاوەروانی هەوڵیکی جیدی‌ترن بۆ چارەسەریی ئەم مۆتەیە.

ناردنی بۆچوون

6 + 5 =