ڕاپۆرتی تایبەتی مێهر بۆ مەرگی کوردناسی فەڕەنسی؛

کریس کۆچێرا لە بیرەوەری مێژووی کورد دا ئۆقرەی گرت

ناسەی هەواڵ: 4050714 -
"هاوڕێی بیانیی کوردان" لە دواگەشتی ژیانیدا بەرهەمی ٤٥ ساڵ توێژینەوەی لەبارەی کورد، لە کتێبی "گەشتی دوورودرێژی کوردەکان"دا ئاراستە کرد.

ئاژانسی هەواڵی مێهر- ئەمجەد غوڵامی: کریس کۆچێرا ئەو کەسەیە کە دوای بڵاوبوونەوەی خوێندنەوە و ڕاپۆرتەکانی لەبارەی کورد لە دەیەکانی ۷۰ و ۸۰ی زایینی، ناوی کەوتە سەر زاری رۆشنبیرانی کورد و دواتر کە لە رێگەی سەردانی هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێران و ڕەخسانی هەلێک بۆ دیالۆگی نێوان دوو شێوە ڕوانینی دەرەکی و ناوخۆیی لەبارەی کورد، وەک "هاوڕێی بیانیی کوردان" ناویان لێ برا. بەو بۆنەوە و دوای ٤٥ ساڵ هەوڵی بێ وچانی مێژوونووسی و ناساندنی دۆزی مێژوویی کورد بە جیهان، مەسعوود بارزانی لە ئایپڕێڵی ۲۰۱۳دا مەدالیای بارزانی بە خۆی و ئێدیت کۆچێرای هاوسەری بەخشی.

کۆچێرا کە ناوی تەواوی "پۆل مۆبێت"ـه، لە ساڵی ۱۹۳۸ لە فەرەنسا لەدایکبووە و وەک پسپۆڕ و کارناسی بواری ڕۆژهەڵاتی ناڤین و کوردستان، بە هاوکاریی هاوسەرەکەی دەزگای سەربەخۆی فری لانس "Free lance"یان بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی لە پاریس دامەزراند. ناوبراو تا ساڵی ۱۹۷۱ زیاتر لە ۱۳۰ ڕاپۆرتی لە سەر کوردستان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی فەڕەنسا و جیهاندا بڵاوکردۆتەوە و هاوکات بە یارمەتیی ئێدیت کۆچێرای هاوسەری ئەرشیڤێکی گەورەی وێنە و فۆتۆی کوردستان و کەسایەتییە ناسراوەکانی کوردی کۆکردۆتەوە.

بە گشت ئەمانەوە هێشتا ئەو جۆرەی پێویستە دەستڕەنجی ٤٥ ساڵ توێژنینەوە و ڕاپۆرت و وێنەگریی کۆچێرا لە کوردستان وەرنەگێڕدراوەتەوە و بڵاونەبۆتەوە و تاقە سەرچاوەیەک کە هێشتا دەستاودەست دەکرێت "بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد"ـە کە لە ساڵی ۱۹۷۵دا نووسراوە و بە مەودای ١٥ ساڵ دواتر لە لایەن محەمەد ڕییانییەوە و لە ژێر ناوی "کورد لە سەدەی ١٩ و ٢٠دا" کراوەتە کوردی و ٨ ساڵ دواتر خوالێخۆشبوو "ئیبراهیم یوونسی" لە قەوارەیەکی چڕوپڕتردا وەری گێڕاوەتە سەر زمانی فارسی.

وەرگێرانی ئەم کتێبە هاوکاتی وەرگێڕانی کتێبەکانی درێک کێنان و باسیلی نیکیتین و مینۆرسکی و ... کەشێکی پڕ هەنگامەی و سۆزدارانەی لە ناو خەڵکی کورد بە دواوە بوو؛ ئاوەها کە بیستنی ناوی کورد لە زمانی نووسەرانی بیانی، وەک بەها و پێشوازییەکی جیهانی لە پرسی کورد وێنا دەکرا. بەڵام مامۆستا هەژار لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا سەرەڕای نرخاندنی کتێبەکە، زۆرتر دەڕوانێتە هەوڵی وەرگێڕ و دەنووسێت: "ئێمەی کورد قەرەبەختی دەستەوەستانی، قەت بەهای ئازادیمان بە چاو نەدی ... چونکە نە بە زمانی  خۆمان نووسین و خوێندنەوەمان بووە و نە مێژووشمان [به زمانی خۆمان] خستۆتە سەر قاقەز ... ئێستاش لەم چەرخی بیستەمەدا تاک و تەرا لێر و لەوێ دەقی باشی لەم شێوە، بیرمان دەخاتەوە کە ئەگەر لاوانی ئێمە خۆیان نەناسن چۆن خەڵکی دەماناسێ؟".

لە ڕاستیدا هەژار موکریانی زیاتر لەوەی ئاوڕ لە توێژینەوەکانی کۆچێرا بداتەوە، خەمی زمانی کوردی و گێڕانەوەی مێژوویی بەو زمانەیەتی. دەنا وەک خۆی دەڵێت "بوونی سەد کتێبی لەو چەشنەش کولەیەکی تەڕ ناهێنن".

ئەم ڕوانینە بۆ مێژوونووسی لە زمانی بیانییەوە وەک د.ئەحمەد غوڵامی لە لێدوانێک بۆ ئاژانسی مێهر دەڵێت، پرسیارێکە لە شێوەکانی گێڕانەوەی مێژوو لە گۆشەنیگای تایبەتی گێڕەوەرەوە و ئەوەی مامۆستا هەژار داکۆکی لێ‌دەکات گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان لە گۆشەنیگای کوردێکەوەیە. بەو پێیە "بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد" زیاتر لەوەی مێژوویەکی خۆماڵی بێت، گۆشەنیای کەسی بیانیی بە سەرەوە دیارە.

ئەم خوێندکاری دوکتۆریی کۆمەڵناسییە، بە ئاوردانەوە لە سەرچەشنەکانی ئەو شێوە ڕوانینە لە مێژوونوسیی بیانی سەبارەت بە کورد ڕوونی دەکاتەوە: "کورد هه‌مان ئۆبژه‌ی سه‌رکوت کراو و ملکه‌چ کراوه‌یە که‌ به‌ پێناسەکردنی لە خانەی "رۆژهه‌ڵات" و به خوێندنه‌وه‌ و دامه‌زراندنی ده‌یان ئارشیڤ و قوتابخانه‌ له‌ ماوه‌ی دوو سه‌ده‌ی دوایی، کراوه­ته‌ ئۆبژه‌ی زانسته‌ جوگرافی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی مۆدێڕن".

ناوبراو بەوەشەوە بەرهەمە مێژووییەکانی کۆچێرا بە نزیکترین ڕوانگە لە جەغزی مێژوونووسیی کوردی لێک دەداتەوە و دەشڵێت: "ئەگەرچی کریس کۆچێرا لە دڵی ئه‌م گوتاره‌وە سه‌ر هه‌ڵداوە، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌زگا فیکری/سیاسییه‌‌ که‌ به‌رده‌وام تێده‌کۆشێ ناسین به‌ واتای سه‌رکوت کردن یان بانگهێشت و ناونانێک دابنێ که‌ له‌ رێگه‌ی چه‌واشه‌ کردنی زانین و ئاگاییه‌وه‌ به‌ سه‌ر تاکه‌کان زاڵ بووه‌، ویستوویه‌تی زانست بکا به‌ ئا‌مرازێک بۆ به‌ره‌نگاری و ژیاننه‌وه‌ی ئه‌و تاک و تاقمه‌ سه‌رکوت کراوانه‌".

غوڵامی ئاماژە بەوەش دەدا: "له‌ ڕاستیدا کۆچێرا له‌ نووسراوه‌کانی­دا ده‌ست له‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ ناونه‌ته‌وییانه‌ داده‌نێ که‌ بوونه‌ته‌ هۆی کێشه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ ناو کوردستان و وڵاتانی ناوچه‌. هه‌ر بۆیه‌ نووسینی ئه‌و دروست بە پێچەوانەی نووسینی رۆژهه‌ڵاتناسه‌کان، نه‌ لە پێناو به‌ئه‌ویدی کردنی کوردان و به ئۆبژه‌ کردنی چه‌مکی کورد، به‌ڵکوو بۆ ئه‌و به‌شه‌ له‌ مێژوونووسینی مۆدێرنه که‌ به‌ دوای به‌دی هێنانی زانایی و ئاگایی‌ وه‌کوو گوتارێکی سیاسی/ئایدیالۆژیکیە".

خوێندکاری دوکتۆریی کۆمەڵناسی ئابووری و گەشە بە نموونە هێنانەوە لە کتێبی "بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد" زیادی دەکات: "له‌و کتێبەدا کۆچێرا وێرای لێکدانەوەی پەیوەندیی وڵاتانی رۆژئاوایی و لەوان فه‌ڕه‌نسه‌ و بەریتانیا، تێ‌ده‌کوشێ ئاگاییه‌کی سیاسی/شۆڕشی بکاته‌ به‌رگی مێژوویه‌کی وه‌لانراو و بانگه‌شه‌ی نووسینی مێژوویه‌ک ده‌کا بۆ ده‌رباز بوون و پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی پلانی مێژوونووسییەک که‌ هه‌رکام لەو وڵاتانه‌ و وڵاتانی هاوێر به‌شێک له‌ ناوه‌رۆکه‌که‌یان لێ داماڵیووه‌. بۆ نمونە کاتێک باس لە سمکۆی شکاک دەکات بە پێچەوانەی گێڕانەوەی باو، ده‌ڵێ سمکۆ نە تەنیا که‌سایه‌تییه‌کی پیاوکوژ و دڕنده‌ نه‌بووه‌، به‌ڵکوو پیاوێکی خۆش لیباس بووه‌ و هه‌میشه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی شه‌رمێونانه‌ی به‌ لێوه‌وه‌ بووه".

هەروەها د.خالق جەلیل نژاد، مامۆستای فەلسەفە و ئەندیشەی سیاسی بە ئاوردانەوەیەکی خەسارناسانە لە مێژوونووسیی سیاسی کوردی و هەڵسەنگاندنی لە هەلومەرجی سیاسیی کوردستان و چیەتیی پرسی سیاسی کورد، بە هەواڵنێری مێهری ڕاگەیاند: "مێژوونووسیی سیاسیی کوردی سەرەڕای غەیابی توێژینەوەیەکی ڕێک و پێک لەوبوارەدا، خاوەن خەسارگەلێکی وەک زاڵبوونی نیگای ئایدیالۆژی و تاک ڕەهەندانە، غەیابی دەیتای مەیدانیی بڕواپێکراو و هاوپەیوەند بە پرسی سیاسی کوردستان و زاڵبوونی ڕوانینی رۆژهەڵاتناسەیە کە ئەگەر نەڵین بە سەر هەموویاندا، لانی‌کەم بە سەر زۆربەیانەوە دیارە".

مامۆستای زانکۆکانی پەیامی نوور و ئازادی شاری مەهاباد، کریس کۆچێرا بەدەر لەو خەسارانە هەڵدەسەنگێنی و لای وایە کۆچێرا بە هۆی نزیکبوون و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە پرسی سیاسیی کوردستان، دەلاقەیەکی جیاوازی لە ڕووی مێژوونووسیی سیاسی کوردستان کردۆتەوە و دەڵێت: "کۆچێرا بە دوو هۆوە بەدەرە لەو ڕەخنەیانە؛ یەکەم بە هۆی رۆژنامەنووس بوون و نزیکی و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لە گەڵ واقیعی سیاسیی کوردستان و ئەمەش بۆتە هۆی بیچم گرتنی نیگای بان ئایدیالۆژیی ئەو و ئاراستەکردنی دەیتا و زانیاریگەلێکی ڕاست و دروستی مەیدانی و هاوکات بە هۆی خۆبواردنی کۆچێرا لە نووسینی مێژوویەکی سەڵتی تۆمارکراوە و نزمگەرایانە، خۆی پاراستووە لە گێژاوی نیگایەکی رۆژهەڵاتناسانە".

جەلیل نژاد کۆچێرا بە داهێنەری ڕەوتێکی تایبەتیی مێژوونووسی سیاسی کورد لە باری مەعریفی و مێتۆدوە دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە: "کریس کۆچێرا ئاوری لە مێژووی سووژەیەکی سیاسی دایەوە کە ماوەیەکی زۆر بوو بە شێوە و زمانێکی ئایدیالۆژیک، داماڵدراو و رۆژهەڵاتناسانە دەگێڕدراوە، بەڵام بە پێچەوانە لە دەقی مێژوویی ئەودا سووژەی سیاسیی کورد ئەو هەلەی بۆ دەرەخسێت کە بە ڕواڵەتێکی جیاوازی مێژوویی – سیاسییەوە دەرکەوێت".

خۆلادانی کۆچێرا لە داڕشتنەوەی مێژووییەکی رۆژهەڵاتناسانە بە گوێرەی نووسەران و توێژەرانی کوردستانی، یەکێکە لە خاڵە شازەکانی ناو دەقە مێژووییەکانی ئەو، بە جۆرێک کە خودی ئەم نیگایە هاوکاتی سازدانی دەرفەتێکی دیالۆگی و گێڕانەوەیی بۆ مێژووی کورد، وەک د. ئۆمید وەرزەندە مامۆستای زانکۆ و بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەیی کوردستانناسیی زانکۆی ئازادی شاری سنە لە وتووێژ لە گەڵ مێهر باسی دەکات، ڕەخسێنەری نیگایەکی دڵسۆزانە و دروست لە مێژووی هاوچەرخی کوردە و ئەمەش وای کردووە کە کورد هەرگیز وەک ئەویدییەک سەیری ئەو مێژوونووسە نەکات.

وەرزەندە بە ئاوردانەوە لەو سەفەرنامە و دەقە مێژووییانەی لە سەر کورد نووسراون، ڕەخنە لە نیگای زاڵی رۆژهه‌ڵاتناسانەی ئه‌و توێژەرانە دەگرێت و دەڵێت:  "نووسینی سه‌فه‌رنامه‌نووسان، مێژوونووسان و توێژه‌رانی رۆژئاوایی له‌ سه‌ر کورد پڕه‌ له‌ چه‌واشه‌کاری و ناڕاستیی مه‌به‌ستدار و به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان هه‌ناسه‌ی ئامانجی سیاسیی سه‌روه‌ریخوازانه‌یان پێوه‌ دیاره".

ناوبراو بە نمونه هێنانەوە لە کارەکانی "کارل مای"، "جه‌یمز ریچ"، "ژابا"، "مه‌ک داوڵ" و ... ڕوونی دەکاتەوە:  "ئه‌م به‌رهه‌ما‌نه‌ له‌ رێگای سه‌یر نواندنه‌وه‌ (Exoticism) بۆ سه‌گه‌رم کردن و چێژوه‌رگرتنی مرۆڤی رۆژئاوایی یان بۆ پیشاندانی سه‌روه‌ریی مرۆڤی رۆژئاوایی (Western Man) به‌رانبه‌ر به‌ مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی (Eastern Man) نووسراون".

بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەیی کوردستانناسی بە نرخاندنی فۆڕمی زاڵ بە سەر نووسراوەکانی کۆچێرا باس لەوەش دەکات: "کریس کۆچێرا به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رۆژهه‌ڵاتناسانه‌ی که‌ وه‌کوو "ئه‌ویدی" سه‌باره‌ت به‌ "خودی" کورد ده‌دوێن، قه‌ت نه‌بووه‌ ئه‌ویدی و بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستێه‌کان چه‌واشه‌ نه‌کرێت، ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ کوردستان داده‌نیشێت و چاوی به‌ زۆربه‌ی که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کانی کورد ده‌که‌وێت و له‌ گه‌ڵیاندا ده‌ژی".

ئەم ڕوانینە نائەویدیانە هەمبەر بە کۆچێرا و پێشوازیی کۆمەڵگای رۆشنبیری و ئاکادیمی لە بەرهەمەکانی بە گوێرەی د.ئیسماعیل مەحموودی لە پەنای هەستی سۆزدارانەی زاڵ بە سەر نووسراوەکانیدا، بەرهەمی زمان و ڕاوێژی ڕاکێشەڕانەی نووسەری ئەو دەقانەیە کە ئەویش لە خۆیدا لە زمان و توانستی رۆژنامەنووسانەی کۆچێراوە سەرچاوە دەگرێت.

مەحموودی لە لێدوانێک بۆ مێهر سەبارەت بە ڕاوێژی ڕاکیشەرانە ڕوونی کردەوە: "مێژوونووس لەو شێوازە نووسینەدا لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی زیاتری بەردەنگ و شەمەندکردنەوەی ڕووداوەکان و هاودڵیی بەردەنگ لە گەڵ بابەتەکە، بەستێنی مێژوو پەرە پێ‌دەدات و لە ئەدەبی گێڕانەوە و تەکنیکەکانی رۆژنامەنووسی بۆ ئەو مەبەستە کەڵک وەردەگرێت".

ئەم مامۆستای مێژووە، ڕاوێژی ڕاکیشەرانەی کۆچێرا وەک دەرفەتێک لێک دەداتەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجەکان بۆ لای کورد و مێژووەکەی و لەو ڕووەوە لە پەنای گێرانەوەی مێژووی هاوچەرخی کوردستان لە کتێبی "بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد"، بۆتە هۆی پێشوازیی توێژەران و خوێندکارانی کورد لە بابەت و زانستی مێژوویی هاوچەرخ.

شرۆڤەکاری پرسی رۆژهەڵاتی ناڤین لای وایە کە ئەم پێشوازییەش بە شێوەیەکی بەرامبەر کاریگەریی لە سەر دەقەکانی دواتری کۆچێرا داناوە و ئەوە دەسەلمێنێت کە پەیوەندیی ئەو لە گەڵ پرسی کورد پەیوەندییەکی سەڵەتی رۆژنامەنووسانە نەبووە، بەڵکوو‌ بە شێوەیەکی دوو لایەنە لە پەنای هەستی سۆزدارانەیەی پێشوو و گێرانەوەی ژوورنالیستی، هەوڵی داوە لە دەقەکانی دواتریدا زیاتر لە میتۆدگەلی شرۆڤەیی و واقیع گەرانە بەهرە وەرگرێت.

مەحموودی بە ئاماژە بەوەی کە هێشتاش بەرهەمەکانی کۆچێرا سەرچاوەی سەرەکیی توێژەران و مێژوونووسانی هاوچەرخی کوردە، جەخت لەوەش دەکاتەوە: "ئەگەرچی بەرهەمەکانی کۆچێرا ناچنە خانەی مێژوونووسییەکی زانستی و ئاکادمیک، بەڵام هەوڵەکانی لە بواری مێژوونووسیی کوردی جێی ستایشە و بێ شک لە سەرهەڵدانی مێژوونووسییەکی پڕۆفێشناڵدا دەستی باڵای بووە".

"هاوڕێی بیانیی کوردان" لە دواگەشتی ژیانیدا بەرهەمی ٤٥ ساڵ توێژینەوەی لەبارەی کورد، لە کتێبی "گەشتی دوورودرێژی کوردەکان"دا ئاراستە کرد و بەر لەوەی بەراییەک لە خۆی ئاراستە بکات، بە هۆی نەخوشیی پارکینسۆن خانەنشین بوو و چیتر لەم چەند ساڵەدا نەیتوانی هاوڕێیانی دووری خۆ بە سەر کاتەوە. هەواڵدەریی NRT باس لەوە دەکات کە لەم ماوەیەدا زۆر هەوڵی چاوپێکەوتنی تایبەتی لەگەڵ کۆچیرا داوە، بەڵام بە ھۆی نەگونجاوبوونی باری تەندروستی و تەشەنەسەندنی نەخۆشیەکەی ئەو هەلە نەڕەخسا و تەواو قەرزدانەوەی کوردەکان بەو توێژەر و رۆژنامەنووسە فەڕەنسییە بە هەمان میدالیای بارزانی کۆتایی پێ‌هاتووە.

ناردنی بۆچوون

3 + 1 =