پاش 4 ساڵ لە کۆچی دوایی ئیمپراتوور;

یادی شێرکۆ بێکه‌س و بێکەسیی شێعری کوردی

ناسەی هەواڵ: 4049408 -
۴ی ئاگوستی ساڵی ۲۰۱۳ "شێرکۆ بێکه‌س" له‌ سوئد کۆچی دوایی کرد. ژیانی خودی شێرکۆ بێکه‌س پڕ بوو له‌ غه‌ریبی و ئاواره‌یی و دواجار له‌ غه‌ریبیشدا کۆچی دوایی کرد.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، ڕه‌نگه‌ که‌متر که‌سێک له‌ جیهاندا ببێت که‌ لاینگری شێعر بێت و ئیمپڕاتوری شێعری کوردی نه‌ناسێت، شێرکۆ بێکه‌س له‌مڕۆدا لانی که‌م سنووری هه‌موو زمانه‌ گرنگ و زیندووه‌کانی جیهانی تێپه‌ڕاندووه‌ و ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌ هۆی هێز و توانی شاعری و خه‌یاڵ دانی تاقانه‌ی ئه‌م نووسره‌ کورده‌وه‌ بوو.

چ ئه‌و که‌سانه‌ی شێعری شێرکۆیان ستایش کردووه‌ و چ ئه‌و که‌سانه‌ی ڕه‌خنه‌یان لێی هه‌بوو، له‌ سه‌ر یه‌ک خاڵ یه‌ک ڕابوون، ئه‌وه‌ش ئه‌م خاڵه‌ی که‌ شێرکۆ بێکه‌س توانی خوڵقاندنی فه‌وزای نوێی و خه‌یاڵاوی یه‌کجار زۆر و به‌ هێزی هه‌بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێی کانگایه‌ک بوو که‌ بڕانه‌وه‌ی بۆ نه‌بوو.

شێرکۆ بێکەسی تاقانه‌ (١٩٤٠-٢٠١٣) کوڕی‌ شاعیری‌ ناوداری‌ کورد فایەق بێکەس‌ بوو که‌ لە ساڵی ١٩٤٠ لە شاری‌ سلێمانی لە دایک بووە‌ و ساڵی ٢٠١٣ لە ستۆکھۆڵمی پایتەخی سوءد بە ھۆی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد. 

ئه‌م شاعره‌ ناوداره‌ی کورد لە ١٩٨٦ وڵاتی عێراقی بە جێھێشت. لە ساڵەکانی ١٩٨٧-١٩٩٢ لە و سوید ژیاوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان. شێرکۆ بێکەس بە یەکێ‌ لە شاعیرە نوێخوازەکانی‌ ھاوچەرخی‌ کورد دادەنرێت و خاوەنی‌ چەندین نامیلکە‌ و دیوانی‌ شیعرییە و زۆرێک لە شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھانی وەرگێڕدراون‌. ساڵی ١٩٨٧ لە‌ سوێد "خە‌ڵاتی تۆخۆڵسکی" وە‌ردە‌گرێت. خە‌ڵاتە‌کە‌ی لە‌ لایە‌ن سە‌رۆک وە‌زیرانی ئە‌و دە‌می سوێد "ئیگڤار کالرسۆن"ە‌وە‌ پێشکە‌ش دە‌کرێت، وە لە ساڵی ١٩٩٢ دەبێتە وەزیری ڕۆشەنبیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمەش لە یەکەم کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، لە ساڵی ١٩٩٨ بە یارمەتی کۆمەڵێ کەس و ھاوڕێکانی "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم"ی دامەزراند؛ لە ساڵی ٢٠٠٩ تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕە لە چاپ دا.

شێرکۆ یەکەمین شعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شعری خۆی بە ناوی "تریفەی ھەڵبەست" لە بەغدا لە چاپ دا. لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شعری کوردی و بە تایبەت چوون بە لای شعری نوێی کوردییەوە بڵاو کردەوە.

ساڵی ١٩٨٨ لە وڵاتی سوید خەڵاتی "تۆخۆڵسکی" پێ بەخشرا و شعرەکانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕا. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا کۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئامریکا و کانادابوو. لە ھەمان ساڵدا بە یارمەتی کۆمەڵێ کەس و ھاوڕێ "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم"ی دامەزراند.

لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی‌ چاپ و راگەیاندنی‌ "خاک" خەڵاتی‌ پیرەمێردی‌ شاعری‌ بە شێرکۆ بەخشی. لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاۆ دا.

شێرکۆ بێکەس یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شێعری نوێی کوردی و ھونەری کوردی بە زمانی شعری نوێ ناساند. شعری شێرکۆ زۆرجار باسی لە نیشتمان و خۆشەویستی ئاو و خاک کردووە.



شێرکۆ له‌ دوای خۆیشیه‌وه‌ هه‌ر خوێنه‌ری کوردی شۆک کرد و ئه‌مجاره‌یان به‌ نووسینی وه‌سیه‌ت نامه‌یه‌ک ڕایگه‌یاند که‌ ده‌بێت له‌ پارکی ئازادی شاری سلێمانی به‌ خاکی بسپێرن. ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌ وه‌سیه‌ت نامه‌که‌ی:

من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لە بەر ئەوەی پڕبونەتەوە و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ رەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی (١٩٦٣)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردویش نزیکی ئەو خەڵکە‌ و ژن ‌و پیاو‌ی شارەکەم‌ و دەنگی مۆسیقا ‌و گۆرانی ‌و ھەڵپەڕکێ‌ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم.

با کتێبخانەکەم‌ و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک‌ و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆ ئەوەی شاعیران‌ و نو‌سەران‌ و کچ ‌و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بە چاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم‌ و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بە دەم چریکەی دیلان ‌و ئەڵڵا وەیسیەکەی عه‌لی مەردان ‌تێوە پێچرابێ ‌و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم‌ و بەناوی (بێکەس)ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ ‌و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە ‌و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەھێڵم.

بڕیار وایه‌ به‌یانی، ۴ی ئاگوست به‌رانبه‌ر له‌گه‌ڵ ۱۳ی گه‌لاوێژ ڕێوڕه‌سمێک بۆ یادی شێرکۆ بێکه‌س بکرێته‌وه‌ و له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا هه‌ڵۆ شێرکۆ بێکه‌س چه‌ند پارچه‌ شێعرێکی باوکی پێشکه‌ش ده‌کات و هاوکات کتێبک له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی لقی سلێمانی له‌ سه‌ر ژیانی ئه‌م شاعره‌ کورده‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ که‌ بریتییه‌ له‌ ۲۰۳ وێنه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌کانی ژیانی شاعر.

ڕه‌نگه‌ یاد کردنه‌وه‌ له‌ شێرکۆ بێکه‌س له‌ ڕۆژی کۆچی دوایی ئه‌م شاعره‌ گه‌وره‌، ئیدی به‌س نه‌بێت و ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ کاری زانستی و کۆنگره‌یی له‌ سه‌ر جیهانی ئه‌ده‌بی ئه‌م شاعره‌ بکه‌ین و له‌ خۆمان بپرسین ئایا کۆمه‌ڵگایی کوردی توانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ شێرکۆیه‌کی دیکه‌ به‌رهه‌م بێنێت، تاکوو لانی که‌م کاره‌ساته‌کانمان ڕه‌وایه‌ت بکات و له‌ زامه‌ کوردییه‌کان بکۆڵێته‌وه‌...

ناردنی بۆچوون

1 + 15 =