ڕاپۆرتی مێهر؛

ئامانج و ڕه‌هه‌نده‌ شاراوه‌کانی سەفەری سه‌در بۆ سعوودییه‌

ناسەی هەواڵ: 4048769 -
دیداری موقتدا سه‌در له‌ عه‌ره‌بستان به‌ تایبه‌ت دانوستان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان که‌ به‌ دژبه‌ری سه‌ره‌کی ئێران ده‌ناسرێت، ده‌نگۆی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی - فه‌رزاد فه‌رهادی: په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و عه‌ره‌بستان خوار و ژووری زۆری هه‌بووه‌. حه‌یده‌ر عه‌بادی مانگی پێشوو سه‌ردانی سعوودییه‌ی کرد و ئه‌وه‌ش یه‌که‌م دیداری له‌ عه‌ره‌بستان بوو. 

به‌ڵام سه‌ردانه‌که‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌ی موقته‌دا سه‌در ده‌نگۆی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌. سه‌درییه‌کان له‌ پارلمانی عێراق کورسی زۆریان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و یه‌کینه‌کانی "سه‌لام" له‌ناو حه‌شدی شه‌عبی که‌ ڕۆڵێکی گرنگیان هه‌یه‌، سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌درن.

سه‌درییه‌کان له‌ ناو عێراقدا به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کی گرنگ و به‌هێز له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن به‌ تایبه‌ت که‌ موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک له‌ دژی گه‌نده‌ڵێش ده‌کات. سه‌در له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییه‌دا هه‌وڵی داوه‌ که‌ جۆریه‌ک له‌ ته‌راز و هاوکێشه‌یی بابه‌ته‌کان ڕچاو بکات، واتا هه‌م له‌ ده‌وڵه‌تدا ئاماده‌یه‌ و هه‌م له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ناڕازی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ڵبڕیوه‌.

به‌ڵام چالاکییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌درییه‌کان نیشنانی ده‌دات که‌ ئه‌وان له‌ دوای ڕۆلی زیاتر له‌ سه‌ر ئاستی عێراقی دوای ئازاد بوونی موسڵن. به‌ تایبه‌ت که‌ له‌ دوای هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سوننه‌کانن تاکوو بتوانن زیاترین کورسی پارلمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا مسۆگر بکه‌ن. له‌م نێوانه‌دا سعوودییه‌کانیش له‌ دوای شکسته‌کانیان له‌ ناوچه‌که‌ له‌ دوای گۆڕینی نیگای خۆیان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن و له‌م ڕووه‌وه‌  شیعه‌کانی عێراق ده‌توانن ڕۆڵی باش بگێڕن.

پێشتر موقته‌دا سه‌در ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بووه‌ له‌ دژایه‌تی کردنی سعوودییه‌کان له‌ به‌غدا. ئێسته‌ ئه‌م چوونه‌وه‌ بۆ لای سعوودییه‌کان ده‌توانێت وه‌ک به‌رگی براوه‌ بێت بۆ عه‌ره‌بستان. ئه‌لاخبار له‌مباره‌وه‌ نووسی: سه‌در وه‌ک بۆمبێکی به‌هێز له‌ ناو به‌رپرسه‌کانی عێراقدا ته‌قییه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی پێشتر هه‌وڵ ده‌درا ئه‌م بابه‌ته‌ بشاردرێته‌وه‌، به‌ڵام نابێت ئه‌مه‌ له‌ بیر بکه‌ین که‌ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ به‌ڕێکه‌وت نه‌بووه‌.  سه‌فه‌ری سه‌در له‌گه‌ڵ عه‌بادی جیاوازی زۆره‌ چون سه‌فه‌ری عه‌بادی به‌ هه‌ماهه‌نگی ئێران ئه‌نجام بوو.

ئه‌م مێدایه‌ درێژه‌ی دا: دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا لاینگرانی سه‌در له‌ به‌غدا له‌ دژی ئێران دروشمیان دا و سه‌در ناچار بوو سه‌ردانی ئێران بکات. له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی جه‌ده‌ سه‌در له‌ لایه‌ن سامر سه‌هبانه‌وه‌ پێشوازی لێکرا که‌ پێشتر باڵوێزی سعوودییه‌ له‌ عێراق بوو، ئه‌مه‌ش نیشانی ده‌دات که‌ په‌یوه‌ندی نێوان سه‌درییه‌کان و ڕیاز زۆر قووڵ بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌م ڕۆژنامه‌ لوبنانییه‌ زیادی کرد: ڕیاز به‌م کاره‌ ویستی نیشان بدات که‌ سه‌در له‌ ئێران هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و به‌ ئێران ڕایبگه‌یه‌نێت که‌ عێراق ڕاست له‌و قۆناغه‌ دایه‌ که‌ ڕیاز ده‌یهه‌وێت و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا به‌غدا ڕووبه‌ڕووی ئێران ده‌وێستێته‌وه‌. هه‌روه‌ها دوابه‌دوای سه‌فه‌ری مالکی بۆ ڕووسیا ئه‌م سه‌فه‌ره‌ ئه‌نجام بووه‌ و سه‌در ویستی نیشانی بدات که‌ له‌ به‌ره‌ی ئێران و هاوپه‌یمانه‌کانی نییه‌ و به‌ڵکو سه‌ر به‌ به‌ره‌ی عه‌ره‌بی، به‌ ڕێبه‌ری سعوودییه‌کانه‌.

ئه‌وه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ئه‌م خاڵه‌یه‌ که‌ ده‌نگی به‌ره‌ی شیعه‌ی مه‌ده‌نی وه‌ک مالکییه‌کان له‌ که‌سانی وه‌ک سه‌در و حه‌کیم زیاتره‌ چون ئه‌م دوو که‌سایه‌تییه‌ به‌ پێی هه‌مان بنه‌مایی و تائیفی عێراق ڕۆڵیان هه‌بووه‌ و ده‌نگیان له‌ناو هۆز و تایفه‌کانی خۆیاندا هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش سه‌دری نیگه‌ران تر کردووه‌ که‌ له‌ داهاتوودا ده‌نگی که‌متری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارلمانی عێراقدا هه‌بێت.

به‌ پێی ڕاپۆرته‌که‌ی ئه‌لاخبار موقته‌دا سه‌در دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا له‌ دژی ئێران و حه‌شدی شه‌عبی لێدوانی تووند ده‌دات. ئه‌و هه‌وڵ ده‌دات ناکۆکییه‌کان له‌ناو حه‌شدی شه‌عبی به‌رز بکاته‌وه‌ تاکوو ئه‌م هێزه‌ هه‌ڵبشه‌وێته‌وه‌. سه‌در له‌ دوای هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ حزبه‌ نوێکه‌ی عه‌مار حه‌کیمه‌. فیتنه‌کان له‌ به‌غدا و به‌ستێنه‌کانی ئاماده‌ن و له‌ ته‌ڵاقی سیاسی تارانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات و به‌گڕانه‌وه‌ی داعشییه‌ سیاسییه‌کان کۆتایی پێدێت.



چالاکێکی ڕۆژنامه‌وانی دژ به‌ سعوودییه‌کان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی داوه‌ که‌ له‌ نێوان عه‌بادی و سعوودییه‌کانیش هات و چووی زۆر نه‌هێنی هه‌یه‌ و ئاشکرا ناکرێت. ئه‌م گۆڕنکارییه‌ له‌ سیاسه‌تی سعودییه‌ به‌م هۆیه‌یه‌ که‌ ڕیاز بتوانێت کاریگه‌ری له‌ سه‌ر شیعه‌ی عه‌ره‌بی ناوچه‌که‌، به‌ تایبه‌ت حوسییه‌کانی یه‌مه‌ن دابنێت تاکوو ئه‌وه‌نده‌ له‌ دژی ڕیاز شه‌ڕ نه‌که‌ن. 

ئه‌ڵعه‌ره‌بییه‌ی نوێ نووسی: سه‌فه‌ری فه‌رمانده‌کانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ نه‌هێنی بۆ ڕیاز ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌شی هه‌یه‌، سعوودییه‌کان به‌م کاره‌ ده‌یانه‌وێت شیعه‌کانی دوو پارێزگای قه‌تیف و عه‌وامییه‌ ڕازی بکه‌ن تاکوو له‌ دژی ڕیاز چالاکی نه‌که‌ن. به‌ تایبه‌ت که‌ سه‌در له‌ نێوان شیعه‌کانی عه‌ره‌بستان کاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌یه‌.

به‌ کورتی ئه‌وه‌ی ده‌توانین له‌باره‌ی سه‌فه‌ری سه‌در بۆ عێراق ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین ئه‌مانه‌یه‌:

- سه‌فه‌ره‌که‌ به‌ ئامانجی یارمه‌تی وه‌رگرتن له‌ موقته‌دا سه‌در بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سعوودییه‌کان خۆیان له‌ شکسته‌کانی یه‌مه‌ن ڕزگار بکه‌ن و له‌وه‌ زیاتر له‌م شکسته‌ تێوه‌نگلێن. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ عه‌ره‌بستان له‌ دوای ده‌رچوون له‌ قه‌یران و قوڕاوی یه‌مه‌ن و حوسییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌یه‌.

- دروست کردنی درز و ناکۆکی و بۆشایی له‌ نێوان به‌ره‌ و گرووپه‌ شیعه‌کانی عه‌ره‌بستان. سعوودییه‌کان هیچ کات له‌ به‌هێز بوونی شیعه‌کان خۆشحاڵ نین و هه‌موو هه‌وڵیان ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ پڕۆسه‌ی سیاسی ئێستای به‌غدا شکست بێنێت.

- به‌ ده‌ست هێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ی که‌ سعوودییه‌کان نه‌یانتوانی به‌ ده‌ستی بێنن و وه‌ک گورز وه‌شاندن له‌ حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌و هێزه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی که‌ ڕۆڵی گرنگی له‌ شکست دانی داعشدا بووه‌. ئه‌م هێزه‌ توانی به‌ ده‌یان شار و شارۆچکه‌ی عێراق له‌ ده‌ستی تیرۆریسته‌کان ڕزگار بکات.

- یارمه‌تی وه‌رگرتن له‌ بزوتنه‌وه‌ی سه‌در بۆ ئارام کردنه‌ویه‌ دۆخی قه‌یراناوی ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ربستان به‌ تایبه‌ت پارێزگای عه‌وامییه‌.

- به‌رده‌وام بوونی سعوودییه‌کان له‌ دژایه‌تی کردنی ئێران و به‌ره‌ی خۆڕاگری ناوچه‌که‌.

- هه‌وڵی سه‌درییه‌کان بۆ بردنه‌وه‌ی زیاترین کورسی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی عێراق به‌ یارمه‌تی سوننه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ پارلمانی عێراق.

ناردنی بۆچوون

8 + 10 =