نووری مالیکی لە وەڵامی هەواڵنێری مێهر:

گەمەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ پشک وەرگرتنە

ناسەی هەواڵ: 4048494 -
مالیکی وێرای ئاماژە بە هاوبەشیی ئێران لە سەرکەوتنەکانی گەلی عێراق و بەرگریی حەشدی شەعبی لە بوونی گەلی عێراق، وتی: کوردەکان زۆرترین زیان لە بەڕیوەبردنی ڕیفراندۆم دەبینن.

بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی مێهر، شاندی میدیایی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە بەڕێوەبەرانی میدیایی بە سەرپەرەشتیی عەلی موعەزی، بەرێوەبەری ئەنجومەنی ڕاگەیاندنی دەوڵەت پێکهاتووە، لە درێژەی دیدارەکانی لە سەفەری عێراق، رۆژی ڕابردوو سێ‌شەممە ۹ی گەلاوێژ لە گەڵ نووری مالیکی جێگری سەرۆک کۆماری دیدار و گفتوگۆیان کرد.

مالیکی لە سەرەتای ئەم دیدارە وێرای پێروزبایی وتن بۆ سەرکەوتنەکانی ڕەوتی خۆڕاگری لە دەوڵەت و گەلی ئێران، ئەو سەرکەوتنانەی بەرهەمی هاوڕێزی و یەکگرتوویی دەوڵەت و گەلی عێراق زانی.

ئازادی ڕاگەیاندن لە عێراقی دوای سەدام

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بە ئاماژە بە زەخت و تەنگەژەکانی سەردەمی سەدام لە سەر میدیا و ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە، وتی: میدیا لە سەردەمی سەدامدا تەواو خرابووە پەراوێزەوە و ئازادی ڕادەبڕینی لێ زەوت کرابوو، بەڵام ئێستا میدیا و ڕاگەیاندنی تەواو ئازاد لەم وڵاتەدا بوونیان هەیە و بە ئازادیی تەواوەوە ڕەخنە و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە تەواو پرسەکان دەردەبڕن و لە قەوارەی هەواڵدەری، تەلەڤیزیۆنی، رۆژنامەیی و ... لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەم وڵاتەدا چالاکن.

وتیشی: بە پێچەوانەی سەردەمی حکوومەتی بەعسی سەدام کە هەر نابەعسیەک بەرەوڕووی گرفت دەبوو، لە ئێستادا هیچ جۆرە تەنگەژەیەک لە لایەن دەوڵەتەوە نەخراوەتە سەر میدیاکان. ئەگەرچی دوابەدوای ڕووخانی حکوومەتی بەعس ئەو ئازادیانە سەریان هەڵدا، بەڵام بەەوەشەوە هەوڵ درا بە تیرۆریزمی تەکفیری و جەنایەتەکانیان ئەو هەلە شیرینە لە خەڵکی عێراق بستێندرێتەوە.

حەشدی شەعبی بەرگریی لە بوونی گەلی عێراق کرد

مالیکی بە ئاماژە بە پشتیوانییەکانی رۆژئاوا لە گرووپە تیرۆریستییەکان ڕوونی کردەوە: تیرۆریزمی تەکفیری و لە سەرووی هەموویانەوە داعش بە پشتیوانیی رۆژئاوا و ئەمریکا و هاوکاتی پاڵپشتیی هەندێک ڕەوتی ناوخۆیی سەری هەڵدا و بۆ بشێوی نانەوە و ئاژاوە لە عێراق لە مووسڵدا سەقامگیر بوو، کە شوکر بۆ خودا لەوبارەوە شکستیان هێنا.

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق زیادی کرد: ئەگەرچی هێشتا ئەم قەیرانە کۆتایی پێ نەهاتووە، بەڵام بە یەکڕیزیی سوپا، حەشدی شەعبی و خەڵکی هەر وەک تا ئێستا سەرکەوتوو بووینە، لەوە بە دواش سەردەکەوین.

ناوبراو سەباڕەت بە ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە سەرکەوتنەکانی عێراقدا، ئاشکرای کرد: حەشدی شەعبی نە تەنیا لە بەغدا و حکوومەتی عێراق، بەڵکوو بەرگری و پاسەوانیی لە شەڕەف و بوونی خەڵکی عێراق کرد. حەشدی شەعبی زۆرترین هەوڵی لە پارێزگا رۆژئاواییە سوننەنشینەکاندا دا و هەر بۆیە بوونیان تەنیا بە پاراستنی مەزهەبێکی تایبەتی نابەسترێتەوە.

دوژمن لە عێراقدا بە دوای ئاژانەوەنانەوەی تایفەیی - مەزهەبییەوەیە

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق جەختی لەوە کردەوە: دەبێ هوشیار بین سەرکردەکانی ناوخۆیی و دەرەکیی ئاژاوە، نەبنە هۆی دووبەرکی و ئاژاوەنانەوەی تایفەیی و مەزهەبی لە وڵاتەکەماندا.

مالیکی بە داکۆکی لە یەکگرتوویی ئێران و عێراق لە ناوچەدا، ڕایگەیاند: پێویستە هەموو پێکەوە هاوڕیز بین بۆ ئەوەی بتوانین لە یەمەن، سووریا و ... بە سەر تیرۆریستاندا سەرکەوین. بە تایبەت کە دەبینین هەندێک لە وڵاتان بە وەکالەتی ئەربابە رۆژئاواییەکانیان بە دوای ئاژاوەنانەوە و ڕووخاندنی عێراقی یەکپارچەن.

ئێران برایانە هاتە هانای عێراقەوە

ناوبراو بە بیرهێنانەوەی هەوڵی ئەو وڵاتانە بۆ تەریک خستنەوەی ئێران و پەرەدان بە ئێران ترسێنی، وتی: لە ئێستادا ئێمە لە گەڵ هەندێک لە وڵاتان ڕێککەوتووین و لەوان ئەمریکا و ئێران. بەڵام لە گەڵ ئەمریکا بۆ کڕینی چەک هاوکێشەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە ئاستەنگ نانەوەمان لە بەرە و بە پێچەوانە ئێران، هاوڕییانە و برایانە و لە پێناو چارەسەریی کێشەکانی عێراق یارمەتیمان دەدات.

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بە ئاماژە بە بارودۆخی جوگرافیایی ئێران لە ناوچەدا ڕاشیگەیاند: هەڵکەوتەی ئێران لە باری جوگرافی و سیاسییەوە لە ناوچەدا تایبەتە و ئەگەر حکوومەتی ئەسەد لە سووریادا دەڕووخا، بەرەڕووی هەلومەجێکی زۆر خراپ دەبووینەوەن و ئێمە پێشاپێش دەمانزانی لە ئەگەری ڕووخانی دیمەشق، عێراق هەنگاوی دواتر دەبێت.

مالیکی ڕوانیشیە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراقدا و وتیشی: کێشەی ئێمە لە گەڵ ئەمریکا ئەوەیە کە ئێمە دەڵێن چتان لە ئێمە دەوێت و ئەوان دەڵێن دەمانەوێ هیزی پاوەجێمان لە عێراقدا هەبێت. لە وەڵامیاندا پێمان وتوون کە لە بنەڕەتەوە هەست و ورەی عێراقی و تەنانەت سوورییەکانیش لە گەڵ شتی وا ناگونجێت، چونکا ئێرە وڵاتی مەرجەعە ئایینی و موجاهیدەکانە.

هەستیاربوونی تایبەتیی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی بەردەم لە عێراقدا ڕایگەیاند: ئەو هەڵبژاردنانە ئاسان نین و رێگایەکی سەخڵەتمان لە بەرە و بە هۆی بوونی حزبگەلی زۆر و هەمەڕەنگی ئێستا ئاستی هەستیارییەکان لە سەرەوەیە، چونکا ئەم هەڵبژاردنانە کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لە داهاتووی عێراقدا.

ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان نایاسایی و بە زیانی کوردەکانە

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و ئامانجی بارزانی لەو ڕیفراندۆمە، ڕوونی کردەوە: ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستام نایاساییە و دەستووری عێراقی یەکپارچە تەواو دژی بەڕێوەچوونیەتی.

مالیکی بە داکۆکی لەوەی کە هەرێم بە دوای پوان و پشک وەرگرتنە، وتی: ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی گەورە و جیدییە و کوردەکان زۆرترین زیانی لێ دەبینن و هەندێک بە ئامانجی کەسێنی و گرووپییەوە بە دوای رەخساندنی هەلێکی مێژوویی بۆ ناساندنی خۆیان وەک فریاڕەسی گەلی کوردەوەن، لە کاتێکدا ئەم ڕیفراندۆمە لە بنەڕەتەوە هیچ دەسکەوتێکی بە دواوە نابێت و کێشەکان چەند هێندەە دەکات.

پلاری تیرۆریزم، لایەنگرانی پێکا

ناوبراو لە وەڵامی پرسێاری هەواڵنێری مێهر لە چۆنیەتیی هەڵسەنگاندنی قەیرانی ناوچەی باشووری رۆژئاوای ئاسیا، دەریبڕی: سەبارەت بە قەیرانی ناوچەیی و بە ئاوردانەوە لە هەلومەرجی ئاڵۆزی یاریگەرانی ناوچەیی و بان ناوچەیی، ئەگەرچی بە گشتی بارودۆخەکە بە سوودی گەلانی ناوچەیە و سەروەریی ئێران لە ناوچەدا سەقامگیر دەبێت – بە تایبەت دوای ڕێککەوتنی شیعه و سوننە-، بەڵام ناکرێت بە ئاسانی باس لە کۆتایی ئەو قەیرانە بکرێت، چونکا دوژمن بە توندی بەدوای ئاژاوەنانەوە و لێک هەڵبراندنە.

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها ئاوری لە ناکۆکیی نێوان لایەنگرانی تیرۆریزم لە ناوچەدا دایەوە و زیادی کرد: هەڵبەت لە نێوان پشتیوانانی تیرۆریزمدا شایەدی هاتنە ئارای قەیران و ناکۆکین و ڕێک قەیرانێکی زۆر گەورەشە، بۆ وێنە قەیرانی نێوان قەتەر و عەرەبستان و ئیمارات کە زۆر تەشەنەی سەندووە.

هیچ کێشەیەکم لە گەڵ مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراقدا نییە

مالیکی لە درێژەدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا، وێرای ڕەت کردنەوەی هەر جۆرە ناکۆکییەک لە نێوان خۆی و مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراقدا وتی: هیچ نامەیەکم لە ئایەتوڵلا سیستانی بە دەست نەگەیشتووە، بەڵام من هەمیشە ڕۆڵی مەرجەعیەتی باڵای شیعەم لە عێراق و خۆڕاگریدا ستایش کردووە و بەردەوام سپاس و دەستخۆشیم لێ کردوون.

مەزاجی گەلی عێراق لە گەڵ سیستەمی ئەمریکادا ناگونجێت

ناوبراو لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری مێهر لە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا جەختی لەوە کردەوە: ئەمریکا لە داهاتوودا دەتوانی بە شێوەی ڕاوێژکارانە لە عێراقدا بمێنێتەوە، بەڵام مانەوەی هەمیشەیی هێزەکانی سەربازیی ئەو وڵاتە لە عێراقدا نامومکینە و ئەوە لە گەڵ مەزاجی خەڵکی عێراق ناخوێنێتەوە و لە بنەڕەتەوە گەلی عێراق بڕوایان بە ئەمریکا نییە.

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق وتیشی: لایەنگرانی تیرۆریزمی تەکفیرییەکان لە سەرەتادا پێیان وابوو تیرۆریزم تەنیا دژی مالیکی و دەوڵەتەکەی ئەوە. بەڵام منیش وەک بەشار ئەسەد پێم دەوتن: "شەپۆلی تیرۆریزم لە ئەنجامدا بەرەو ئێوەش دەگەڕێتەوە". ئەگەرچی ئەمان دەیانوت بەغدا پایتەختی خەلافەتی عەباسی بووە و نابێ مالیکی-یەکی شێعە لەوێدا حکوومەت بکات. تا ئەوەی کە تیرۆریزم لە خاکی ئەوانیشدا تەقیەوە و لە ئەورووپا و ...، ئێستاش تەواو ئەو وڵاتە رۆژئاواییانە هاتوونەتە یارمەتیی دەوڵەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، هەڵبەت ئەو هەنگاوەیان بۆ خۆشەویستیی گەل و دەوڵەتی عێراق نییە، بەڵکوو لە سای ترسی خۆیانە و بە ئومێدی خودا هەر بەو هەڵوێستە قەیران و تیرۆریزم لە سووریاشدا کۆتایی پێ دێت.

شیاوی ئاماژەیە رۆژی یەکشەممە ۸ی گەلاوێژ شاندێکی میدیایی ئێران بە سەرپەرەشتیی عەلی موعەزی، بەرپرسی ئەنجومەنی ڕاگەیاندنی دەوڵەت، لە سەر بانگهێشتی یەکێتی رۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی عێراقی، گەیشتە بەغدا و وێرای سەردان کردنی کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی "العراقیه" و کۆبوونەوە لە گەڵ شاندی سەربەخۆی پەیوەندی و میدیایی عێراق، لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دیدار و گفتوگۆیان کرد.

ناردنی بۆچوون

1 + 3 =