عەبادی لە دیداری شاندی میدیایی ئێران:

جیابوونەوە لە عێراق کام کێشەی کوردەکان چارەسەر دەکات

ناسەی هەواڵ: 4046914 -
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیداری شاندی میدیایی ئێران، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی بە هەڵەیەکی گەورەیە ناوبرد کە نە تەنیا یاسایی نییە، بەڵکوو هیچ ئەنجامێکی ئیجابی نابێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، حەیدەر عەبادی رۆژی ڕابردوو لە دیداری شاندی میدیایی ئێران کە پێکهاتبوو لە تاقمێک لە بەرپرسانی میدیایی وڵات، ڕایگەیاند: عێراق لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواو بوارەکاندا و لەوان هاوکاریی میدیایی پێشوازی دەکات.

عەبادی بە داکۆکی لە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و هاوڕێتیی نێوان دوو وڵات لە دوای ڕووخانی ڕژیمی سەدام تا ئێستا، بیری هێنایەوە: یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەوڵەت و گەلی عێراق لە شەڕی دژی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو حاشاهەڵنەگرە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو دیدارەدا شکستی داعش و ئازادکردنەوەی مووسڵی بە دەسکەوتی یەکگرتوویی و هاوڕێزیی گەلی عێراق زانی و ڕاشیگەیاند: داعش تەنیا مەترسی بۆ سەر عێراق نییە، بەڵکوو مەتەرسیشە بۆ سەر ناوچە و تەواو جیهان. ئەگەرچی ئێمە لە عێراق سەری داعشمان هەڵقەند، بەڵام جەستەی داعش هێشتاش بە وڵاتانی جیهانیدا دەگەڕێت.

ناوبراو حەشدی شەعبی وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی هێزی چەکداری عێراق وەسف کرد و وتی: حەشدی شەعبی بە فتوای مەرجەعە باڵاکانی عێراق و لە سەرووی هەموویانەوە ئایەتوڵڵا سیستانی بیچمی گرتووە و لە داهاتووشدا بەشێکی دانەبڕاوە دەبێت لە سوپای عێراق.

عەبادی ئاوری لە پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی ڕاشکاوانەی بەغدا لەوبارەوە دایەوە و ڕایگەیاند: ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێم هەڵەیەکی گەورەیە کە نە تەنیا یاسایی نییە، بەڵکوو هیچ ئەنجامێکی ئیجابیشی نابێت و دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی کێشەکان و بەو هۆیە ئێمە دژی بەڕێوەچوونین.

سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەوەش کردەوە: ئێمە ڕێز دەگرین لە تەواو گەلان و پێکهاتەکانی عێراقی و لەوان کوردەکان، بەڵام لە سەر ئەو بڕوایەشین کە تەواو کاروبارەکان دەبێ بە پێوەری دەستووری عێراق ئەنجام بدرێت؛ ئەوە پەیمانێکە کە هەمووان دەنگیان پێداوە و کۆدەنگییەکی نیشتمانییە کە بە دەورییەوە کۆبووینەتەوە.

ناوبراو جەختی لە هەڵسوکەوتی بەرپرسان لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کردەوە و وتی: جیابوونەوە لە عێراق لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی کوردمان نییە. ئێمە لە دەستووری عێراقدا شێوازێکی فیدراڵی پێڕەو دەکەین و لەوبارەوە کێشەیەکمان نییە و پرسیاری ئێمەش ئەوەیە کە جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق بە چ مەبەستێکە و کام کێشەیان چارەسەر دەکات؟

عەبادی لە کۆتاییدا بە داکۆکی لە پەڕەدان بە هاوکاریی میدیایی لە نێوان ئێران و عێراق ، خوازیاری ئامادەکردن و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی میدیایی نێوان دوو وڵات بوو.

شیاوی ئاماژەیە شاندێکی میدیایی ئێران بە سەرپەرەشتیی عەلی موعەزی، بەرپرسی ئەنجومەنی ڕاگەیاندنی دەوڵەت، رۆژی یەکشەممە ۸ی گەلاوێژ لە سەر بانگهێشتی یەکێتی رۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی عێراقی، گەیشتە بەغدا و وێرای سەردان کردنی کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی "العراقیه" و کۆبوونەوە لە گەڵ شاندی سەربەخۆی پەیوەندی و میدیایی عێراق، لە کۆشکی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا لە گەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دیدار و گفتوگۆیان کرد.

لەو دیدارەدا شاندی میوان سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی هێزی چەکداریی عێراق بە سەر تیرۆریستانی داعش و ئازادکردنەوەئ مووسڵیان بە سەرۆک وەزیران و گەلی عێراق پیرۆزبایی وت.

ناردنی بۆچوون

7 + 0 =