مه‌لا به‌ختیار:

بۆ ڕیفراندۆم پلانی B مان هه‌یه‌/کێشه‌ی کورد به‌ ده‌ستی به‌غدا چاره‌سه‌ر نابێت

ناسەی هەواڵ: 4045767 -
لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایگه‌یاند که‌ له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌که‌وتنی ڕیفراندۆم پلانی B مان هه‌یه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له‌ ڕۆژنامه‌ی شه‌رق، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایگه‌یاند که‌ له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌که‌وتنی ڕیفراندۆم پلانی B مان هه‌یه‌.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، ئه‌م به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ میانه‌ی سه‌ردانی شانده‌که‌ی یه‌کێتی نیشتمانی بۆ تاران سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆم گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی شه‌ڕق له‌ تاران ئه‌نجام داوه‌.

ئه‌و له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ به‌ هۆی گۆڕینی ژئۆپۆلیتیکییه‌وه‌ له‌ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم نیگه‌رانن وتی: ئێمه‌ له‌م سه‌فه‌ره‌ بۆ ئێران به‌ ڕوونی ڕای به‌رپرسانی ئێرانیمان سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی ڕیفراندۆم وه‌رگرت و باس و گفتوگۆمان له‌ سه‌ر کرد. ئێران به‌ فه‌رمی ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمی هه‌ریم نین چون عێراق لاواز ده‌کات و ده‌بێته‌ هۆی دزه‌ی زیاتری نه‌یارانی وڵاتی عێراق. ئێمه‌ش به‌ ڕوونی ڕای خۆمان به‌وان ڕاگه‌یاند و وتمان له‌ داهاتووی عێراق نیگه‌رانین ئێمه‌ ماوه‌ی ۱۰۰ ساڵه‌ هه‌موو جۆره‌ حکوومه‌تێکی عێراقیمان تاقی کرده‌وه‌ ته‌نانه‌ت شیعه‌کان که‌ هاوپه‌یمانی ئیمه‌ بوون به‌ڵام وه‌ک دیاره‌ کێشه‌کانی کورد به‌ ده‌ستی به‌غدا چاره‌سه‌ر نابێت.

ئه‌و زیادی کرد: ئێران ڕایگه‌یاند ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی ماده‌ی ۱۴۰ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ ناکۆکه‌کانین به‌ لێکتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا. به‌ڵام ئێسته‌ کاتی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ نییه‌. ئێمه‌ش به‌ ئاشکرا وتمان وه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ که‌ چاره‌نووسی خۆمان بڕیاری له‌ سه‌ر بده‌ین، به‌غدا به‌رده‌وام سته‌م له‌ کورد ده‌کات و ئێسته‌ش چه‌ند ساڵه‌ که‌ مووچه‌ی خه‌ڵکی هه‌رێم نادات، چ گه‌ره‌نتییه‌ک هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ دانوستان، به‌غدا به‌ڵێنه‌کان جێبه‌جێ بکات، ئێسته‌ ۱۰ ساڵه‌ له‌ کاتی جیبه‌جێ کردنی ماده‌ی ۱۴۰ تێپه‌ڕ بووه‌ و یاسای نه‌وت و گازیش جێبه‌جێ ناکه‌ن.

ئه‌و له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ ئایا ئێران دژبه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌ یان به‌ کرده‌وه‌ کارێک ده‌کات، وتی: ئێران ئه‌م بڕیاه‌ی له‌ سه‌ر قسه‌کانی عه‌بادی داوه‌، عه‌بادی له‌م دواییه‌دا سه‌فه‌ری ئێرانی کردووه‌ و مه‌ترسی خستووه‌ته‌ به‌رده‌م به‌رپرسانی ئێرانی، ئێمه‌ به‌ به‌رپرسانی ئێرانمان ڕاگه‌یاند که‌ به‌غدا ته‌نیا یه‌ک لایه‌نی ئه‌م پرسه‌یه‌ و لایه‌نی دیکه‌ی ئه‌م پرسه‌ کورده‌، ئێوه‌ ده‌بوایه‌ به‌ر له‌وه‌ی بڕیار بده‌ن قسه‌کانی ئێمه‌شتان ببیستایه‌ت.

مه‌لا به‌ختیار له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ بۆچوونی دیکه‌ش هه‌یه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی کاتێک پارلمان داخراوه‌ و دۆخی ئابووری خه‌ڵک ناله‌باره‌، ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ کێشه‌کانی هه‌رێم زیاتر ده‌کات، وتی: ئێمه‌ وه‌ک یه‌کێتی له‌ هه‌مان ده‌قه‌ی یه‌که‌م که‌ پارلمان داخرا ڕامانگه‌یاند که‌ ئه‌م کاره‌ دروست نییه‌ و ده‌بێت بێ مه‌رج پارلمان ده‌ست به‌کار بکاته‌وه‌، دڵنیاشم که‌ پارلمان بێ مه‌رج ڕێده‌خرێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر پارلمان ڕێنه‌خرێته‌وه‌ یه‌کێتی ئاماده‌ نییه‌ بچێته‌ ناو هیچ جۆره‌ ڕێککه‌وتنێکه‌وه‌. گومانی تێدا نییه‌ که‌ پارلمان ڕێده‌خرێته‌وه‌.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری که‌رکووک و خانه‌قه‌ین له‌ ڕیفراندۆمدا وتی: گومانی تیدا نییه‌ که‌ ئه‌م ناوچانه‌ش به‌شداری ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ده‌که‌ن، ئێسته‌ بۆ ۵ ساڵه‌ که‌رکووک له‌ لایه‌ن کورده‌وه‌ ئه‌منیه‌تی ده‌پارێزرێت، به‌غدا چی کردووه‌ بۆ که‌رکووک؟ نزیک به‌ ۱۰۰ ساڵه‌ نه‌وتی که‌رکووک بۆ خۆیان ده‌فرۆشن. ئه‌گه‌ر کورد نه‌ده‌بوو ئێسته‌ داعش به‌غداشی وه‌ک موسڵ داگیر کردبوو. بۆ به‌غدا نه‌یتوانی ئه‌منیه‌تی که‌رکووک و خانه‌قه‌ین دابین بکات.

 لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئایا ڕیفراندۆم ستراتیژه‌ بۆتان یان تاکتیک وتی: له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌م ستراتیژه‌، مافی سروشتی کورده‌، ئێمه‌ی کورد ئێسته‌ گه‌وره‌ترین لۆبیمان له‌ سه‌رتانسه‌ری جیهان هه‌یه‌، به‌ هه‌زاران مرۆڤی ئازدی خواز بۆ یارمه‌تی کورد دێنه‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕی کوردستان، له‌ ڕابردوودا کورد ته‌نیا کوێستانه‌کان هاوڕێی بوون، به‌ڵام ئێسته‌ هه‌موو جیهان هاوڕێی کورد ده‌که‌ن، که‌واته‌ ئه‌مه‌ مافێکی سروشتی خه‌ڵکی کورده‌.

مه‌لا به‌ختیار له‌ کۆتایدا له‌ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌که‌وتنی ڕیفراندۆم ئایا پلانی Bیتان بۆ دۆخه‌که‌ هه‌یه‌، وتی: پلانی جێگره‌وه‌ جێبه‌جێ کردنی ماده‌ی ۱۴۰ ده‌بێت و ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کان ده‌بێت ته‌ڤڵی هه‌رێم بن، پڕۆژیه‌که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق ده‌ست پی ده‌که‌ین. ئێمه‌ بڕوا ناکه‌ین به‌غدا ئاماده‌ بێت وه‌ها ڕێککه‌وتنێک بکات، شیعه‌کان باشترین دۆستانی ئێمه‌ له‌ عێراق بوون، له‌ کاتی ئۆپۆزیسیۆن بوون باشترین هاوکاریمان هه‌بوو به‌ڵام دوای به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتن ئه‌وانیش نه‌یانتوانی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن. 

شایانی باسه‌ که‌ ئه‌م گفتوگۆیه‌ له‌ لایه‌ن سامان سلێمانی، ڕۆژنامه‌ نووسی دیاری کورد بۆ ڕۆژنامه‌ی شه‌رق له‌ شاری تاران ئه‌نجام دراوه‌.

ناردنی بۆچوون

3 + 15 =