باڵوێزی عێراق له‌ تاران:

شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر بووه‌ هۆی یه‌کگرتوویی خه‌ڵکی عێراق

ناسەی هەواڵ: 4033092 -
باڵوێزی عێراق له‌ تاران ئاماژه‌ی به‌ به‌شداری ئێران له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ عێراق کرد و وتی: شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ عێراق هه‌موو چینه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ کورد و سونه‌ و شیعه‌ و مه‌سێحی و ئێزدیه‌وه‌ پێکه‌وه‌ یه‌کگرتوو کردووه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، ڕاجح موسه‌وی، باڵوێزی عێراق له‌ تاران له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ تاران سه‌باره‌ت به‌ ئازاد بوونی موسڵ وتی: خه‌ڵکی عێراق توانی سه‌رکه‌وتنی موسڵ بۆ خۆی مسۆگر بکات، ئه‌مه‌ شه‌ڕی عێراقییه‌کان بوو، هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ ڕه‌تی ناکه‌ینه‌وه‌ که‌ وڵاتانی دیکه‌ش یارمه‌تیان داین. 

ئه‌و جه‌ختی کرد:  شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ عێراق هه‌موو چینه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ کورد و سونه‌ و شیعه‌ و مه‌سێحی و ئێزدیه‌وه‌ پێکه‌وه‌ یه‌کگرتوو کردووه‌. 

باڵوێزی عێراق له‌ تاران سه‌باره‌ت به‌ ئێران وتی: ئێرانیش له‌م سه‌رکه‌وتنه‌دا به‌شدار بووه‌. وڵاتانی جیهانیش که‌ له‌ ژێر ناوی هاوپه‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌یی دژه‌ داعش چالاکی ده‌که‌ن یارمه‌تی عێراقییه‌کانیان دا، ئێمه‌ زانیاری وردمان له‌ داعشییه‌کان ڕاده‌ستی ئه‌وان ده‌کرد و ئه‌وانیش هێرشی ئاسمانیان ده‌کرده‌ سه‌ر داعشییه‌کان.

ڕاجح موسه‌وی سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ی که‌ ئایا له‌ نێوان سوپای عێراق و سووریا بۆ شه‌ڕی دژ به‌ داعش هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌، وتی: سوپای سووریا ده‌توانێت له‌ خاکی خۆیدا شه‌ڕی داعشییه‌کان بکات. 

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی حه‌شدی شه‌عبی وتی: له‌م دواییه‌دا سه‌باره‌ت به‌ حه‌شدی شه‌عبی قسه‌ی خۆمم کرد، بۆ چی ئه‌م هه‌مووه‌ لێدوانه‌ سه‌باره‌ت به‌ حه‌شدی شه‌عبی بڵاو ده‌بێته‌وه‌ چون هه‌موو پیلانه‌کانی پووچه‌ڵ کردووه‌ته‌وه‌. حه‌شدی شه‌عبی پیویسته‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزه‌ نه‌ده‌بوو هه‌موو عێراقییه‌کان له‌ باکووره‌وه‌ تاکوو باشور سه‌ریان ده‌په‌ڕێندرا. حه‌شدی شه‌عبی هه‌موو عێراقییه‌کانی تێدا ئه‌ندامن، بۆچی نیگه‌رانن له‌م هێزه‌؟ ئه‌م هێزه‌ به‌ یاسایی دانی پێدانراوه‌ و له‌ ژێر چاودێڕی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆک وه‌زیری عێراقه‌. خه‌ڵکی عێراق خۆیان ئه‌م هێزه‌یان پێکهێناوه‌ و خۆیشیان سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی ئه‌م هێزه‌ بڕیار ده‌ده‌ن.

موسه‌وی سه‌باره‌ت به‌ موسڵی دوای داعش وتی: عێراق هه‌رچی زووتره‌ ده‌ست ده‌کات به‌ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی شاری موسڵ و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ ژێر ده‌ستی داعش ئازاد کراوه‌، عێراق وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و خه‌ڵکی عێراقیش یارمه‌تی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆیان ده‌ده‌ن تاکوو سه‌رکه‌وتوو بێت، ئێمه‌ هه‌روه‌ها سپاسی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی جیهانیش ده‌که‌ین که‌ یارمه‌تی به‌غدا ده‌ده‌ن تاکوو هه‌رچی زووتره‌ ئه‌م وڵاته‌ ئاوه‌دان ببێته‌وه‌.

ناردنی بۆچوون

6 + 10 =