باڵوێزی عێراق له‌ ئێران ڕایگه‌یاند:

ڕیفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان نایاساییه‌

ناسەی هەواڵ: 4031503 -
باڵوێزی عێراق له‌ ئێران سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان وتی: ڕیفراندۆم نایاساییه‌ و عێراق وڵاتێکی یه‌کگرتووه‌ و له‌ ده‌ستووردا ئاماژه‌ی پێدراوه‌.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی، سومه‌یه‌ خومارباقی: عێراق له‌م ڕۆژانه‌دا ڕووداوی زۆر، وه‌ک ئازاد بوونی موسڵ و پرسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ مێهر گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵ، ڕاجح سابیر عه‌بود موسه‌وی، باڵوێزی عێراق له‌ تاران ئه‌نجام داوه‌ که‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت.

* لێکدانه‌وه‌ی گشتی ئێوه‌ له‌ پڕۆسه‌ی ئازاد کردنی موسڵ چییه‌؟ چه‌ند هه‌ماهه‌نگی هێزه‌کانی عێراق کاریگه‌ری بووه‌ له‌م سه‌رکه‌وتنه‌دا؟

شه‌ڕی موسڵ شه‌ڕی هه‌موو جیهان له‌گه‌ڵ تیرۆریسته‌کان بوو، ئه‌م شه‌ڕه‌ ته‌نیا شه‌ڕی عێراقییه‌کان نه‌بوو، به‌ڵکوو هه‌موو جیهان شه‌ڕی تیرۆریان له‌ موسڵ کرد. عێراق شانازی ده‌کات که‌ به‌ خوێنی ڕۆڵه‌کانی خۆی ڕۆلێکی زۆر گرنگی له‌ شه‌ڕی جیهانی دژ به‌ تیرۆردا هه‌یه‌.

ئه‌گه‌ر هه‌موو عێراقییه‌کان به‌ هه‌موو ئێتنیک و مه‌زهه‌ب و دینێکه‌وه‌ که‌ هه‌یانه‌ پێکه‌وه‌ یه‌کگرتوو نه‌ده‌بوون سه‌رکه‌وتن له‌ عێراق به‌ ده‌ست نه‌ده‌هات، هه‌موو عێراق دژی تیرۆر یه‌کیان گرت و ئه‌مه‌ش ئه‌زموونێکی بێ وێنه‌یه‌ که‌ هیوای عێراقێکی باشتر بۆ دوای شه‌ڕی داعشییه‌کان به‌ شارۆمه‌ندان ده‌دات.

له‌م نێوانه‌دا حه‌شدی شه‌عبی ڕۆڵی زۆر کاریگه‌ری هه‌بوو، ئه‌م هێزه‌ ئێسته‌ هێزێکی یاساییه‌ و پارلمان ده‌نگی پێداوه‌ و درێژه‌ به‌ کاره‌کانی خۆی ده‌دات، حه‌شدی شه‌عبی هێزێکی وه‌ک سوپای پاسدارانی ئێرانه‌ و له‌ ئاست سوپاکانی جیهان دایه‌. وه‌ک له‌بیرتان بێت سه‌ردار سلیمانی له‌باره‌ی حه‌شده‌وه‌ وتی؛ حه‌شدی شه‌عبی یه‌کێکه‌ له‌ به‌هێزترین سوپاکانی جیهان.

* فواد موعسووم ڕایگه‌یاند که‌ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان یاساییه‌، به‌ڵام حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌ڵێت ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ نایاساییه‌، باشه‌ یاسای عێراق به‌ ڕوونی چی له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت؟

یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراق ۱۰ ساڵه‌ ده‌نگی پێدراوه‌ و برایانی کوردی ئێمه‌ش خۆیان به‌شێک بوون له‌م ده‌نگ دانه‌، ئه‌م یاسایه‌ یه‌کگرتوویی عێراق مسۆگر ده‌کات، به‌م پێیه‌ به‌ڕێوه‌ بردنی ڕیفراندۆم دژی یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراقه‌.

کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یش دژی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ن. بڕوانن ئه‌و ئازادیانه‌ که‌ له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراق به‌ کورد دراوه‌ هیچ که‌مینه‌یه‌ک له‌ جیهاندا نیانه‌. کورده‌کان خۆیان حکومه‌تیان هه‌یه‌، پارلمان هه‌یه‌ و کۆنترۆڵی سامانی خۆیان ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت له‌ به‌غداش پشکیان هه‌یه‌ و وه‌زیر و سه‌رۆک کۆماری کوردمان هه‌یه‌. لام وایه‌ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌و که‌وتنه‌ خواره‌وه‌ ده‌بات.

من له‌ بارایانی کوردی خۆم داوا ده‌که‌م که‌ داهاتووی خۆیان له‌ عێراقی یه‌کگرتوودا ببیننه‌وه‌، چون دواکه‌وتنی سه‌ربه‌خۆیی کێشه‌ی یه‌کجار زۆری لێده‌که‌وێته‌وه‌ و ناوچه‌که‌ هه‌ڵگری ئه‌م ڕووداوه‌ نییه‌ و کێشه‌کان قوڵتر و زیاتر ده‌کاته‌وه‌ که‌س ئاماده‌ نییه‌ ڕێگه‌ به‌ کورد بدات عێراق دابه‌ش بکات.

من داوا ده‌که‌م که‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان پێبه‌ند بن به‌ یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراقه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ بۆ هه‌میشه‌یه‌ و ده‌بێت بۆ ژیانی باشتر پێکه‌وه‌ ڕێزی لێبگرین. ئه‌گه‌ر وڵاتێکی کوردیش له‌ دایک بێت به‌ مردوویی له‌ دایک ده‌بێت، له‌ برایانی کوردی خۆم داوا ده‌که‌م که‌ کڵاوی ئه‌و داوه‌ی بۆ ئه‌وان پان کراوه‌ته‌وه‌ نه‌چێته‌ سه‌ریان. من هیوادارام برایانی کوردم زۆر عاقڵانه‌ هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن و ناکۆکییه‌کان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

* گه‌وره‌ترین کێشه‌ی عێراق دوای داعش چی ده‌بێت؟

ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی نیشتمان گه‌وره‌ترین کێشه‌ی عێراقییه‌کان دوای داعشه‌، دووهه‌مین کێشه‌ ده‌ست گرتن به‌و سه‌رکه‌وتنانه‌یه‌ که‌ به‌ خوێنی هه‌زاران عێراقی به‌ ده‌ست هاتووه‌ و ده‌بێت به‌ره‌ی ناوخۆیی عێراقییه‌کان به‌هێز بکرێت و له‌ ناکۆکی دوور بکه‌وینه‌وه‌.

* هاوکاری ئه‌مریکا و عێراق دوای داعش چۆن ده‌بێت ئایا ئه‌مریکا دوای داعش له‌ عێراق ده‌مێنێته‌وه‌؟

عێراق به‌شێکه‌ له‌ جیهان و له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی جیهانیش بێجگه‌ له‌ ڕژیمی زایۆنی په‌یوه‌ندی باشی هه‌یه‌. ئه‌مریکا به‌شێکه‌ له‌ هاوپه‌یمانی دژه‌ داعش و ڕێککه‌وتنی له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌. عێراق مۆڵه‌ت به‌ هیچ وڵاتێک نادات له‌ سه‌ر خاکه‌که‌ی بنکه‌ی سه‌ربازیی دروست بکات، به‌ڵام پێشوازی له‌ ڕاوێژکاری سه‌ربازی ده‌کات. ئه‌مه‌ش ده‌بێت دوو لایه‌نه‌ بێت. ئێمه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی یارمه‌تی به‌غدایان داوه‌ سپاس ده‌که‌ین.

سوپای ئه‌مریکا پێشتر له‌ عێراق بوو، به‌ڵام دواجار به‌ پێی ڕێککه‌وتنێک ئه‌م وڵاته‌ی چۆڵ کرد و دیسانه‌وه‌ ناتوانێت بێته‌وه‌ بۆ عێراق. له‌ ئێستادا ئه‌مریکا به‌ شێوه‌یه‌کی کاتی له‌ عێراقدا ده‌مێنێته‌وه‌، دۆخه‌که‌ باشتر بوو خاکی عێراق چۆڵ ده‌که‌ن.

داعش هێشتا له‌ بڕێک ناوچه‌ی عێراقدا هه‌ن و دڵنیاشین که‌ داعش له‌ عێراق و سووریا و ناوچه‌که‌ به‌ره‌و کۆتایی ده‌ڕوات، ئێران و عێراق له‌موسڵ سه‌رکه‌وتن و سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی موسڵ نیگه‌ران نین.

ناردنی بۆچوون

2 + 9 =