سێلفی گرتن بووه‌ هۆی مه‌رگی لاوێکی سه‌قزی

ناسەی هەواڵ: 4030813 -
سێلفی گرتن به‌ موبایل بووه‌ هۆی کوژرانی لاوێکی ۳۶ ساڵانی سه‌قزی.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، عه‌لیڕه‌زا شیروانی سه‌رۆکی مانگی سووری ڕامسه‌ر له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕێکی ئێرانی وتی: لاوێکی ۳۶ ساڵانی سه‌قزی به‌ نای (ح.ن) له‌ ناوچه‌ی جه‌واهردێ له‌ کاتی وێنه‌ گرتن کوژراوه‌.

ناوچه‌ی جه‌واهردێ ده‌که‌وێته‌ باکووری ئێران و خه‌ڵک بۆ گه‌شتیاری سه‌ردانی ده‌که‌ن.

ئه‌م به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌ زیادی کرد: ئه‌م لاوه‌ کورده‌ به‌ هاوڕێی ۳ که‌سی دیکه‌ چوونه‌ته‌ به‌رزایه‌کی ۱۰۰ مه‌تری و ویستوویانه‌ سێلفی بگرن، به‌ڵام یه‌کێکیان له‌ کاتی سێلفی گرتنه‌که‌ ده‌ستی به‌ر ده‌بێت و بۆ ده‌ربه‌نده‌که‌ سه‌ره‌وخوار ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ست ده‌دات.

ئه‌و وتی: ئێمه‌ دوای ئاگادار بووه‌نه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌که‌ گه‌یشتینه‌  ناوچه‌که‌ و به‌ ئامێری تایبه‌ت ته‌رمی ئه‌و لاوه‌ کورده‌مان له‌ بن ده‌ربه‌نده‌که‌ ده‌رهاورد و ڕاده‌ستی پۆلیس و دادگای شاره‌که‌مان کرد.

سه‌رۆکی مانگی سووری ڕامسه‌ر زیادی کرد: سه‌ید سه‌لاحه‌دین حسه‌ینی له‌ قه‌وم و که‌سانی نزیکی ئه‌م لاوه‌یه‌، ئه‌ویش به‌ هۆی ئه‌م ڕووداوه‌وه‌ تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ بووه‌ و له‌ ئێستادا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شاری ڕامسه‌ره‌.

شایانی باسه‌ که‌ باکووری ئێران به‌ هۆی هه‌ڵکه‌وته‌ی جه‌غرافییه‌وه‌ ناوچه‌یه‌کی شاخاوی و دارستانییه‌ و ساڵانه‌ به‌ ده‌یان که‌س بۆ خۆشگوزه‌رانی و گه‌شت سه‌ردانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌که‌ن.

ناردنی بۆچوون

2 + 6 =