بەیانی ئەمڕۆ؛

مام جەلال تاڵەبانی گەیشتە تاران

ناسەی هەواڵ: 4026475 -
سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بەیانی ئەمڕۆ دووشەمە گەیشتە فڕۆکەخانەی تاران.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەیانی ئەمڕۆ دووشەمە ۱۹ی پووشپەڕ، مام جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لەسەر بانگهێشتی بەرپرسانی ئێران، هاتە تارانی پایتەخت.

بڕیارە مام جەلال لەم سەفەرەیدا بۆ تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئێران دیدار بکات.

ئەمە یەکەم سەفەری جەلال تاڵەبانی بۆ دەرەوەی وڵاتە دوای ئەوەی کە تووشی جەڵتەی مێشک بوو لە ساڵی ۲۰۱۲دا.

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران، لەبارەی سەردانەكەی مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بە PUKmediaی راگەیاند: سەردانەكەی سەرۆك مام جەلال بۆ ئێران كە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بگاتە تاران، ماوەیەكی زۆرە داواكراوەو كاری بۆ دەكرێت، بەڕێزییشیان رەزامەندی لەسەر سەردانەكە دەربڕیوەو پزیشكەكانیشی رێگەیان پێداوە ئەو سەردانە بكات كە بۆ پشووە.

نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران، وتیشی: بەپێی بەرنامەی سەردانەكەش كە لەلایەن سكرتاریەتی مام جەلال و كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دانراوە دوای گەیشتنی بۆ تاران، راستەوخۆ مام جەلال دەگوزارێتەوە بۆ شوێنی حەوانەوەیی و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە خۆیان بەدۆستی نزیكی دەزانن و خۆشیان دەوێت لەشوێنی حەوانەوەی سەردانی دەكەن، نەك مام جەلال سەردانی بەرپرسانی ئێرانی بكات.

رونیشیكردەوە: ماوەی گەشتەكەی مام جەلال زیاتر لەهەفتەیەك دەخایەنێت و بەستراویشەتەوە بەخواستی خۆیەوە كە چەند لەوێ بێمێنێتەوە، چونكە ئەوەندەی مام جەلال دەناسم، لە رابردودا هەركاتێك هاتبێتە تاران، دەرفەتی هەبووبێت لەدوای سەردانە رەسمییەكانی ماوەیەكی زیاتر ماوەتەوە.

نازم دەباغ ئاماژەی بەوەشدا گەشتەكەی مام جەلال ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری بۆ دەكرێت، لەو رۆژەوە كە مام جەلال نەخۆش كەوتوە چەندین جار باس لەوەكراوە كە ئەگەر مام جەلال پێیخۆشە سەردانی ئێران بكات، بۆ چارەسەر یان پشوو بێت، راشیگەیاند: ئەوەندەی ئاگادارم ئەو ماوەیە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە لەگەڵ جەنابی مام جەلال باسیان كردوە خۆشحاڵ بووە سەردانی ئێران بكات، دیارە سەردانەكەش رێزو خۆشەویستی بەرپرسانی ئێرانە بۆ سەرۆك مام جەلال، چونكە هەمیشە لەلایان جێی رێزو تەقدیر بووە.

ئەوەشی خستەڕوو: ئەوەندەی ئاگادارم لەسەردانەكەی مام جەلال-دا بۆ ئێران سكرتاریەتی هاوڕێیەتی دەكەن و ئاگادار نیم وەفدی لەگەڵ بێت، سەردانەكەش لەكاتێكدایە كە بارودۆخەكە ناسكە، بۆیە ناحەزان ئەو سەردانە بۆ مەرامی تایبەتی سیاسی خۆیانی دەقۆزنەوە، بەڵام سەردانەكەی سیاسی نیەو تایبەتیەو بۆ پشوو دیداری بەرپرسانی ئێرانە.

ناردنی بۆچوون

3 + 4 =