شاره‌زایه‌کی ئه‌مریکایی بۆ مێهر باسی دەکات؛

پەیوەندی ڕیفراندۆمی هه‌رێم و بەڵگەکانی بڕۆکینزی ئەمریکا

ناسەی هەواڵ: 4020819 -
کارتۆلۆچی دوای لێکدانه‌وه‌ی ئامانجه‌کانی پرسی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند که‌ کورد ده‌بێت له‌ ڕابردوو وانه‌ بگرێت.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی - په‌یمان یه‌زدانی: پارته‌کانی هه‌رێمی کوردستان ڕۆژی چوارشه‌ ۱۷ی جۆزه‌ردان پرسی به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستانیان له‌ ڕۆژی ۲۵ی سێپتامبه‌ر تاوتوێ کرد.

ئه‌م هه‌واڵه‌ ده‌نگۆی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ "ئانتۆنی کارتۆلۆچی" شاره‌زای ژئۆپۆلیتیکی ئه‌مریکی گفتوگۆیه‌کمان ئه‌نجام دا که‌ پێشه‌کش ده‌کرێت.

* سێرگەی سورویکین ڕایگه‌یاند که‌ کوردی سووریا و ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ داعش دانوستانیان هه‌بووه‌ تاکوو داعشییه‌کان بێ شه‌ڕ شاری ڕه‌قه‌ ڕاده‌ست بکه‌ن، ئایا ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟

ئه‌مریکا دانی به‌وه‌دا ناوه‌ که‌ ساڵی ۲۰۱۲ له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ بووه‌ که‌ وڵاتێکی سه‌له‌فی (داعش) له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا دروست بکرێت که‌ ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م وڵاته‌ کۆنترۆڵ کردنی ئێران و هاوپه‌یمانه‌کانی بێت، هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌کانی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی برۆکینز نیشانی ده‌دات که‌ ئه‌مریکا له‌ ساڵی ۲۰۰۹ له‌ دوای ئاڵۆز کردنی ناوخۆی سووریا بووه‌ تاکوو به‌ گه‌ماڕۆدانی سووریا به‌ جۆرێک ئێرانیش گه‌ماڕۆ بدات.

شه‌ڕه‌کانی سووریا په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ به‌ خواستی ئه‌مریکا بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئێران و ڕووسیا و چین له‌ جیهاندا. ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکا له‌ به‌رانبه‌ر داعش شه‌ڕ نه‌کات شتێکی سه‌یر نییه‌ چون داعش ده‌توانێت ئه‌م ڕۆڵه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت و شه‌ڕی بریکاری ئێران بۆ ئه‌مریکا بکات.

ئێسته‌ ئه‌مریکا هه‌وڵ ده‌دات تاکوو به‌ره‌یه‌کی کوردی به‌هێز له‌ ناوچه‌که‌دا دروست بکات که‌ به‌ ئه‌گه‌ری زۆر دوای سه‌ربه‌خۆ بوون ئه‌رکه‌کانی قورس تر ده‌بێته‌وه‌ و داوای ئه‌و خاکانه‌ ده‌کات که‌ ناکۆکی زۆری له‌ سه‌ر ده‌بێت، ئه‌م ناوچانه‌ باکووری عێراق و ڕۆژئاوای ئێرانیش ده‌گرێته‌وه‌. هه‌ر کارێک ئه‌مریکا له‌ داهاتوودا بیه‌وێت به‌ هاوکاری کورده‌کان له‌ دژی ئێران ئه‌نجامی بدات، هاوته‌ریب ده‌بێت له‌گه‌ڵ دژایه‌تییه‌کانی داعش له‌ به‌رانبه‌ر ئێران.

به‌ مانایه‌کی دیکه‌ دۆخی ئێسته‌ی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری سووریا به‌دی هاتنی پلانه‌کانی ئه‌مریکایه‌ که‌ ساڵانێکی زۆر نه‌خشه‌ی بۆ کێشاون و به‌ شه‌ڕی بریکاری جێبه‌جێی ده‌کات.

* کوردی سووریا زۆر دژی دیمەشق نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ دوای پڕچه‌ک کردنی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ سووریا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ که‌ کوردی سووریا شه‌ڕی دیمەشق ده‌کات؟

وشه‌ی کورد زۆر به‌ گشتی به‌ کار دێت، به‌ڵام خودی کورده‌کان چه‌ندین جه‌مسه‌رن که‌ هه‌ر یه‌که‌و هاوپه‌یمانی هێزێکی ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانین. ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ وردی ڕچاو بکرێت، ڕێبه‌رانی لێهاتووی کورد باش ده‌زانن که‌ به‌ڵێنی ئه‌مریکا بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ڕاست نییه‌ چون دواجار ئه‌مریکا ناچار ده‌بێت پشتی ده‌وڵه‌تی کوردی به‌ر بدات.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ که‌ کوردی سووریا که‌ هاوکاری ئه‌مریکا ده‌کات ده‌بێت له‌ لایه‌ن ده‌میشق و ڕووسیاوه‌ ئه‌رخه‌یان بکرێته‌وه‌ که‌ مافه‌کانیان مسۆگر ده‌بێت، ئه‌م کاره‌ش کراوه‌ به‌ڵام ده‌بێت زیاتر ئیشی بۆبکرێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت که‌ خواست و پیلانی ئه‌مریکاییه‌کان له‌ ناوچه‌که‌دا ئاشکرا بکرێت و خه‌ڵکی تێبگه‌ن که‌ ئه‌مریکا له‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی سوود ده‌بات. واتا ته‌نیا ده‌یه‌وێت شه‌ڕی بریکار به‌ کورد بکات.

ئه‌مه‌ ئاساییه‌ که‌ له‌م دۆخه‌دا کوردیش بیه‌وێت له‌ ده‌رفه‌ته‌کان به‌ پشتیوانی ئه‌مریکا سوود ببات، به‌ڵام ده‌بێت سووریا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ ڕێگه‌ی سیاسه‌تی کارامه‌ و دڵنیا کردنه‌وه‌ی کورده‌کان ڕێگه‌ نه‌ده‌ن که‌ له‌ گێژاوی ژئۆپۆلیتیکی ناوچه‌که‌ تێوه‌گلێن.

* واڵستریت ژورنال له‌ دانوستانی نه‌هێنی ئه‌مریکا و ڕووسیا بۆ دروست کردنی ناوچه‌ی که‌م ناکۆک بێ ئێران هه‌واڵی دا، ئایا ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟

له‌م ڕۆژانه‌دا جۆره‌ها هه‌واڵ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ که‌ به‌ڕاستی ڕوون نییه‌ که‌ ئایا بنه‌مایه‌کی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌یه‌. به‌ڵام ئاشکراشه‌ که‌ ڕووسیا به‌رده‌وام له‌ دوای ئه‌وه‌یه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا بکات، مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌م دانوستانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕووسیا به‌ جۆرێک مه‌شرووعیه‌ت به‌ هێرش سه‌ربازییه‌کانی خۆی له‌ سووریا بدات و دوای سه‌رنه‌که‌وتنی هه‌ر دانوستانێک هێرشێکی قورس تر بکاته‌ سه‌ر ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.

* هه‌رێمی کوردستانیش ۲۵ی سێپتامبه‌ر ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه‌ ده‌بات، ڕای ئێوه‌ له‌مباره‌وه‌ چییه‌؟

ئه‌و پارته‌ کوردیانه‌ی که‌ زۆر نزیکن له‌ ئه‌مریکا لایان وایه‌ که‌ سه‌ربه‌خۆیی ئاشتی و په‌ره‌سه‌ندن بۆ ئه‌وان وەبەر دێنێت. عێراق دژی ئه‌م بابه‌ته‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌بیرتان بێت ئه‌مریکا یه‌که‌م وڵاتێک بوو که‌ سه‌ره‌تا پشتیوانی لە سەدام کرد، دواجار خودی ئه‌مریکا هێرشی کرده‌ سه‌ر به‌غدا و سه‌دام و کوڕه‌کانی کوشت. کوردی عێراق ده‌بێت له‌م مێژووه‌ وانه‌ وه‌ربگرن.

ناوچه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی داخراو له‌ ڕووی بازه‌رگانییه‌وه‌ زۆر لاوازه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت چاوی له‌ پشتیوانی کردنی ئه‌مریکاییه‌کان بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ی که‌ تاکوو چه‌ند به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌گه‌ن خۆی بابه‌تێکی دیکه‌یه‌. سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به‌ مانای ناکۆکی و بۆشایی زیاتر له‌ ناوچه‌که‌ و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نوێ ده‌بێت. ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ بۆ ئه‌مریکا خۆش ده‌کات تاکوو له‌ ڕێگه‌ی کوردستانه‌وه‌ شه‌ڕی به‌ وه‌کاله‌تی ئێران بکات، ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مریکا ته‌نیا کاتێک ڕازی به‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌بێت که‌ کورده‌کان تێچووی ئه‌م بابه‌ته‌، واتا دژایه‌تی کردنی ئێران له‌ ناوچه‌که‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

وه‌ک وتم ساڵی ۲۰۰۹ ناوه‌ندی برۆکینگز ئاماژه‌ی داوه‌ که‌ ئه‌مریکا بۆ دژایه‌تی کردنی ئێران ده‌توانێت له‌ هێزه‌ کوردییه‌کان، به‌لوچ و عه‌ره‌ب یارمه‌تی وه‌ربگرێت و بنکه‌ی ئه‌من له‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ وه‌ک سووریا و عێراق و تورکیا و پاکستان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دابین بکات.

ناردنی بۆچوون

1 + 14 =