یادداشتی نێونه‌ته‌وه‌یی؛

ملەی دژواری بەردەم هه‌رێم و به‌غدا لە دوای داعش

ناسەی هەواڵ: 4019726 -
ئۆپراسیۆنی گه‌وره‌ی موسڵ ئه‌گه‌رچی به‌ ئاماده‌ بوونی حه‌شدی شه‌عبی سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی چاوه‌ڕوان کراو بوو، ئه‌مڕۆ له‌ دوای ئازادبوونی شاره‌که‌، داهاتوویه‌کی دژوار له‌ به‌رپێدایه‌ و پێویستی به‌ یه‌کگرتووییه‌.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی - محه‌مه‌د قادری: شاری موسڵ ناوه‌ندی پارێزگای نه‌ینه‌وا و دواین سه‌نگه‌ری فه‌رمی ژێر کۆنترۆڵی داعش دواجار پێنج شه‌مه‌ی ڕابردوو له‌ دوای هه‌شت مانگ شه‌ڕ له‌ نێوان تیرۆریسته‌کانی داعش و هێزه‌کانی عێراق ئازاد کرا. ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ گه‌وره‌ له‌ ۱۶ی ئۆکتۆبه‌ری ۲۰۱۶ و به‌ فه‌رمانی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ده‌ستی پێ کرد، ئه‌گه‌رچی تێچووی زۆری دارایی و مه‌عنه‌وی بۆ خه‌ڵکی عێراق هه‌بوو، به‌ڵام له‌ کۆتاییدا به‌ سه‌رکه‌وتن به‌ ئه‌نجام گه‌یشت و به‌ دڵنیایه‌وه‌ کاریگه‌ری له‌ سه‌ر ئاڕاسته‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌کانی داهاتوو له‌ ناوچه‌که‌دا ده‌بێت.

ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ گه‌وره‌ له‌ هه‌مان سه‌ره‌تاوه‌ به‌ ئاماده‌ بوونی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستی پێ کرد و سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی ڕوون بوو، به‌ڵام ئاسته‌نگی ناوخۆیی و بیانی زۆری بۆ دروست کرا، به‌غدا سوور بوو له‌ سه‌ر ئازاد کردنی موسڵ و هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ تاکوو کۆتایی ئۆپراسیۆنه‌که‌ درێژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌کانی خۆی دا.

ئه‌م ڕووداوه‌ گرنگه‌ هه‌ڵبه‌ت به‌ مانای کۆتایی هاتن به‌ شه‌ڕه‌کانی موسڵ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ که‌ ئیدی هیچ ناوچه‌یه‌ک له‌ ژێر ده‌ستی داعش نییه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش زه‌ربی کوشه‌نده‌ له‌ جه‌سته‌ی تیرۆریسته‌کان ده‌دات، چون ئه‌م شاره‌ له‌ ڕوویی سیاسی و هه‌ڵکه‌وتی جۆغڕافییه‌وه‌ گرنگییه‌کی ستراتیژی زۆری هه‌یه‌.

له‌مه‌ به‌دوا چی دیکه‌ تیرۆریسته‌کان ناتوانن وه‌ک ڕابردوو به‌ تێپه‌ڕاندنی ماوه‌ی کورتی نێوان موسڵ تاکوو به‌غدا، پایته‌ختی عێراق به‌ هێرشی تیرۆریستی بکه‌نه‌ ئامانج. هه‌روه‌ها له‌ ده‌ست دانی موسڵ ده‌بێته‌ هۆی له‌ کیسچوونی ته‌واوی وره‌ی ڕێکخراوه‌یی و سه‌ربازیی داعشییه‌کان و ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری له‌ سووریاش ده‌بێت، ئه‌وان باش ده‌زانن دره‌نگ یان زوو پایته‌خته‌که‌ی دیکه‌شیان (ڕه‌قه‌) له‌ سووریا هه‌ر ئه‌م چاره‌نووسه‌ی ده‌بێت.

پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌وڵی هێزه‌کانی عێراق له‌ حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ بیگره‌ تاکوو سوپا و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ بۆ لێدانی که‌له‌ی ئه‌فعی کاتێکی زۆری پێویسته‌ که‌ له‌م یادداشته‌دا ده‌رفه‌تی نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئاوڕێک له‌ فه‌وزای ئێستا و گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که‌ و عێراقی دوای داعش ده‌ده‌مه‌وه‌:

عێراق له‌ دوای داعشه‌وه‌

۱ـ به‌ هۆی ئه‌وپه‌ڕی پیسی، تیرۆریسته‌کانی داعش له‌و ماوه‌ی که‌ شاره‌ جۆراجۆره‌کانی عێراق، به‌ تایبه‌ت موسڵیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، له‌ ئێستادا ئه‌م شارانه‌ وێرانه‌یه‌ک زیاتر نین که‌ ده‌وڵه‌ت ده‌بێت هه‌موو توانی خۆی بۆ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی شاره‌کان ته‌رخان بکات. ئه‌م بابه‌ته‌ له‌و ڕووه‌وه‌ گرنگه‌ که‌ هێزی ناکۆک و دژ به‌ یه‌کگرتوویی عێراق سه‌رقاڵی چالاکین و له‌ ئه‌گه‌ری درێژه‌کێشانی پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانی، خه‌ڵک له‌ به‌غدا بێ هیوا ده‌که‌ن.

۲ـ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق به‌ یارمه‌تی خه‌ڵک نابێت بابه‌ته‌که‌ به‌ ته‌واو بوو له‌ قه‌ڵه‌م بدات، به‌ڵکوو ده‌بێت له‌ هه‌موو توانی خۆی بۆ ڕیشه‌کێش کردنی تیرۆر و پشتیوانه‌کانی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ سوود ببات تاکوو گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری له‌مه‌ش ڕانه‌وه‌ستێت، بابه‌تێک که‌ ئاسانیش نییه‌. ئه‌م خاڵه‌ کاتێک گرنگی خۆی نیشان ده‌دات که‌ تێبگه‌ین شاری موسڵ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی ۲۴ کاتژمێر ڕاده‌ست کرا ئه‌ویش به‌ خه‌یانه‌تی که‌سانێکی حوکومی ئه‌نجام بوو.

۳ـ عێراقی دوای داعش به‌ تاکید له‌ چاودێڕی دوژمنه‌کانی ڕزگاری نابێت و ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پیلانی دژایه‌تی کردنی به‌غدا و خه‌ڵکی عێراق. به‌ تایبه‌ت ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ ئیش کردنی ئه‌مانه‌ له‌ سه‌ر که‌مینه‌ مه‌زهه‌بی و ئێتنیکییه‌کانی عێراق بکه‌ین. هه‌روه‌ها هاوکات ناشرین کردنی که‌سانی دڵسۆزی عێراق. دزه‌ کردنه‌ ناو به‌شێک له‌ سونه‌کان و شیعه‌کان و ناشیرین کردنی حه‌شدی شه‌عبی به‌شێکه‌ له‌م پیلانه‌ی که‌ له‌ دژی به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

۴ـ پشتیوانه‌ ناوچه‌یی و جیهانییه‌کانی تیرۆر، ئێستا (به‌ تایبه‌ت له‌ عێراق) له‌ ئاستی کاریگه‌ری لێدوانی مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌ به‌ باشی تێگه‌یشتوون، به‌م پێیه‌؛ بێ گومان یه‌کێک له‌ گرنگ ترین ئامانجه‌کانیان گورز وه‌شاندن له‌م که‌سایه‌تیانه‌یه‌ که‌ هه‌وێنی یه‌کگرتوویی و سه‌ربه‌زیی وڵاتن. وه‌ک له‌ ڕابردووشدا دیمانه هه‌ر کات پیلانی دوژمنه‌کان بۆ لاواز کردنی مه‌رجه‌عیه‌ت و سڕینه‌وه‌ی کاریگه‌ری لێدوانی ئه‌وان بووه‌، ئاستی یه‌کگرتویی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ناوخۆی عێراق دابه‌زیه‌وه‌ و بێ گومان ڕێژه‌ی لاوزییه‌کانی به‌رز بووه‌ته‌وه‌.

۵ـ یه‌کێک له‌ گرنگ ترین ئامانجه‌کان که‌ له‌ هه‌مان سه‌ره‌تای شه‌ڕی بریکاری له‌ ناوچه‌که‌ و به‌ تایبه‌ت عێراق و سووریا له‌ لایه‌ن پشتیوانه‌کانی تیرۆریسته‌کانه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌مریکا و ڕژیمی زایۆنی، پلانی بۆ داده‌ڕێژرا، پیلانی دابه‌ش کردنی ناوچه‌که‌ بووه‌ که‌ له‌ ده‌وڵه‌تی ئۆباما به‌ دیاریکراوی له‌ لایه‌ن جۆ بایدنه‌وه‌ باسی ده‌کرا.  ئه‌م سیناریۆیه‌ ئێسته‌ که‌ تیرۆریسته‌کان له‌ عێراق و سووریا شکستیان هێناوه‌، له‌ کاناڵی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان له‌ حاڵی جێبه‌جێ بوون دایه‌ و له‌ ئێستادا زیاترین ئاسته‌نگی بۆ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی دروست کردووه‌.

دواین قسه‌ش ئه‌مه‌یه‌ که‌ عێراقی دوای داعش ملەیەکی زۆر دژوار و ترسناکی لەبەردەم دایە که‌ ده‌بێت به‌ یه‌کگرتویی و یه‌کدڵی و پاڵدانه‌وه‌ به‌ توانی ناوخۆیی بەسەر ئەم ملەیەدا سەرکەون.

ناردنی بۆچوون

1 + 15 =