بۆ تۆڵە سەندنەوە لە تیرۆریستانی داعش؛

سوپای پاسداران له‌ کوردستانه‌وه‌ سووریای مووشه‌ک باران کرد

ناسەی هەواڵ: 4008477 -
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگه‌یاند که‌ له‌ وڵامی هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر تاران بنکه‌ و باره‌گاکانی ئه‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ی له‌ ده‌یره‌زووری سووریا مووشه‌ک باران کردووه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگه‌یاند که‌ له‌ وڵامی هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر تاران، بنکه‌ و باره‌گاکانی ئه‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ی له‌ ده‌یره‌زووری سووریا مووشه‌ک باران کردووه‌.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی سوپای پاسدارانی ئێراندا هاتووه‌: دوابه‌دوای هێرشه‌ تیرۆریستییه‌کانی ۱۷ی جۆزەردان تاران که‌ بووه‌ هۆی شه‌هید بوونی ۱۸ شارۆمه‌ندی ئێرانی، ڕامانگه‌یاند که‌ ڕژانی هیچ خوێنێکی بێ تاوان بێ وڵام ناهێڵینه‌وه‌.

له‌ درێژه‌دا هاتووه‌: سوپای پاسدارانی ئێران چه‌ند خوله‌ک به‌ر له‌ ئێستا بنکه‌ و باره‌گاکانی داعش و چه‌ند شوێنێک که‌ بۆ دروست کردنی ئۆتۆمبیلی بۆمب ڕێژکراو به‌ کار ده‌هات له‌ شاری ده‌یره‌زووری سووریا کردووه‌ته‌ ئامانج و گورزێکی کاریگه‌ری له‌ گرووپی تیرۆریستی داعش داوه‌.

هه‌روه‌ها له‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا ئاماژه‌ کراوه‌: که‌ چه‌ندین مووشه‌کی نێوان بڕی ئێرانی له‌ پارێزگای کوردستان و کرماشانه‌وه‌ له‌ بنکه‌ و باره‌گاکانی داعش گیراوه‌. ڕاپۆرته‌کان نیشانی ده‌ده‌ن که‌ گورزی زۆر کوشندە له‌ تیرۆریسته‌کانی داعش دراوه‌.

سوپای پاسداران له‌ کۆتاییدا هاوردوویه‌تی: ئه‌مه‌ په‌یامێکی ته‌واو ڕوون و ئاشکرا بۆ تیرۆریسته‌کانی داعش و هه‌موو دوژمنانی ئێرانه‌، گه‌ر بچووک ترین گورز له‌ وڵاتی ئێمه‌ و شارۆمه‌ندانی ئێمه‌ بدرێت به‌م شێوه‌یه‌ و به‌ سه‌ختی وڵامیان ده‌دینه‌وه‌ و هیچ هێزێک ناتوانێت به‌ر به‌ وڵامدانه‌وه‌ی ئێمه‌ بگرێت. ئێمه‌ سوێندمان خواردووه‌ به‌ گیانی خۆمان سنووره‌کان و خه‌ڵکی ئێران بپارێزین.

ناردنی بۆچوون

5 + 0 =