مامۆستایه‌کی زانکۆ:

پڕچه‌ک کردنی کورد تاکتیکی ئه‌مریکا بۆ دابه‌ش کردنی سووریایه‌

ناسەی هەواڵ: 4004366 -
پڕۆفیسۆر نادر ئینتسار ڕایگه‌یاند که‌ سیاسیه‌تی ئه‌مریکا له‌ سووریا دابه‌ش کردنی ئه‌م وڵاته‌یه‌ و کوردی سووریا ده‌یه‌وێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ سوودی خۆی بقۆزێته‌وه‌ و وه‌ک په‌نجه‌ی ئه‌مریکایه‌.

ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی: پارته‌کانی هه‌رێمی کوردستان ڕۆژی چوارشه‌مه‌ ۱۷ جۆزه‌ردان ڕایانگه‌یاند که‌ ۲۵ی سێپتامبه‌ر ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.ئه‌م کۆبوونه‌وه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ چوو.ئه‌م گشت پرسییه‌ به‌ چاودێڕی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئه‌نجام ده‌بێت و به‌ پێی قسه‌کانی به‌رپرسانی هه‌رێم ۲ بۆ ۱۰ ساڵ ده‌کێشێت تاکوو هه‌رێمی کوردستان سه‌ربه‌خۆ ببێته‌وه‌.

تاکو ئێسته‌ ئێران و تورکیا و به‌غدا و سووریا دژایه‌تیان له‌گه‌ل ئه‌م بابه‌ته‌ کردووه‌. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ سعوودیه‌ و ئیمارات پشتیوانیان لێ کردووه‌. هه‌روه‌ها له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ڕووسیا کوردی سووریا تۆمه‌تبار ده‌کات که‌ هاوکاری داعش ده‌که‌ن.

سه‌باره‌ت به‌م چه‌ند بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ نادر ئینتسار، مامۆستای زانکۆی ئالابامای ئه‌مریکا گفتوگۆیه‌کمان ئه‌نجام دا که‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت:

* فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی ڕووسیا له‌ سووریا ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ کوردی سووریا هاوکاری داعش ده‌کات تاکوو ڕه‌قه‌ بێ شه‌ڕ ئازاد بکه‌ن و داعشییه‌کانیش به‌ سه‌لامه‌ت له‌م شاره‌ بکشێنه‌وه‌ و به‌ره‌وه‌ پاڵمیرا بڕۆن، ئێوه‌ چی ده‌ڵێن؟

من له‌ سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌م که‌ ده‌وڵه‌تی ترامپ سیاسه‌تی گۆڕێنی حکومه‌ت له‌ سووریای گرتووه‌ته‌ به‌ر و به‌ ئه‌گه‌ری زۆر دابه‌ش کردنی سووریاش ئامانجی ئه‌مریکایه‌، بۆ ئه‌م کاره‌ش تاکتیکی زۆری گرتووه‌ته‌ به‌ر که‌ یه‌کێکیان پڕ چه‌ک کردنی کوردی سووریایه‌.

ئه‌مه‌ کارێکی تاکتیکیه‌ و ئه‌گه‌ر پڕ چه‌ک کردنی کوردی سووریا ئه‌مریکا به‌ ئامانجه‌که‌ی نه‌گه‌یه‌نێت ئه‌وه‌ ئه‌مریکا ڕه‌نگه‌ له‌م کاره‌ هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه‌. کورد له‌ سووریا ئێسته‌ حوکمی په‌نجه‌ی ئه‌مریکای هه‌یه‌، کورده‌کان لایان وایه‌ ده‌توانن ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ سوودی خۆیان بقۆزنه‌وه‌.

* تاکوو ئێسته‌ کوردی سووریا شه‌ڕی دیمه‌شقی نه‌کردووه‌، به‌ڵام له‌ دوای پڕچه‌ک بوون له‌ لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌، لێدوانه‌کانیان ڕوو له‌ دیمه‌شق به‌ ته‌واوی گۆڕاوه‌؟ ئه‌مه‌ چه‌ند کاریگه‌ری به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دیمه‌شقه‌وه‌ ده‌بێت؟

له‌ سووریا لایه‌نی زۆر هه‌یه‌ که‌ یاری ده‌که‌ن. هێڵی سه‌ره‌کی ئه‌مانه‌ش گۆڕێنی هاوپه‌یمانییه‌کانه‌ که‌ زۆر زوو زوو ده‌گۆڕدرێت، هێزه‌ کوردییه‌کان وه‌ک په‌نجه‌یه‌کی به‌هێز کاریگه‌ریان له‌م هاوپه‌یمانیانه‌دا هه‌یه‌ و که‌ڵکی لێده‌به‌ن، به‌ڵام کوردی سووریا ده‌بێت ئه‌مه‌ش بزانێت که‌ ڕه‌نگه‌ ڕۆژێک دۆخه‌که‌ بگۆڕدرێت.

* وال ئێستریت ژورنال ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌مریکا و ڕووسیا به‌ بێ ئێران سه‌رقاڵی دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ سووریان، ئایا ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟

من له‌ سه‌ر ڕاست بوونی ئه‌م هه‌واڵه‌ گومانم هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ به‌شێک له‌ هه‌واڵه‌ هه‌ڵه‌کانی ئه‌مریکا بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕاست بێت به‌م مانایه‌ که‌ ڕووسیا له‌ دوای ئه‌وه‌یه‌ تاکوو به‌ هه‌ر جۆرێک بووه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ سووریا زیاتر بکات و هاوپه‌یمانی ستراتیژی خۆی له‌گه‌ڵ ئێران که‌ باسی ده‌کات، که‌م بکاته‌وه‌.

ده‌بێت له‌ بیرمان هه‌بێت که‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌موو وڵاتان له‌ دوای زیاترین به‌رژوه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانن و ڕووسیاش له‌م بابه‌ته‌ به‌ده‌ر نییه‌. له‌مباره‌وه‌ لۆرد پالمێرستۆنی بریتانی ده‌ڵێت: وڵاته‌کان هیچ دۆست و دژمنێکی هه‌میشه‌یان نییه‌، ئه‌وان ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی هه‌میشه‌ییان هه‌یه‌.

* حزبه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ڕۆژی ۲۵ سێپتامبه‌ریان بۆ ڕیفراندۆم دیاری کرد، ئه‌مه‌ چۆن ده‌بینن بۆچی سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی ئێران، تورکیا و به‌غدا، هه‌رێم سووره‌ له‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌ بردنی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی؟

پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق به‌ سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعوود بارزانی ماوه‌یه‌که‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات. ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی کورد پشتیوانی لێ ده‌کات به‌ڵام زۆر که‌سایه‌تی کوردیش هه‌ن که‌ هێشتا دژایه‌تی ده‌که‌ن.

وڵاتانی ناوچه‌که‌ به‌ تایبه‌ت تورکیا و ئێران دژی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستانن و هه‌ر دوو لا به‌ تایبه‌ت تورکیا ڕێکاری زۆریان هه‌یه‌ تاکوو دژایه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ بکه‌ن، ئه‌وان ده‌توانن ئاسته‌نگ بۆ ئه‌م کاره‌ دروست بکه‌ن.

هه‌ڵبه‌ت دروست کردنی وڵاتێک پێداویستی تایبه‌ت به‌ خۆیی هه‌یه‌ و به‌ ئاسانی ناتوانین پیشبینی بکه‌ین که‌ دوای سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م وڵاته‌ ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت له‌ ڕێگه‌که‌ی خۆی یان نا.

ناردنی بۆچوون

2 + 3 =