ڕاپۆرتی تایبه‌تی مێهر؛

هه‌ڵوێستی جیهان له‌ به‌رانبه‌ر سه‌ربه‌خۆیی کوردستان

ناسەی هەواڵ: 4003559 -
سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی چه‌ندین وڵاتی جیهان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، ئیسرائیل و سعوودیه‌ پشتگیری ئه‌م بریاره‌یان کردووه‌ و بارزانیش ده‌ڵێت: دڵنیام بۆیه‌ ڕیسک ده‌که‌م.

ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردی عێراق بڕیاری دا به‌وه‌ی له‌  رۆژی ۲۵ی ئەیلوولی ۲۰۱۷ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە عێراق ئه‌نجام بدات، ئه‌م بڕیاره‌ قورس و گرینگه‌ هه‌رای ناوه‌ته‌وه‌ و کاردانه‌وه‌ی هه‌ندێ وڵاتی ناوچه‌که‌ و جیهانیشی به‌دواوه‌ بوو.

لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ۷ی مه‌ی ۲۰۱۷، مه‌سعوود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق، بڕیاردرا به‌ به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و ئه‌م بڕیاره‌ش ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان و پارێزگای که‌رکووکیش ده‌گرێته‌وه.

پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌ له‌ میدیا و رۆژنامه‌کانی عێراق، ناوچه‌که‌ و جیهان خێرا، کاردانه‌وه‌ و هه‌ڵوێست گرتنی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی عێراق و وڵاتانی دیکه‌ ده‌ستی پێکرد که‌ زۆربه‌یان جگه‌ له‌ ڕژێمی زایۆنی دژایه‌تیان له‌گه‌ڵ بڕیاری هه‌ولێر بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له‌ عێراق ده‌ربڕی.

ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق به‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌ک دژایه‌تی ته‌واوی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م بریاره‌ نیشان دا.

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا سەعد حەدیسی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق جەختی کرد چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر لە رێی دەستووری عێراقییەوە ده‌بێت.

لە بەیاننامەکەدا، حکوومەتی عێراق رایگەیاندووە:پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پەیوەندیی بە هیچ لایەنێکی دەرەکییەوە نییە، "پێويسته‌ رێگه‌ نه‌درێت هيچ لايه‌نێكى ده‌ره‌كى ده‌ستتێوه‌ردان بكات. "

هه‌روه‌ها زۆربه‌ی به‌رپرسانی باڵای عێراق، له‌ نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی عێراق تا سه‌رکرده‌ی حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ دژایه‌تی خۆیان به‌رانبه‌ر سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان ده‌ربڕیوه.

لای خۆیه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی تورکیاش به‌ توندی هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی کوردستان گرت و ڕایگه‌یاند که‌ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردی عێراق کارێکی هه‌ڵه‌یه.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ میانه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا ڕه‌خنه‌ی تووندی له‌ هه‌رێمی کوردستان گرت که‌ له‌ دوای به‌ڕێوه‌ بردنی ڕیفرۆاندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆییه.ئه‌م وه‌زاره‌ت خانه‌یه‌ هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ سه‌ر یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق کردووه.

جه‌خت له‌ سه‌ر یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌ له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ سوپای تورکیا به‌رده‌وامه‌ له‌ داگیرکاری باکووری عێراق و ئاماده‌ش نییه‌ خاکی ئه‌م وڵاته‌ چۆڵ بکات.

هاوکات کۆماری ئیسلامی ئێرانیش شێلگیرانه‌ له‌سه‌ر هه‌لوێسته‌کانی رابردووی به‌رانبه‌ر ئه‌م پرسه‌ وه‌ستا و به‌هرام قاسمی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند:هەرێمی کوردستان بەشێکە لە کۆماری عێراق و بڕیاری یەک لایەنە و بەدەر لە پێودانی نەتەوەیی و یاسایی، بە تایبەتی یاسای بنەڕەتی عێراق، لەم کاتە هەستیارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پلانڕێژی ئاژاوەخوازان بۆ درێژەدان بە  ناپاوەجێی لە عێراق ته‌نیا بۆ دروست کردنی کێشەی نوێیە لەم وڵاتەدا.

جەختیشی کرد: عێراقی یەکپارچە، پاوەجێ و دیمۆکراتیک، بەرژەوەندییەکانی سەرجەم گەلی ئەم وڵاتە بە هەموو ئیتنیک و مەزەبەکانەوە و ئێستا زیاتر لە هەموو کات عێراق پێویستی بە ئارامی و ویفاقی نیشتیمانی هەیە و ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغداش دەبێ بە گفتوگۆ و بە گوێرەی یاسای بنەريتی چارەسەر بکرێن.

دواتر ئه‌مریکا و کۆشکی سپی هه‌ڵویستیان به‌رانبه‌ر ئه‌م پرسه‌ نواند و دژایه‌تی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق راگه‌یاند.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: وڵاتەکەی  لە "خواستەکانی کورد" بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم تێدەگات. بەڵام جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق دەبێتە هۆی "پەرتبوون"ی بەرەی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

هه‌روه‌ها نیگەرانیی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕی و داوای لە هەرێمی کوردستان کرد له‌بری ئه‌وه‌ی فوکوس لەسەر بەڕێوەبردنی ریفراندۆم بکات، کێشەکانی وه‌ک شەڕی دژ بە داعش، پرسی ئابووری و بژێوی خه‌ڵک و پرسی په‌نابه‌ران و هتد چاره‌سه‌ر بکات.

سیگمار گابریێل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش دوو ڕۆژ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی بڕیاری ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له‌ عێراق، لە بەیاننامەیەکدا داوای کرد هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ و دانوستاندن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و هه‌رێم هیچ هەنگاوێکی تاک لایه‌نه‌ لەبارەی سەربەخۆییەوە هه‌ڵنه‌گرێت.

یه‌کێتی ئه‌ورووپاش هۆشداریی به‌ هه‌رێمی کوردستان دا که‌ به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و هه‌نگاوی یه‌کلایه‌نه‌ی هه‌ولیر بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق، پاشهاتی نه‌رێنی ده‌بێت.

وته‌بێژیکی یه‌کیتی ئه‌ورووپا له‌مباره‌وه‌ وتوویه‌تی: ئیستا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراق و هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ یه‌کگرتوو بن و بۆ جێگیرکردنی پاوه‌جێی له‌ وڵاته‌که‌یان هه‌وڵ بده‌ن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌کێتی ئه‌ورووپا داواشی کردووه‌ که‌ هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق کێشه‌ و ناکۆکییه‌کانیان به‌ گوێره‌ی یاسا چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

فرانک بیکر باڵوێزی بریتانیا له‌ عێراق به‌ ئاماژه‌ به‌ دیاری کردنی کاتی به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان وتی: ئێستا کاتێکی گونجاو نییه‌ بۆ ئه‌م کاره‌ و ده‌بێ بڕیاردان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌جوونی سه‌ربه‌خۆیی به‌ هاوکاری به‌غدا بێت.

ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ وه‌زیری پێشووی ناخۆی ئیسرائیل پشتیوانی ته‌واوی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم و جیابوونه‌وه‌ی کوردستان له‌ عێراق کردووه و داواشی کردووه‌ تێلاڤیڤ پستیوانی هه‌رێمی کوردستان بکات. ‌

له‌مباه‌وه‌ هه‌واڵده‌ریی ئه‌خبارولعێراق نووسی، جه‌عدون ساعر، وه‌زیری پێشووی ناوخۆی ئیسرائیل پشتیوانی له‌ بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان کردووه.

هەروه‌ها عەنان وەهبی، ڕاوێژکاری کاروباری ئاسایشی ئیسرائیل بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بیرۆکەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان پێویستە پشتیوانی لێ بکرێت و لە قازانجی ئیسرائیلیش دەبێت.

پێشتر لە چەند شوێن و کاتێکی جیاوازدا بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئیسرائیل، پشتیوانییان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاندووە و داوایان لە بەرپرسانی وڵاتەکەیان کردووە، پشتیوانی لە ڕیفراندۆم بکەن.

سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌کی کوردی له‌ یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ ئالی سعوود و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق له‌ پێناو دابین کردنی بنکه‌ی سه‌ربازی هه‌واڵی داوه.

ئه‌لعاله‌می جه‌دید له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌کی کوردیه‌وه‌ ئاشكرای کرد: مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ لایه‌ن عه‌ربه‌ستان، ئه‌ردۆن و ئیمارات بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق هاوکاری ده‌کرێت و له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا به‌ڵێنی داوه‌ ڕێگه‌ به‌ ده‌ستێوه‌ردانی تورکیا و ئێران له‌ ناوچه‌که‌دا نه‌دات.

ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ که‌ نه‌یویست ناوی ئاشکرا بێت وتوویه‌تی: عه‌ره‌بستان و هاوپه‌یمانه‌کانی مه‌رجی ئه‌وه‌یان داناوه‌ که‌ له‌ پێناو پشتیوانی کردن له‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌بێت له‌ هه‌ولێر و دهۆک بنکه‌ی سه‌ربازی دروست بکه‌ن.

ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ وتی: ڕێککه‌وتنی ئه‌منیه‌تی نێوان ڕیاز و هه‌ولێر بوونی هه‌یه‌ و به‌ سه‌دان هێزی سه‌ربازی سعوودیە، ئه‌ردۆن و ئیماراتی له‌ ئێستادا له‌ هه‌ولێر و دهۆک له‌ ژێر ناوی ڕاوێژکاری سه‌ربازی ڕاهێنان به‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن.

ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ به‌کارهێنه‌رانی ئینترنتی سعوودیه‌ له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌ بەرفراوانی پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن.

پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌موو هه‌رایه‌ سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ زۆربەی كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی ریفراندۆمی كوردستانه‌وه‌ ئەرێنین.

ئومێد سەباح وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند كه‌ هیچ وڵاتێک دژایه‌تی مافی گەلی کورد ناکات، به‌ڵكوو  تەنیا چەند وڵاتێک تێبینیان لەسەر کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم هەیە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ریسک بە چارەنووسی گەلی کوردستانی عێراقەوە ناکات و تا دڵنیا نابێت باس لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم ناکات.

مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان  له‌ گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیدا ده‌ڵێت: باوەڕی تەواوی هەیە گەلی کوردستان بەسەر قەیران و کێشەکاندا سەردەکەوێت.

مەسعود بارزانی دڵنیایی خۆی لەوە نیشان دا، کە پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان سەردەکەوێت.

دەشڵێت: "ئەگەر بە تەواوەتی دڵنیا نەبم لەوەی بابەتی سەربەخۆیی، شتێکی جدییە و بەرهەمی دەبێ، چۆن موجازەفە (ریسک) بە چارەنووسی میللەتی کورد دەکەم؟ ."

ناردنی بۆچوون

6 + 1 =