ڕاپۆرتی تایبەتی مێهر؛

کوردەکان پێشەنگی شەڕ لەگەڵ داعش

ناسەی هەواڵ: 4002975 -
لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ڕۆژاواییەکانەوە، کورد لە وڵاتانی عێراق و سووریا هاتە ڕیزی پێشەوەی شەڕ لەگەڵ ئەم دیاردە دزێوە.

هەواڵدەریی مێهر- بەشی نێودەوڵەتی؛ ئارمان نەسروڵڵاهی: زۆر نییە کە چەتەکانی داعش لە قەبارەی گرووپێکی تیرۆریستیدا سەریان هەڵداوە و ناوچەکەیان نائەمن کردووە و لە سەرەتای چالاکی ئەم گرووپەوە تا ئێستا، کوردەکان پێشەنگی شەڕ لەگەڵ ئەم گرووپەن و لەم ڕێگایەدا هەزاران شەهیدیان داوە و ئەم بەرەنگارییەش ئێستا چووتە سەنگەرێکی دیکەوە و هێشتاش هەر بەردەوامە.

ڕەنگە هەر لە سەرەتای هاتنی داعشەوە بوو کە کوردەکانی عێراق و سووریا بوونە ئامنجی خەست ترین هێرشەکانی داعش و بێ گومان مێژوو هیچ کات جەنایەتی  ئەم جەلادانە لە شەنگال و کۆبانی و ئەنفال کردنی هەزاران کورد لە بیر ناکات.

 ئەمڕۆ ئەگەر بڕیار بێت نمانە و وێنەیەک لە بەرخۆدانی ئەم نەتەوە لە بەرانبەر ستەمدا نیشان بدەین بێ گومان دەبێ بچینە خزمەتی ژنان و کچانی کۆبانی کە بێ هیچ چەکێکی پێشکەوتوو تەنیا بە ئیمان و بڕاوی قەلبی چوونە بەرەی شەڕ لە دژی ئەم جەلادانە و بۆ هەتا هەتایە ناوی خۆیان لە دڵی مێژوودا بەرزکردەوە.

شێوەی بەرەنگاری کوردەکان لەگەڵ داعش سەرەنجڕاکێشە و لە حاڵێکدا کە کوردەکان لە عێراق، سووریا و تەنانەت تورکیا لە هێڵی تەماسی شەڕدان، کوردەکانی ئێران و دیکەی کوردەکانی جیهان یارمەتی داراییان بۆ پشتیوانی لە بەرەی شەڕی دژە داعش کۆ کردەوە.

کاتێک کە پڕوپاگەندەی بەرفراوانی داعش بۆ ڕاکێشانی هێز لە ناوچە سوننە نشینەکانی ئێران بە تایبەتی کوردەکان بە تەواوەتی شکستی هێنا و ئەوان لەم بوارەدا سەرنەکەوتن ئەم جارە شێوەی کاری خۆیان گۆڕی و بە ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆر کەم لە کەسانی خۆفرۆش دەستیان دایە کردەوەی تیرۆریستی لە تاران بەڵکوو لەم ڕێگایەوە زەبر لەناوی ئەم نەتەوە گەورەیە بدەن.

 کەڵک وەرگرتن لە چەند خۆفرۆشی کورد لە ڕووداوی تیرۆریستی تاران لە لایەک و هەروەها بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک بە زمانی کوردی ئەویش بۆ یەکەمین جار لە لایەن گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەکی دیکەوە دەیسەلمێنێت کە ئەم جارە بۆنی پیلانێکی نوێ دێت و داعش بە پشتیوانی دەزگای سیخوڕی وڵاتانی ڕۆژاوایی و سعوودییەکان دەیەوێت ناوی ئەم نەتەوە ڕەسەنە خراپ بکات. 

شکست هێنانی دووبارەی داعش و پشتیوانەکانی لە ناوچەکە جارێکی دیکەش لەم بەشەدا دەرکەوت و بەداخەوە هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانە، رۆژاواییەکان بە دۆلاری سعوودیە قۆڵیان هەڵماڵیوە و دەیانەوێت وڵاتی عێراق دابەش بکەن و وەک یەکمایەتی خۆیان خستوویانەتە بەرنامەی کارەکانیان بۆ ئەوەی بەشێک لە شکستەکانی ئەم دواییانەیان لە ناوچە قەرەبوو بکەنەوە.

 شرۆڤەی ئەم ڕاستیە لە لایەن هەواڵدەریی مێهر سەبارەت بە تێوەگلانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنیزم، ئەمریکا و عەرەبستانی سعوودی لە پڕۆژەی دابەش کردنی عێراق، کە بە مەبەستی پشتیوانی لە مێژوو و شارستانیەتی نەتەوەی ڕەسەنی کورد بوو،کاردانەوەی هەندێ لایەنی خەناسی بەدوادابوو و ئەم بابەتە بووە دەسمایە بۆ گەیشتن بە دیکەی ئامانجەکانیان.

ڕاپۆرتی شرۆڤەیی هەواڵدەریی مێهر، وێڕای شرۆڤەکردنی دۆخی ئێستای ناوچەکە بۆ بەرگری لە نەتەوەی ڕەسەنی کورد بوو و هەروەها هۆشداریی دابوو کە نابێ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە جارێکی دیکە تێچووی بۆ کورد ببێت بەلام بە داخەوە هەندێ کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵیان دا لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن و کاردانەوەی ئیحساسیان بوو.

 کوردەکان وەک یەکێک لە ڕەسەن ترین نەتەوەکانی ئێران هەمیشە لە قەبارەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا یەکپارچەیی وڵات بۆیان هێڵی سوور بووە و سنوورپارێزانی بەغیرەت بوونە کە تابلۆی دلێری و گیان فیدایی ئەم نەتەوە ئێرانیە لە هەشت ساڵ بەرەڤانی پیرۆز لە دوو بەرەی بەرەنگاری لەگەڵ دژە شۆڕش و ڕژێمی بەعسی عێراق بۆ هەمیشە لە مێژوویدا دەمێنێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر کە وەک یەکەمین هەواڵدەریی لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێناو یارمەتیدان بە پەرەسەندنی فەرهەنگی کوردی لە جیهان ساڵی ۱۳۹۳ی هەتاوی بەشی زمانی کوردی کردەوە، بەردەوام  بەرانبەر بە فەرهەنگ، شارستانیەت و تایبەتمەندییەکانی ئەم ئیتنیکە هەستی بە بەرپرسیارێتی کردووە و دەیکا و لەم پێناوەشدا دوای بینینی کاردانەوەکان بەو ڕاپۆرتە، بۆ نەهێشتنی هیچ جۆرە خراپ تێگەیشتنێک، مانشێتەکەی گۆڕی.

 بێ گومان ئەمڕۆ ناوچە کوردنشینەکان لە ژێر سێبەری نیزامی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو پەڕی سەربەرزی، ئاسایش و هێزدان و بە بەرەکەتی ئامادەبوونی هەمیشەیی خەڵک لە گۆڕەپانەکاندا، پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ بووەتەوە و گومان لەوەشدا نییە کە ئامادەبوونی خەڵک جارێکی دیکەش پیلانە نوێیەکانی دوژمنان شیتاڵ دەکاتەوە.

ناردنی بۆچوون

8 + 5 =